محه‌مه‌د ره‌زا كه‌ڵهوڕ
2-3
وردنووسین به‌رهه‌می عه‌قڵی ره‌سه‌نێتی گه‌وهه‌ر و خودی بێ رتووشی دیارده‌كانه. له مینیماڵیزمدا (Minimalism) جوانی له كورتكردنه‌وه و پوختكردنه‌وه‌دایه، چونكه مینیماڵیسته‌كان باوه‌ڕێكی پته‌ویان به لابردنی هه‌موو زیاده ناپێویسته‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌وه‌ش زیاتر هه‌یه. له‌هه‌ر بوارێكی هونه‌ریدا، له ده‌قی نووسینه‌وه بگره هه‌تا شێوه‌كاری و ته‌لارسازیی و هتد. زاراوه‌ی "مینی‌ماڵ" له رووی زمانه‌وانییه‌وه به مانای زۆر ورد و بچووك و كورته. "نووسه‌ری مینیماڵیست" بونیادی ده‌ق و شێوازی ده‌ربڕینی له‌سه‌ر بنه‌مای بێ رتووشی ده‌ربڕین و شێوازێكی داماڵراو له درێژدادڕیی و ئاڵۆزیی داده‌ڕێژێت و هیچ باوه‌ڕێكی به رازاندنه‌وه و وه‌سفی ناپێویست نییه.
به‌رجه‌سته‌كردن (Personifcation):
زاراوه‌ی (Personifcation) له زماندا به مانای كاره‌كته‌ر به‌خشین به شتێك، مرۆڤ ئاسا یان وه‌ك مرۆڤ، ده‌ستنیشانكردن یان به‌جه‌سته‌كردنی شت و دواجار به‌گیانداركردنی شته بێگیانه‌كانه و په‌یڕه‌وی ئه‌م مانایانه له زاراوه‌ی ئه‌ده‌بیدا شێوازێكه كه شاعیر یان نووسه‌ر به موعجیزه‌ی خه‌یاڵی خۆی به هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌به‌خشێت كه بێگیانن. جۆرێكه له (به‌ڵگه‌ی مه‌جازی) كه واقیعی راسته‌قینه به شته رووت و ئه‌بستراكت و ته‌نانه‌ت میتافیزیكه‌كانیش ده‌به‌خشێت و خاسیه‌تی ئینسانی ده‌داته پاڵ ئه‌و شتانه‌ی نیانه. ئه‌م شێوازه له چیرۆك (Tale) و نووسینه‌وه‌ی حیكایه‌ت و (fable) ئه‌فسانه و حیكایه‌تی ته‌مسیلیدا به‌كاردێت. هه‌روه‌ها غه‌زه‌ل (Yarn) له كۆنه‌وه باو و ئاسایی بووه. بۆ نموونه: له ئه‌فسانه‌ی "دره‌ختی ئاسوریك "دا به زمانی په‌هله‌وی ئه‌شكانی به خه‌تی په‌هله‌وی، ئه‌و 121 دێڕه‌ی كه گفتوگۆیه‌كی جوانه له نێوان دارخورمایه‌ك و بزنێكدا كه هه‌ریه‌كه‌یان دوو سوودی خۆیان زیاتر له‌وی تر حساب ده‌كه‌ن. یان "چیرۆكه‌كانی به‌یده‌با" كه له‌وانه‌یه كۆنترین ته‌رجه‌مه‌ی (بۆ فارسی) ئه‌وه‌ی "محه‌مه‌د بن عه‌بدوڵڵای بوخاری" بێت. (كه‌لیله و دیمنه) كۆمه‌ڵێ حیكایه‌تی هیندییه و ناونیشانه‌كه‌ی له ناوی دوو چه‌قه‌ڵه‌وه وه‌رگیراوه كه تیایدا ئاژه‌ڵانیش وه‌كو مرۆڤ حیكایه‌تی خۆیان هه‌یه، كه تیایدا ده‌سه‌ڵاتداران حیكمه‌ت و خه‌ڵكی ره‌شۆكیش حیكایه‌تی تێدا ده‌خوێننه‌وه یان ده‌بیننه‌وه.
له (Personification) نووسه‌ر به به‌كارهێنانی شێوازێكی هاوئاراسته، یانی "زمانی حاڵ" ئاژه‌ڵ و شته‌كان به‌رجه‌سته ده‌كات و ده‌یانهێنێته قسه. با پێكه‌وه ئه‌م چوارینه‌یه‌ی خه‌یام
بخوێنینه‌وه، كه تیایدا
شاعیر "زمانی حاڵ" به‌كارده‌هێنێت و له "زمانی قوڕ"ه‌وه قسه ده‌كات:
(گۆزه‌گه‌رێك دی دوێ له مه‌یدان/ قوڕی ئه‌شێلا به دڵ و به گیان
به زمانی حاڵ ئه‌و قوڕه ئه‌یگوت:/ من وه‌كو تۆ بووم به‌س بێ تێكشێلان)
لێره‌دا قوڕ له زمانی حاڵی مرۆڤه‌وه باسی سروشتی مرۆڤ ده‌كات و له‌وه ده‌دوێت چی بووین و ده‌بین به‌چی! كه‌واته وه‌رن با به‌باشی ئاگامان له مرۆڤایه‌تی بێت.
جۆرێك له (personification) به "پوخت" و كورت له به‌رهه‌می چیرۆكی واقیعیدا زۆر به‌رچاو ده‌كه‌وێت. هه‌ر بۆیه به "ده‌ستنیشانكردنی پوخت" ناوی ده‌به‌ن. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه ده‌ده‌نه پاڵ شیعرییه‌تی په‌خشانی نووسه‌ر! یان به‌كارهێنانی زمانی شاعیرانه له چیرۆكدا! با پێكه‌وه ئه‌م شیعرییه‌ته‌ی "كونده‌به‌بووی كوێر"ی سادقی هیدایه‌ت بخوێنینه‌وه:
"شه‌و هێواش هێواش ده‌ڕۆیشت ده‌تگوت به ته‌واوی ماندووێتی خۆی ده‌ركردووه." به‌ڵام له " ده‌ستنیشانكردنی درێژدا" یه‌ك پارچه‌ی ته‌واو یان هه‌موو ده‌قه‌كه "به‌رجه‌سته‌كردنێك" پێكده‌هێنێت. به‌شی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی چیرۆكه جوانه‌كه‌ی "بیژه‌نی نه‌جدی" به ناوی "روز اسب ریزی" به‌و شێوه‌یه‌یه. هه‌ڵبه‌ته جۆرج ئۆریل له رۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا "باخچه‌ی ئاژه‌ڵان" به‌باشی ئه‌م شێوازه به‌كارده‌هێنێت. "به‌رجه‌سته‌كردنی درێژ" له به‌رهه‌می "جه‌یمس سۆربه‌ر "یشدا روخساری شێوازی ئه‌م نووسه‌ره‌ی پێكهێناوه. له چه‌ند نموونه‌یه‌كی جوانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا ئه‌فسانه و حیكایه‌ته‌كان له فه‌زایه‌كی كافكاییدا له‌گه‌ڵ چیرۆك و ژیانی ئه‌مڕۆدا ئاوێته ده‌كرێن و ده‌قی تازه‌یان لێ ده‌خوڵقێنرێت.
به‌ڵام له چیرۆكی "له تاریكی‌دا ده‌مێنینه‌وه"، "ده‌ستنیشانكردنی درێژ" باری ته‌كنیكی ده‌قه‌كه ده‌كاته كۆڵ! "كردنه‌كۆڵ! خاسیه‌تێكی ئینسانییه و له ره‌گه‌زی ده‌ستنیشانكردنی پوخته!" له رێی موعجیزه‌ی ئه‌م شێوازه‌وه وێنه‌ی پیاوێك له چوارچێوه‌یه‌كی شووشه‌دا له‌سه‌ر ته‌پڵه‌كێكی ته‌نیشت سیسه‌می كوڕه‌كه به‌رجه‌سته ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كورت و موخته‌سه‌ر چیرۆكی نه‌بوونی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه. گێڕه‌ره‌وه یانی وێنه‌ی ناو چوارچێوه‌كه، له رابردوودا، مێردی ژنی ناو چیرۆكه‌كه بووه، به‌ڵام ژنه‌كه ئێستا شوویه‌كی تری كردووه و له كاتێ ده‌ستپێكی گێڕانه‌وه‌كه‌دا كاتێ دێته ژووری كوڕه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بیخه‌وێنێ "مێرده تازه‌كه‌ی" ده‌نه‌ڕێنێ دیسان بۆ كوێ چوویت؟ بۆچی چوویت بۆ ژووری كوڕه‌كه‌ت؟ بێگومان ئه‌م ناوه‌ڕۆكه كه‌م و زۆر قاڵبییه به به‌كارهێنانی ته‌كنیكی "ده‌ستنیشانكردنی درێژ" وای لێهاتووه قابیلی خوێندنه‌وه بێت. قابیلی خوێندنه‌وه؟ چونكه له رووی ته‌كنیكه‌وه گریمان ئه‌گه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا له جیاتی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه، یانی له جیاتی گێڕه‌ره‌وه‌ی وێنه‌ی پیاوی ناو چوارچێوه‌كه، گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی تر بوایه بۆ نموونه گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان یان كه‌سی سێیه‌می تاك، ئه‌وسا چ شێوه و فۆرمێكی له‌خۆ ده‌گرت؟
ته‌كنیك له چیرۆكدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی بینا و فۆرم:
حسابكردنی نووسه‌ر بۆ فۆرم و بینای چیرۆك و دۆزینه‌وه‌ی شێوازێك بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی، به‌هادانان و گرنگیدانه به گۆته‌ی ته‌كنیك (Technique). ته‌كنیك یه‌كێكه له ره‌گەزە‌كانی بینای چیرۆك و وه‌كو "لایه‌نی هونه‌ری"یش ناوی ده‌هێنن. ته‌كنیك شێواز و ئامرازێكه بۆ خستنه‌ڕوو و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك، بۆ نیشاندانی شێواز و فۆرمی گونجاوی ده‌قه.
هێنری جه‌یمس راست باوه‌ڕی به‌وه هه‌بوو كه ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك ده‌پارێزێت و به‌هێزی ده‌كات و به‌رده‌وامی پێده‌به‌شێت فۆرمی چیرۆكه نه‌ك هیچ شتێكی دیكه. گوزارشتنی قسه‌كه‌ی هێنری جه‌یمس بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ته‌كنیك یان ئه‌و شێوازه‌ی نووسه‌ر له فۆرمی ده‌قه‌كه‌یدا به‌كاریده‌هێنێت گرتنه‌به‌ری ستراتیجێكی گونجاوه له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكدا دێته‌دی، ئه‌مه هه‌موو كه‌ره‌سه‌كانی چیرۆك ده‌خاته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه، له‌وانه‌ش، هه‌ڵبژاردنی بیرۆكه‌یه‌ك یان ته‌قریبه‌ن بابه‌تێكی تازه، هه‌ڵبژاردنی گێڕه‌ره‌وه و گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ی گونجاو، هاوئاهه‌نگی له نێوان ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كان و كه‌ره‌سه‌كانی چیرۆكدا، و ... گومان له‌وه‌دا نییه كه فۆرمی جوانی خستنه‌ڕووی چیرۆك یان گێڕانه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی چیرۆك، هه‌میشه داوای فۆرمێكی تازه ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه ته‌كنیك و فۆرمی چیرۆكی "له تاریكی‌دا ده‌مێنینه‌وه" یانی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی، وایكردووه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی سه‌رنجڕاكێش بێت و قابیلی خوێندنه‌وه بێت. ئه‌وه‌ی كه وێنه‌یه‌ك قورسایی گێڕانه‌وه‌ی بكه‌وێته‌سه‌ر و ئه‌م خاڵه له‌لای خوێنه‌ر ئاشكرا بێت، مایه‌ی سه‌رنجه.
شێواز:
چیرۆكنووس شێوازی گونجاوی چیرۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌زا و بارودۆخی رووداو "توندی و گه‌رمی رووداوه‌كه" و حاڵه‌تی ده‌روونی كاره‌كته‌ر یان بابه‌ته‌كه هه‌ڵده‌بژێرێت، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای خواستی سروستی تایپی كۆمه‌ڵایه‌تی كاره‌كته‌ره‌كانیش شێواز هه‌ڵده‌بژێرێت. شێواز ملكه‌چی چه‌ند فاكته‌رێكی جۆراو جۆره له‌وانیش، كاره‌كته‌رسازی، نیاز و مه‌به‌ستی ده‌روونیی كاره‌كته‌ره‌كان. "ئای. ئه‌ی. ریچاردز"، "شێواز به ده‌ربڕینی مه‌به‌ستی گێڕه‌ره‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی" ده‌زانێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و دیدگایه‌ی نووسه‌ر سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌كه به‌كاریده‌هێنێت ئه‌ویش له‌سه‌ر دیاریكردنی شێواز چاره‌نووسسازه. شێوازی چیرۆكی "له تاریكی‌دا ده‌مێنینه‌وه" پڕه له هه‌ستی حه‌سره‌ت و به‌هۆی زۆری بێ‌گیانی و نه‌بوون و ئاماده‌نه‌بوونه‌وه له"ده‌قه‌ی ئێستا"دا گێڕانه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه هه‌ڵبژێردراوه. ئه‌م هه‌ستی حه‌سره‌ته یاده‌وه‌ریی غه‌مناكی نوستالژیكی رابردوو قورس‌تر ده‌كات.
"كاتێ دێته ژووره‌وه هه‌مان كراسی مه‌یله‌و سووری له‌به‌ردایه"، " لام كردبۆوه به‌لای دیواره‌كه‌دا به‌ڵكو نه‌یبینم "، " هه‌ڵده‌سێت، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ڵێی ده‌یه‌وێت بڕوات ده‌مه‌وێ بڵێم: "مه‌ڕۆ."
گێڕه‌ره‌وه ئاواته‌خوازه ژنه‌كه بمێنێته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت هیچ بڵێت و ته‌نیا زه‌رده‌خه‌نه ده‌كات كه هه‌تا ئه‌به‌د له‌سه‌ر لێوی ده‌مێنێته‌وه. چونكه "وێنه‌كه" خودی گێڕه‌ره‌وه هه‌ر وێنه‌كه‌یه. هه‌ڵبه‌ته نابێت شێواز و "بارودۆخ"ی ده‌ق به‌یه‌ك شت بزانین. "بارودۆخ " Mood" په‌یوه‌سته به كارتێكردنی خوێنه‌ری چیرۆكه‌وه". "بارودۆخ"ی ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه هه‌میشه جێگیره‌ی گێڕه‌ره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی وێنه‌یه له ساته‌وه‌ختی دراماتیكی و تراجیدی چیرۆكه‌كه‌دا بۆ هه‌ر خوێنه‌رێك غه‌مهێنه‌ره و قابیلی قووڵبوونه‌وه‌یه، ده‌زانین كه ته‌نیا كاردانه‌وه‌ی " Reaction " گێڕه‌ره‌وه هه‌ر ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌یه كه مانای حه‌سره‌ت، عه‌ده‌م و نه‌بوون، توانج لێدان "Irony" قورس‌تر ده‌كات.
*سه‌رنج: چوارینه‌كه‌ی خه‌یام وه‌رگێڕانی شێخ سه‌لامه.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: baangnews.net