دیوە خراپەکەی سۆشیال میدیا

11:36 - 2022-12-04
دووتوێ
2178 جار خوێندراوەتەوە

مانی دڵشاد

لەوەتەی سۆشیال میدیا پەیدابووە بەشێکی گەورەی لە ژیانی هەر یەکێکمان داگیر کردووە، بەجۆرێک وایلێهاتووە زۆربەی خەڵکی ئالوودەی بوون و ناتوانن رۆژێک بەبێ تەماشاکردنی پەیج و ئەکاونتەکانی بەسەربەرن و بەو هۆیەوە تووشی چەندین کێشەی تەندروستی دەبن و وەکو پەتایەکی جیهانی لێهاتووە و لە گەورەترین وڵاتانی دنیای وەکو چین و کۆریا و وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.

ژیانی ئاسان کردووە
راستە لە هەندێ لایەندا ئینتەرنێت بەگشتی و سۆشیال میدیا بەتایبەتی ژیانی ئاسان کردووە و دوورییەکانی نزیک کردۆتەوە، بەڵام وەکو هەر داهێنانێکی دیکە جگە لە لایەنی باش لایەنی خراپیشی هەیە بەتایبەتی ئەگەر بکەوێتە دەستی کەسی خراپ یان نەزان و بێ ئیش ئەو کاتە بەدیوە خراپەکەیدا بەکاریدەهێنن، بۆیە دەبینین لەبری ئەوەی سۆشیال میدیا پەیامی خۆی بگەیەنێت کە بەستنەوە و نزیککردنەوەی خەڵکییە لە یەکتری و کردنی دنیایە بە گوندێکی بچووک، کەچی هەندێ کەس بۆ مەبەستی دیکە بەکاریدەهێنن ئەویش ناوزڕاندن و ئابڕووبردنی کەسایەتی و کاراکتەرە دیارەکانی نێو کۆمەڵگەیە، لە هەموو جێیەک کەسانێک هەن وەکو پاڵەوانی پشت شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیان هەر ماوەیە و بە کەسایەتییەکەوە خەڵک سەرقاڵ دەکەن و وادەکەن ناوی ناشیرین بێت و بە ژن و پیاوەوە بە کۆمێنتی ناشیرین هێرشی دەکەنە سەر، بێگومان ئەوەی زیاتر هێرشی دەکرێتە سەر و زیاتر زەرەرمەند دەبێت کاراکتەرە ژنەکانن بەتایبەتی لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتی و دواکەوتووەکاندا و هەندێکجار لە ماوەیەکی کورتدا هێرشێکی چڕ دەکرێتە سەر کەسایەتی ژنێک کە رەنگە ئەو ژنە باری دەروونی تێکبچێت و هەوڵی خۆکوشتن بدات، بێگومان بەشێکی زۆری لە نەزانییەوە دەکرێت و نازانرێت ئەو قسە و کۆمێنتانە تاچەند کاریگەری دەبێت لەسەر وێرانکردنی ژیانی کەسێک.

ئەوەی مەترسیدارە 
ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کاتێک لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەندێ کەس و لایەن بۆ سەرقاڵکردن و دوورخستنەوەی خەڵکی لە مەسەلە گرنگەکان ئەم کارە دەکەن و هانی خەڵکی دەدەن بەتایبەتی ئەوانەی بێ کارن و ئالوودەی دنیای گریمانەکراون تاوەکو کۆمەڵگە بەو بابەتەوە سەرقاڵ بکەن و بیروهۆشیان لای کێشە و بابەتە گرنگەکانی ژیانی رۆژانە و پێویستییەکانیان نەبێت، تا کۆمەڵگەش دواکەوتووتر بێت زیاتر ئەم بابەتە روودەدات و زیاتر کاریگەری دەبێت.    

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان