״نادادییەكانی پارتی بەرامبەر بە سلێمانی، ناشاردرێتەوە״

10:34 - 2022-12-08
کوردستان
497 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات ئەو لێدوانانەی هێمن هەورامی داویەتی لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی و بودجە و داهاتی سلێمانی، سەرجەمیان لێدوانی چەواشەكارین و خزمەت بە دۆخەكە ناكەن، بۆیە ئەگەر پارتی بیەوێت درۆ بكات ئەوا هێمن هەورامی رادەسپێرێت، هاووڵاتیان دەزانن پارتی چ گەمارۆیەكی خستۆتە سەر سلێمانی.

نادادییەكانی پارتی بە رۆژی رووناك دەبینرێت
ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «ئەو لێدوانانەی هێمن هەورامی داویەتی لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتییەوە، هیچ خزمەتێك بە دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی كوردستان ناكات، ئەو نادادییەی پارتی بەرامبەر بە سلێمانی دەیکات بەڕۆژی رووناك دەبینرێت و پێویست بەوە ناكات هێمن هەورامییەكان بیشارنەوە، بەتایبەتی ئەم كابینەیە گوشار و گەمارۆیەكی زۆریان خستۆتە سەر سلێمانی بۆ ئەوەی یەكێتی رووبەڕووی گرفت بكاتەوە».

داهاتی فرۆشتنی نەوت كەس نازانێت چەندە و بۆ كوێ‌ دەچێت؟!
ئاماژەی بەوەشكرد كە «كاتێك هێمن هەورامی باس لە داهات و شەفافیەت دەكات، واباشتربوو باسی ئەو داهاتەی بكردایە كە لە خاڵی سنووریی نێوان هەرێم و سوریا دەستیاندەكەوێت و تائێستا یەك دیناری ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، هەروەها داهاتەكانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل بەنادیاریی ماونەتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت كەس نازانێت چەندە و بۆ كوێ‌ دەچێت!، بۆیە كاتێك دەكرا باس لە شەفافیەت بكات بۆ خۆیان شەفاف بوونایە نەك هەرچی ناشەفافی هەیە لای ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە».
دەڵێت: «ئەگەر هێمن هەورامی و حزبەكەی بەڕاستیانە و لە پەرۆشی هەڵبژاردندان، با بفەرموون بێنەپێشەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەئامادەبوونی هەموو لایەنەكان بیسەلمێنن كە دەیانەوێت هەڵبژاردن بكرێت و لیستی دەنگدان پاكبكرێتەوە و بابەتی كۆتاكان چارەسەربكرێت، بەڵام خۆیان باش دەزانن كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەم یاسایەی ئێستا و بەم دۆخەوە، جگەلەوەی سوودی پارتی تێدایە، هەموو حزبەكانی دیكە زەرەرمەنددەبن تیایدا».

بابەتە پەیوەندیدارەکان