جێگرەوەی هەیە؟

یەکەم کیسەی پلاستیک هێشتا شینەبۆتەوە

10:36 - 2022-12-11
دووتوێ
667 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

لە راپرسییەکدا سایتی بی بی سی کردوێتی لەبارەی ئەوەی ئایا جێگرەوەی پلاستیک هەیە؟ بەکارهێنانی پلاستیک لە ژیانی رۆژانەماندا بۆتە واقیعێک چەسپاوە و ناتوانین لێی رزگار بین بەو پێیەی هەر لە کیسەی نایلۆنەوە بیگرە بۆ هەڵگرتنی شتومەک تا ئەو ئاوی دەبەیەی دەیخۆینەوە، بەڵام پرسیارەکە لەوێدایە ئایا بۆچی دەبێت بیرلەوەبکەینەوە دەستبەرداری پلاستیک بین و بەدوای جێگرەوەکانیدا بگەڕێین؟ یاخود بۆچی کیسەیەک یان دەبە ئاوێکی پلاستیک هەڕەشە لە ژیانمان دەکات؟ لێرەدا هەندێ لەو ئامارانە دەخەینە روو کە لەو بارەیەوە کراون:
* بە پێی ئامارێکی کۆمپانیای فاکتۆری دایرێکت بێت لە ساڵێکدا جیهان 5 ترلیۆن کیسەی پلاستیک بەرهەمدەهێنێت، هەر کیسەیەک هەزار ساڵی دەوێت تاوەکو لە ژینگەدا شیدەبێتەوە.
* لە یەک دەقیقەدا مرۆڤایەتی زیاتر لە یەک ملیۆن دەبەی پلاستیک بەکاردەهێنن و تەنیا 10 ٪ ی دووبارە ریسایکلین دەکرێتەوە.
* بەپێی ئامارێکی رێکخراوی پلاستیک ئۆشن بێت کۆی گشتی دنیا ساڵانە 380 تۆن پاشماوەی پلاستیکی هەیە، تائێستاش نزیکەی 9 تۆن پلاستیک لەسەر زەوی بەرهەمهاتووە کە یەکسانە بەرامبەر کێشی هەموو ئەو مرۆڤانەی تا ئێستا لەسەر ئەرز ژیاون.
* پلاستیک هەزاران ساڵی دەوێت تاوەکو شیبێتەوە ئەوە واتای وایە یەکەم کیسەی پلاستیک کە تەنیا پێش 112 ساڵ بەرهەمهاتووە هێشتا شینەبۆتەوە. 

پلاستیک لە نێو جەستەماندا هەیە
بەڵام پلاستیک تەنیا لە ژینگەی چواردەورماندا نییە، بەڵکو دزەی کردۆتە نێو جەستەمانەوە ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی پۆلیتیکنیکا دەیلی مارکی ئیتالی بێت لە گۆڤاری بۆلیمەرز بڵاوکراوەتەوە سەلماندویانە گەردیلەی پلاستیکیان لە نێو شیری دایکاندا دۆزیوەتەوە، دوای ئەوەی نموونەی شیری 34 دایکیان وەرگرتووە دوای هەفتەیەک لە منداڵبوون بۆیان دەرکەوتووە 75 ٪ ئەو دایکانە شیرەکەیان پاشماوەی پلاستیکی تێدا بووە.
لە توێژینەوەیەکی دیکەشدا سەلمێنراوە گەردیلەی پلاستیک دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی لەشی مرۆڤ و دیارترینیان تووشبوونە بە نەخۆشی شێرپەنجە، هەروەها لە ئێستادا توێژینەوەی دیکە دەکرێت لەبارەی ئەگەری گەیشتنی ئەو گەردیلە پلاستیکانە بە مێشک.

سەرچاوەی ئەو پلاستیکەی دەچێتە جەستەمانەوە چییە؟
ئەو گەردیلە پلاستیکانە لەو هەوایەوە دێت کە هەڵیدەمژین، چونکە پلاستیک 20-40 ٪ ئەو هەوایە پێکدێنێت کە لەئامێرەکانی هەواگۆڕکێی ماڵەکانەوە دێت، جگە لە کەلوپەل و ئەساسی ماڵ و جلوبەرگەکانمان کە زۆربەی پلاستیک لە پێکهاتەی دروستکردنیاندا هەیە.
هاوکات ئەو خۆراکەی دەیخۆین پڕە لە پلاستیک لە زەرف و قاپ و ئەو نایلۆنەی پێی پێچراوەتەوە دێن یان ئەوەی پەلەوەر و مەڕوماڵات خواردویانە و چۆتە لەشیانەوە، لە زانکۆی رۆیاڵ هۆلوای لە لەندەن تێیدا پرۆفیسۆر دیڤ مۆریت کاتی خۆی تەرخان کردووە بۆ توێژینەوە لەسەر ماسییەکانی بەریتانیا و دەڵێت: گەردیلەی پلاستیک زۆرکات زۆر بە روونی لە نێو ماسییەکاندا دەیدۆزینەوە.
هەموو ساڵێک زیاتر لە 13 ملیار تۆن پلاستیک دەکرێتە نێو دەریا و زەریاکانەوە کە شیدەبنەوە و دەبن بە پارچە و گەردیلەی بچووک بوونەوەرەکانی ناوی هەڵیاندەمژن و قوتیان دەدەن، قەبارەی ئەو پلاستیکەی لە نێو ماسییەکاندا دەدۆزرێنەوە جیاوازە هەندێکیان بە چاوی ئاسایی دەبینرێن و هەندێکی دیکەشیان پێویستیان بە میکرۆسکۆبە.

رۆژهەڵات لە وڵاتانی رۆژئاوا جیاوازتر نییە
لە توێژینەوەیەکدا لە هەفتەنامەی ئێم بی دی ئەی-دا بڵاوکراوەتەوە کۆمەڵێک لێکۆڵەر بۆ ماوەی چەندین مانگ توێژینەوەیان لەسەر ماسییەکانی دەریاچەی نیل کردووە و دەرکەوتووە 75 ٪ ماسییەکانی نیل گەردیلەی پلاستیکیان تێدایە.  
شادی خەلیل دامەزرێنەر و بەشدار لە پرۆژەی «گرینچ» میسری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە لەو بارەیەوە دەڵێت: کێشەکانی پلاستیک بە پێی جۆر و بەهای ئابوری ئەو پلاستیکە دەگۆڕێت، چونکە هەندێکیان مەترسییان کەمترە.
بۆ نموونە دەبەی ئاو هەرچەندە کێشەیە، بەڵام مەترسیی لە کیسەی پلاستیک کەمترە، چونکە بەهای ئابووری دەبەی ئاو زیاترە واتا کوالیتی ئەو ماددانەی لە دروستکردنیدا بەکارهاتووە بەرزترە. 
هەروەها کاتێک کارمەندان لەنێو خۆڵ و خاشاکەکاندا دەگەڕێن بۆ کۆکردنەوەی دەبەی پلاستیک و ریسایکلینیان کیسە پلاستیکەکان کۆناکرێنەوە و بەو هۆیەوە بە هەوادا بڵاودەبنەوە و دەگەنە ئاوی دەریا و دەریاچەکان.
بووە بە واقیع و دەربازبوون نییە؟
شادی خەلیل دەڵێت: پێش 50 ساڵ پلاستیک لە ژیانماندا نەبوو، کاتێک لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا بەکارهێنانی پلاستیک بڵاوبۆوە پێشتر پشتمان بە بتڵی شووشە و کیسەی کاغەزی دەبەست.
خەڵکی دەتوانن لەگەڵ نەبوونی پلاستیک لە ژیانیاندا رابێن وەکو ئەوەی چۆن پێشتر نەبووە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی پلاستیک ئامادەن بووەستن و وازبێنن؟  
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە شادی دەڵێت: بێگومان نەخێر ئەو کۆمپانیایانەی پلاستیک وەکو جێگرەوەیەکی هەرزان بەکاردێنن بۆ هەڵگرتن و پێچانەوەی کاڵاکانیان ئامادەنابن بیگۆڕن، هەروەها ئەگەر بەرپرسان بە خەرجی چارەسەرەکانی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی پلاستیکەوە خەڵکی تووشی دەبن بچنەوە، دەبینن لە خەرجی وازهێنان و بەکارهێنانی جێگرەوەی پلاستیک زۆر زیاترە.

سەرچاوە: BBC عربی

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان