منداڵەکەت کێشەی لە فێربوونی نووسیندا هەیە؟

11:32 - 2022-12-04
دووتوێ
1143 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

فێربوونی خوێندنەوە و نووسین و دروستکردنی رستەی راست و رەوان یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی ساڵەکانی خوێندنی سەرەتایی و بنەڕەتی منداڵ، بەهەرحاڵ هەموو منداڵێک دووچاری هەندێ کێشە دەبێت کاتێک مەسەلەکە پەیوەست دەبێت بە نووسین یان جواننووسینەوە، بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی دەستوخەتی منداڵ شێواو ناڕێک بوو یان روون نەبوو، هاوکات لەگەڵ راهێنانی بەردەوامدا دەستوخەتی باشتر نەبوو، ئەوە رەنگە هۆکارەکەی بوونی کێشە بێت لە فێربوونی نووسیندا کە پێیدەوترێت Dysgraphia دیسگرافیا.

کێشە لە فێربوونی نووسین و هۆکارەکانی
کێشەی فێربوونی نووسین هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی دەماریی جەستە ئەوەی پەیوەندی بە هونەرەکانی جووڵەی وردەوە هەیە کە پێویستە بۆ نووسین لەلای کەسێکی ئاسایی، بۆیە بۆ ئەو منداڵە قورس دەبێت ئەرکەکانی نووسین بەدەست بکات.
هەندێ لە پسپۆران بەو حاڵەتە دەڵێن «لاوازیی تەعبیرکردن لەڕێی نووسینەوە» بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەلای منداڵان دەردەکەوێت لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتاییدا.
 تا ئەمڕۆ زانایان دڵنیانین هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە لای منداڵ چییە، بەڵام کاتێک لە گەورەدا لەپڕ ئەو حاڵەتە روودەدات پەیوەست دەبێت بە پێکانێک لە مێشکدا وەکو جەڵتەی مێشک یان ئەو رووداوانەی تێیدا مێشک زیانی پێدەگات. 
لای منداڵان ناتەواویی لە فێربوونی نووسیندا لەگەڵ ناتەواوییەکی دیکەدا روودەدات وەکو زۆرجووڵە و کەم سەرنج یان ناتەواوی لە فێربوونی خوێندنەوەدا. 

نیشانەکانی ناتەواوی لە نووسیندا
ئەو منداڵانەی کێشەیان لە فێربوونی نووسیندا هەیە هەمیشە دەستوخەتیان روون نییە یان ناڕێکە، هەروەها زۆرجار خەتی منداڵەکە لەسەر هێڵ لای داوە یاخود هەندێ پیت گەورە دەنووسێت و هەندێکی دیکە بچووک، روون نییە چی نووسیوە، جگەلەوەی ماوەیەکی زۆریان پێدەچێت و خاون لە نووسینەوەدا و زۆر پێیەوە ماندوودەبن.
دایکان و باوکان و مامۆستایان رەنگە ئاماژەی ئەو کێشەیە بکەن لای مندال کاتێک بۆ یەکمجار دەستدەکات بە نووسینەوە لە خوێندنگە پێگەی Webmd بۆ تەندروستی و زانستی پزیشکی نیشانەکانی ناتەواوی لە نووسیندا دەخاتە روو:
*بەتوندی قەڵەم دەگرێت بەجۆرێک تووشی ئازاری دەست و پەنجەی دەبێت.
*ناتوانێت پابەندبێت بەنووسین لەسەر هێڵ یان لە شوێنی دیاریکراودا.
*کاتێک رستەیەک دەنووسێت نازانێت بەشی پێویست بۆشایی لەنێوان وشەکاندا دابنێت یان دەنووسێن بەیەکەوە یان دوور لەیەک دەیاننووسێت.
*لەکاتی نووسین ئەوەندەی دەسڕێتەوە ئەوەندە نانووسێت.
*کێشەی هەیە لە رێکخستنی وشەکاندا بەوەی هەموو پیتێک لە شوێنی خۆیدا بنووسێت یان جووڵەی گونجایان بۆ دابنێت، بۆیە دەبینین وشەکان ناتەواون و پیتیان کەمە.
*مەچەک یان جەستەیان یان کاغەزەکەی لەسەری دەنووسن لەدۆخێکی ناسروشتیدایە.

کێشە لە نووسیندا جۆرێکە لەجۆرەکانی کێشە لە خوێندنەوەدا؟
کێشەی خوێندنەوە لەگەڵ کێشە لە نووسیندا دوو حاڵەتی دەماریی جیاوازن لەیەکتری هەرچەندە زۆر بەئاسانی تێکەڵدەکرێن، چونکە نیشانەکانیان لەیەک دەچن و زۆرجار پێکەوە روودەدەن.
پێگەی Cleveland Clinic بۆ تەندروستی زانستی پزیشکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ناتەواوی لە خوێندنەوەدا پەیوەستە بە توانای تێگەیشتنەوە واتا ناوەرۆکی ئەوەی نووسراوە، بەڵام ناتەواوی لە نووسیندا پەیوەستە بە نەبوونی توانا لە کردنی کرداری نووسیندا.
دەکرێت کێشەکانی نووسین پەیوەندییان بە بوونی کێشە هەبێت لە نووسینی بابەتەکە خۆی یان بوونی کێشە لە رێکخستنەوەی بیرۆکەکان و تەعبیرکردن لێیان بە نووسین.

جۆرێکە لە ئۆتیزم؟
کێشەی ناتەواوی لە نووسیندا جۆرێک نییە لە ئۆتیزم، هەرچەندە بەگشتی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە کێشەیان دەبێت لە نووسیندا، بەڵام دەکرێت منداڵێک تەنیا کێشەی نووسینی هەبێت.
دەکرێت ئەو کێشەیە دووچاری گەورە و منداڵ ببێت و کێشەیەکە پەیوەندی بە گەشەی دەمارییەوە هەیە لای منداڵ و زیاتر منداڵی کوڕ تووشی دەبن وەک لە کچ و ئەگەرەکە زیاتر دەبێت ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان ئەو کێشەیەی هەبووبێت، هەروەها ئەو منداڵانەی ئۆتیزم یان زۆرجووڵە و کەم سەرنجن زیاتر تووشی ئەو کێشەیە دەبن.

چارەسەر چییە؟
رێگەی گونجاو بۆ باشکرنی هونەرەکانی نووسینی دەستیی بریتییە لە کۆمەڵێک چالاکی و راهێنان تاوەکو ئەو کەسە توانای لە نووسیندا باشتر بێت لەوانە:
*گرتنی قەڵەم بە شێوەیەکی نوێ بۆ ئاسانکردنی نووسین.
*کارکردن بە قوڕی دەستکرد بۆ بەهێزکردنی توانا دەستییەکان.
*یاری و راهێنان و دواکەوتن و تۆخکردنەوەی پیتەکان بە قەڵەم بۆ فێربوونی نووسینی پیت و وشەکان.
*کێشانی هێڵ بەنێو هێڵی کێشراودا تاوەکو وایلێبکرێت بتوانێت پابەند بێت بە هێڵ و شوێنی تایبەت بە نووسین لەسەر کاغەز.
*کردنی مەتەڵ و راهێنانی گەیاندنی خاڵەکان بەیەکتری بۆ دروستکردنی شێوەیەکی دیاریکراو.
*هەروەها چەندین بەرنامەی نووسینی تایبەت هەیە دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ منداڵ و گەورە بۆ دروستکردنی پیت و وشە و رستە لەسەر کاغەز.
*ئەگەر جگە لەو کێشەیە کێشەی تەندروستی دیکەی هەبوو رەنگە پێویست بە چارەسەری تەندروستی دیکە بکات، بۆ نموونە ئەگەر زۆرجووڵە و کەم سەرنج بوو پێویست بە دەرمانی تایبەت بەو حاڵەتە دەکات.

ژیان لەگەڵ کێشەی نووسیندا
هەندێ کەس تەنانەت دوای راهێنان و چارەسەر ئەو کێشەیە بەدرێژایی ژیانیان دەبێتە تەحەدایەک بۆیان و دەبێت لەگەڵیدا بژین، بەڵام بۆ منداڵی بچووک زۆر گرنگە کار لەگەڵ خوێندنگە و مامۆستاکانیدا بکرێت و کەرەستەی گونجاوی بۆ دەستەبەر بکرێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشەیەدا، لەوانە:
- تۆمارکردنی تێبینی تایبەت لە پۆلدا دەربارەی ئەو منداڵە لەلایەن مامۆستاوە.
-دەستەبەرکردنی کۆمپیوتەر بۆ ئەو منداڵە تاوەکو تێبینی و ئەرکەکانی دیکەی پێ تۆماربکات.
- تاقیکردنەوەکانی زارەکیی بن لە بری تاقیکردنەوە بە نووسین.
- لە کاتی نووسینەوەی ئەرکەکانی خوێندن و تاقیکردنەوەکاندا کاتی زیاتری پێ بدرێت.
-تێبینییەکانی وانەکە یان مامۆستاکە بەشێوەی چاپکراو یان تۆمارکراو یان دیجیتاڵی بدرێت بەو منداڵانە.
- بەکارهێنانی قەڵەمی گونجاو بۆ ئاسانکردنی نووسین.
- بەکارهێنانی کاغەزی بەیانیی یان ئەوانە نێوان هێڵەکانیان فراوانە بۆ ئاسانکردنی نووسین.
بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر کەسی تووشبوو یان دایکو و باوکی ئەو منداڵەی ئەو حاڵەتەی هەیە هەستیانکرد ئەو هەنگاوانەی سەرەوە ئەنجامی نییە نابێت کۆڵبدەن و پسپۆران ئامۆژگاری ئەوە دەدەن هەوڵبدەن و بە شوێن سەرچاوە و چارەسەری دیکەدا بگەڕێن وەکو پسپۆری تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتە یان دۆزینەوەی بەرنامەی خوێندنی تایبەت بەو منداڵانە لە خوێندنگەکاندا. 

 سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان