سەرۆک بافڵ: شەهید ئاکام داستانێکە نانووسرێتەوە

08:32 - 2022-12-12
کوردستان
1023 جار خوێندراوەتەوە

ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزوانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە.

ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناوی سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانیدا. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت.
گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە دوژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە.

باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناوی ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، کە ئەمەش لووتکەی وەفاداری و قوربانیدانە.

درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا هەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین.

لە قووڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان