ئەو ریكۆردانەی شكاندیان مەحاڵە

10:26 - 2022-11-30
وەرزش
394 جار خوێندراوەتەوە
دیان ستانكۆڤیچ

لەركابەری و دوا یارییەكانی 21 مۆندیالی رابردوودا، دەیان ئامار و ریكۆرد تۆماركراون، بەڵام چەند ریكۆردێكی نایاب و ناوازە هەن كە شكاندنیان قورسەو بەزەحمەت تێكدەشكێنرێن.

یاریكردن بۆ سێ هەڵبژاردەی جیاواز
لەیاساو رێنماییە نوێیەكانی یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێدا هاتووە، ئەگەر هەر یاریزانێک هەڵگری دوو رەگەزنامە یان زیاتر بێت، دەتوانێت تەنیا یاری بۆ یەك هەڵبژاردە بكات، بەڵام دیان ستانكۆڤیچ جیاواز لەم بڕیارە، لەسێ مۆندیالی جیاجیادا لەگەڵ سێ هەڵبژاردەی جیاواز یاریی كردووە، ئەم ئاماراەش ئەستەمە هیچ یاریزانێك بتوانێت بیشكێنێت.
لەمۆندیالی 1998 دیان لەگەڵ هەڵبژاردەی یوگلاسلاڤیا بەشداربووە، دوای هەڵوەشانەوەی یوگسلاڤیا یاریزانی ناوبراو لەمۆندیالی 2006 بۆ سربیا یارییكردووە، پاشان لەمۆندیالی 2010 بۆ هەڵبژاردەی  مۆنتینیگرۆ یاریی كردووە.

گەوهەری رەش و سێ نازناو
پێڵێ یەكێكە لە ئەفسانەكانی تۆپی پێی بەرازیل و جیهان، بەگەوهەری رەش ناسراوە، لە ژیانی یاریكردنیدا خاوەنی چەندین ریكۆردی ناوازەیە، یەكێك لە ریكۆردەكانی شكاندنی مەحالە، ئەویش ئەوەیە پیلێ تاكە یاریزانە توانیویەتی جامی سێ مۆندیال بەرز بكاتەوە كە هەریەك لەمۆندیالەكانی 1958ی سویدو 1962ی چیلی و 1970ی مەكسیك-ە بووە، ئەوەتا هیچ یاریزانێكی بەشداری ئەم مۆندیالەی قەتەر – 2022، خاوەنی دوو جامی مۆندیالیش نین.

 بەتەمەنترین یاریزان
لەمێژووی دوا یارییەكانی مۆندیالدا بەتەمەنترین یاریزان كە بەشداریی دوا یارییەكانی مۆندیالی كردووە، عسام ئەلحەزری گۆڵچی ئاست بەرزو دیاری هەڵبژاردەی میسرە، لەمۆندیالی 2018ی روسیا بەشداریكرد كاتێك تەمەنی 45 ساڵ و 161 رۆژ بوو، تائێستا هیچ گۆڵچییەك یان یاریزانێك بەو تەمەنە لەمۆندیالدا نەیتوانیوە بەشدار بێت، لەم مۆندیالەی قەتەردا بەتەمەنترین یاریزان تالا ڤیێرای گۆڵچی هەڵبژاردەی مەكسیك-ە كە تەمەنی 40 ساڵە.

گۆڵكەرێكی پیر
هەر سەبارەت بە تەمەنی یاریزانان، رۆجێ مێللای ئەستێرەی هەڵبژاردەی كامیرۆن، بە تەمەنترین یاریزانە كە توانیویەتی لەدوا یارییەكانی مۆندیالدا گۆڵ تۆماربكات، ئەویش لەمۆندیالی 1994 و لەتەمەنی 42 ساڵ و 39 رۆژ دا.

 ئۆتۆ ریهاگل
ئۆتۆ ریهاگل-ی ئەڵمانی لەمۆندیالی 2010 دا وەك راهێنەری هەڵبژاردەی یۆنان بەشدرایكرد، ئەو راهێنەرە لەو مۆندیالەدا هەرچەندە نەیتوانی بەبەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش و دیار ناوی لەمێژووی مۆندیال بنوسێتەوە، بەڵام لەڕووی تەمەنەوە ناوی چووە نێو لاپەرەكانی مێژوو، كاتێك بوو بە بەتەمەنترین راهێنەرەو لەتەمەنی 71 ساڵ و 317 رۆژیدا ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی یۆنانی لەئەستۆ گرتبوو.
لەم مۆندیالەی 2022 -ەی قەتەر-یشدا لویس ڤان گال-ی راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەتەمەنترین وراهێنەرە و تەمەنی 71 ساڵ و 104 رۆژە و سەرەڕای نەخۆشی شێرپەنجە راهێنەری وڵاتەکەیەتی.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان