ستوونەکانی ئەفراندن

یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی بۆشایی ئاسمان

11:18 - 2022-12-04
دووتوێ
535 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

تەلسکۆپی جەیمس وێب- لە مانگی رابردوودا یەکێک لە جوانترین دیمەن و دیاردەکانی بۆشایی ئاسمانی وێنەگرت و بڵاوکردەوە ئەویش دیمەنی ئەوەی پێیدەوترێت « Pillars of Creation» واتا ستوونەکانی ئەفراندن، ئەو دیاردەیە بریتییە لە هەڵمی سارد و چڕ لە گازی هێدرۆجین و خۆڵ لە کۆمەڵەی ئەستێرەکانی سیربز کە 6500 ساڵ رووناکی لە زەوییەوە دوورە.
لە رابردوودا هەموو تەلسکۆپە گەورەکان توانیبویان ئەو دیمەنە وێنەبگرن دیارترینیان تەلسکۆپی هاپڵ لە نێوان ساڵانی 1995-2014، بەڵام ئەوەی جەیمس وێب دیدگایەکی جیاوازی لەوانی دیکە پێشکەشکرد، چونکە ئەو تەلسکۆپە ئامێری هەستیاری تایبەت لەخۆدەگرێت بۆ تیشکی ژێر سوور و دەتوانێت رووناکییەکانی لەو گەردیلە و خۆڵەی ئەو ستوونانە دەبنەوە ببینێت و پشکنین بۆ چالاکی ئەستێرەکانی تازە دروستبوون بکات.

وێنەی ناوازە دەگرێت
لەو بارەیەوە مارک ماکوگرین گەورە راوێژکاری زانستی لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی دەڵێت: لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە توێژینەوەم لەو دیاردەیە کردووە و هەوڵمداوە نێوەندی ئەو ستوونانەی چەندین ساڵی رووناکی درێژەدەکێشن ببینم کە تەلسکۆپی هابڵ پێشکەشی کردبوو تاوەکو ئەستێرەی تازە خوڵقاوی تێدا بدۆزمەوە.
هەروەها دەڵێت: هەمیشە دەمزانی کاتێک تەلسکۆپی جەیمس وێب وێنەی دەگرێت ناوازە دەبێت هەر بەو جۆرەش بوو.
لە راستیدا ئەگەر بتوانیت بەشێوەیەکی جادوویی خۆت بگوێزیتەوە بۆ ئەو شوێنە رەنگە ئەو ستوونانە چیتر لەوێ نەمابن، چونکە ئێمە وەکو ئەوە وایە لە رابردوودا تەماشایان بکەین و ئەوەی تەلسکۆپەکە پیشانیداوین 6500 ساڵی رووناکی ویستووە تاوەکو لەڕێگەی ئاوێنەکانییەوە بگاتە ئێمە.

جەیمس وێب
شایەنی باسە تەلسکۆپی جەیمس وێب-ی بۆشایی ئاسمان تایبەتە بە ئاژانسی ناسا و ئاژانسی ئەوروپی و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی کەندی و لە 25 دیسەمبەری ساڵی 2021 هەڵدرا بۆ بۆشایی ئاسمان.
ئەم تەلسکۆپە لە چوارچێوەی فیزیای گەردوونیی و بۆشایی ئاسماندا کاردەکات و لە رووی وردی و هەستەوەرییەوە لە هابڵ باشترە، هەروەها بووە جێگرەوەی تەلسکۆپی سپیتەرز کە ساڵی 2020 کارەکانی تەواو بوو، ئەم تەلسکۆپە لە دووریی 1.5 ملیۆن کیلۆمەتر لە بۆشایی ئاسمان و پشتی ئەرز و خۆرەوە لە خاڵی لاگرانج L2 جێگیرکراوە لەو خاڵەدا بەشێوەیەکی بازنەیی لە خولگەی خۆیدا دەسووڕێتەوە و وێنەی گەردوون و بۆشایی ئاسمان تۆماردەکات، بۆیە وا چاوەڕاندەکرێت لە لێکۆڵینەوەکانی بواری زانستی گەردوونناسی و بۆشایی ئاسماندا پێشکەوتنی گەورە تۆمار بکات لەوانە تۆمارکردنی هەندێ رووداو وەکو ئەوەی ستوونەکانی ئەفراندن هەروەها دۆزینەوە و وێنەگرتنی کۆمەڵەی ئەستێرەی دیکەی دوور لە کۆمەڵەی خۆرەوە و دۆزینەوەی ئەگەری بوونی ژیان لە ئەستیرەی دیکە لە گەردووندا.

سەرچاوە: BBC عربی

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان