دوا کردەی خوازیارانی ئازادیی رەها، تێکدانە

12:24 - 2022-12-13
دووتوێ
570 جار خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئازادی، واتا رزگاربوون لەو کۆتانەی کە رێ لە تواناکانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی دەگرێت یان لێی دەستێنێت، کە لە سەرەتاوە بە دەرچوون لە  قۆناغی دیلێتی دەستی پێکردووە، مرۆڤەکان ویستویانە هی خۆیان بن نەک کەسێک خاوەنیان بێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریانبهێنن.
ئەم جۆرە لە ئازادی، ئێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی فراوانکردنی و چەسپاندنیدان، لە چوارچێوەی یاسا و رێزگرتن لە مرۆڤ و یەکتر پەسەندکردن.
قووڵبوونەوەی کۆمەڵگەکان لە ئازادیدا، رێگە فراوان دەکات لەبەردەمیان بۆ پێشخستنی مرۆڤایەتی لە هەموو روویەکەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رێکخراوی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرچی زیاتر لە هەوڵی دابینکردنی ئازادییەکانی تاکدان، بەڵام لە چوارچێوەی یاسادا، هەوڵی نەهێشتنی توندوتیژی و سەرکوتکردن دەدەن، هەنگاو دەنێن بۆ نەهێشتنی تیرۆری فیکری و جەسەدی، کە ئەمانە دەبنە رێگر و تەسک کەرەوەی مەودای ئازادی.
دیموکراسی ئەگەر بە رواڵەتیش بێت بۆتە باو و خواستی لەسەرە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، هەرچەندە زۆرێک لە وڵاتان لەژێر ئەم سیستمەدا سەدان پێشێلکاریی بەرامبەر مافی مرۆڤ دەکەن، گرتنەبەری سیستمی دیموکراسیش بۆ ئەوەیە تاکەکان پەنا نەبەنە بەر یاخیبوون و خواستی ئازادیی رەها.
ئازادیی رەهای مەحاڵ
ئازادی رەها، واتا هەرچی دەتەوێت دەیکەیت بێ ئەوەی رێگرییەک لەبەر دەمتا بە هەند وەربگریت، یان هیچ بەرپرسیارێتییەک لە ئەستۆ بگریت، ئەمەش بەو واتایە دێت کە بۆ هەنگاوەکانت پەنا نابەیتە بەر بیروبۆچوونی کەسانی بەرپرس لە خێزانەکەت و ئەزموونداران یان هاوڕێکانت. پابەندی یاسا کۆمەڵایەتییەکان نابیت و بۆ بەدیهێنانی مەرام و خواستەکانت لە یاسای گشتییش لادەدەیت، هەرچیش دەکەیت خۆت و لە باوەڕی خۆتەوە دێت، خواست و ئارەزوو و حەزی کاتی، رۆڵی گرنگی تێدا دەبینێت وەک هاندەر و پاڵنەر بۆ کردەکە.
ئازادیی رەها بە یاسا رێکخراوە؟
ئازادیی رەهاهیچ کات بە یاسا رێکناخرێت، چونکە دەستەواژەکە خۆی پێچەوانەی یاسایە، یاسا واتا رێکخستن و دیاریکردن و مەرجدارکردنی هەموو چەمکەکانی ئازادی بۆ ژیان.
کەسیش ناتوانێت بگاتە پلەی تەواوەتی ئازادیی رەها، چونکە ناتوانێت بە تەنها بژی، لەم نەتوانینەشدا پێویستیی بە ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکان دەبێت تا سوود لەو هەلانە وەربگرێت کە کەسانی دیکە هەیانە و خۆی نییەتی.
ئەگەر بە زۆرێک لە خواستەکانی ئازادیی رەها بگات و یاخییش ببێت و لە دوورەدەست بژی، بەڵام هێشتا هەندێک شتی بۆ نایەتەدی، وەک ئەوەی ناتوانێت بفڕێت، یان لەژێر ئاودا بژی.
کەسانێک کە خوازیاری ئازادیی رەهان، زوو زوو گۆڕانکاریی بەسەر ژیانیاندا دێت، چونکە لە ئەنجامی ئەو کردە نەگونجاوانەدا کە دەیکات، تووشی هەڵەی گەورە دەبێت و ناچاری دەکات ئاراستەکەی یان رێچکەی ژیان و پەیوەندییەکانی بگۆڕێت، بەمەش خۆی بە هیچ مەرجێکەوە گرێ نادات، تەنها لە هەوڵی زیاترکردن و فراوانترکردنی ئازادییەکانیدایە.
ئەوەی بژاردەی ئازادیی رەهادەگرێتەبەر، لەو ماوە کاتییەدا کە لەگەڵ کەسەکە یان گروپەکە تێکەڵبووە، ئەم تێکەڵبوونە کۆمەڵێک نهێنی لەبارەی کارەکتەری کەسەکەوە ئاشکرا کردووە لای بەرامبەرەکەی.
زۆرجار ئەم نهێنیانەی پەیڕەوانی ئازادیی رەها کە لە پەیوەندییە کاتییەکانیان بۆیان دروست دەبێت، لەدوای لێکدابڕان، خراپ بەکاردەهێندرێت بۆ دروستکردنی گوشار بۆسەر کەسەکە تا لەو بازنەیەدا بمێنێتەوە، کەوابوو کەسەکە بەمە خۆی دەخاتە گێژاوێکەوە و کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەری، هەربۆیەش ئەوانەی پەشیمانی دەردەبڕن و زۆر بە تاسەوە خۆزگە بە پێش رووداوەکە دەخوازن.
باری دەروونیی هەڵگرانی بیری ئازادیی رەها
خەمۆکی و گرفت بەرۆکی خوازیارانی ئازادیی رەها دەگرێت، چونکە کە سەرکەوتوو نابن و سەریان لێدەشێوێت، بۆ ماوەیەک تا پێدەنێنە قۆناغێکی دیکەی خۆشگوزەرانییەوە، تووشی کەنارگیری دەبن و هەست دەکەن بەرەو رووخان دەچن.
ئەمە جگەلەوەی کە لەو رێگەیەدا کە بژاردەی خۆیان بووە، تووشی دەیان کێشەی تاوان دەبنەوە و دەیانخزێنێتە گۆشەی زیندان.
کەسێک لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر، سنوورێک یان مەرجی نییە بۆ تێکەڵ بوون، بەڵکو تەنها وەک دەڵێن وەڵامی دڵ و حەزەکانی دەداتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەک پێکەوە دەبن و حەزەکانیان تەواو دەبێت و یەکتریان بۆ دەردەکەوێت کە ناگونجێن بەیەکەوە، ئیتر هەر یەکە و بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆن، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک گرفتی ئەو ماوەی پێکەوە بوونەن، جا ئەگەر وەک حەز و خۆشویستن بێت یان حەزی جەستەیی، یان سوودوەرگرتن لە پلەو پۆست و پارەی یەکتر، یان بەسەربردنی کاتە خۆشەکانیان بە شەو و رۆژ کە پێشتر کەشێکی وای بۆ نەڕەخساوە.
چوونە ناو گروپێکەوە دوور لە جیهانی ئاسایی
کەسەکان لە گرتنەبەری رێگەی ئازادیی رەهادا، تێکەڵ بە کەسانی هاوشێوەی خۆیان دەبن، کاتێک پێکەوە کۆدەبنەوە، بەربەستێک لە بەردەم مامەڵە رەوشتییەکانیاندا لەگەڵ یەکتر نامێنێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوان پابەندبوون بە یاسا و رێساوە رەتدەکەنەوە، زوو زوو کارەکتەرەکانیان لەگەڵ یەکتریدا دەگۆڕێت، بۆ نموونە کە گروپێک بە ئومێدی ئاهەنگێڕانێکی بچووک کۆدەبنەوە لە شوێنێکدا، نێر و مێکان تێکەڵ دەبن و هەر لەو ئاهەنگەدا دەیانگۆڕنەوە بۆ بەسەربردنی سێکس لەگەڵ یەکتر، ئیتر هاوڕەگەزبازەکانیش هەر لەم گروپەدا دەبن و بەهەمان کاری گۆڕینەوەی یەکتر هەڵدەستن.
ئەم جۆرە کەسانە لەم کارانەدا خۆیان لە قەرەی بیرکردنەوە رەوشتییەکان نادەن، تەنها شتێک کە دەیکەنە هاندەر بۆخۆیان، باوەڕ بەخۆهێنانیانە بە ئازادیی رەهاو دەڵێن: «چیت پێخۆشە ئەوە بکە».
کەسی ئاسایی لە کۆمەڵگە دانەبڕاو، رۆژانە تێکەڵ بە کەسانی لەخۆی باشتر و ئاسایی دەبێت، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و کردەوەکانیان لەگەڵدا دەکات، بەشدار دەبێت لە جیاکردنەوەی چاک و خراپەکان لەیەکتری، زیاتر بیر لە چەسپاندنی یاسا دەکەنەوە، بۆ هەموو هەنگاوێک دیوە یاساییەکەشی لەبەرچاو دەگرن و هەمیشە هەستی بەرپرسیارێتی لەبەردەمیاندایە.
ئەم جۆرە کەسانە تووشی تاوان نابن یان ئەگەر بوون، رەنگە تێوەگلابن یان زۆر بە کەمی تووش دەبن، تەنها ئەوانەی ئازادیی رەهایان کردۆتە رێچکەی ژیانیان، زیاتر تووشی تاوان دەبن، چونکە لە ژیانی ئاسایی چوونەتە دەرەوە.
پابەندنەبوون بە یاساکانی خێزان
خێزان کە لانەی ژیانی تاکەکانە، تێیدا ژیانی رۆژانە هەلومەرجی خۆی بۆ دانراوە، واتا یاسایەک هەیە کە ژیانیان بەڕێوەدەبات، هەر لەبەرئەمەشە پابەندبوونی تاکەکان بە یاسای خێزانیی خۆیانەوە، کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر پابەندبوونیان بە یاساکانی ناو کۆمەڵگەشەوە.
لای خوازیارانی ئازادیی رەها کۆمەڵگە بۆ گشت نییە، ئەوان لەناو دابونەریتی کۆمەڵگە دەچنە دەرەوە، بەمەش کۆمەڵگەکە بە هی خۆیان نازانن و لە دژی دەوەستنەوە، چونکە دەزانن کۆمەڵگە بە گشتی لەگەڵ رەفتارەکانی ئەواندا نییە و خۆیان لە کەمینەیەکی کەمدا دەبیننەوە.
لەبەرئەوەی باری دەروونی ئازادیی رەهاخوازەکان زوو تێکدەچێت، سەرەتا بەهۆی ئەوەی هەموو حەزەکان تاقیدەکەنەوە و بە دابڕانیشیان لە ژیانی ئاسایی، زۆر شت لەدەست دەدەن، وەک مانەوەیان لەناو خێزان و پابەندبوونیان پێیەوە و چوونە ژیانێکەوە کە لەگەڵیدا رانەهاتوون، یان تێوەگلان لە تاوان و زیندانی کردنیان، دابڕانیان لە دۆست و خزم و هاوڕێکانیان لەوانەی کە لەگەڵ ئەم جۆرە ئازادییەدا نین.
ئەوانە لەبەرئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی لایان لاوازە، ناشتوانن ئەرکەکانی سەرشانیان بەجێبێنن بۆ بەدەستهێنانی قووتی ژیانی خۆیان، لەمەشیاندا ئەگەر جار جار پەنا بۆ کارێک بەرن تا لەڕێیەوە پارە بەدەستبهێنن، بە بەردەوامی لەو شوێنی کارە نامێننەوە، چونکە رەفتارەکانیان رێگەیان پێنادات پابەندی هەلومەرجەکانی کارکردن ببن.
دەستبردن بۆ زەوتکردنی مافەکانی کەسانی دیکە لایان ئاسان دەبێت، دزینی پارەی گیرفانی کەسێک خۆشحاڵیان دەکات و بە بەشێک لە ژیانی ئازادیی رەهای دەزانن.
ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی پارە و درێژەپێدانی ئەو ژیانە، هاوڕێکانی خۆیان لە خشتەبەرن یان لە رێگەی تەڵە بۆ دانانەوە پارەیان لێبکێشنەوە.
نموونەیەک: کچێک بێ خواستی خۆی دەخزێتە ناو گروپێک کچ و کوڕی هاوڕێی، دەچنە ئاهەنگێکی خێزانییەوە لە ماڵی یەکێکیان، لەدوای بەسەر بردنی شەو و سەماکردن، چەند پیاڵەیەکیش دەدەن بەو کچە و وەک خۆیان مەستی دەکەن تا ئەوکاتەی رووتی دەکەنەوە و کچ و کوڕەکان یەک یەک چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە کۆمەڵی لەگەڵداتۆمار دەکەن. بۆ رۆژانی دواتر داوای لێدەکەن بۆ شوێنێکی هاوشێوە لەگەڵیان بچێت، بەڵام ئەو خێرا رەتی دەکاتەوە، چونکە گومانی جاری یەکەمی لادروستبووە، کاتێکیش هاوڕێکانی بەوە دەگەن کە بۆیان نایەتە سەربار، یەکە یەکە کورتەیەک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی بۆ دەنێرن و بەمە کێشی دەکەن بۆلای خۆیان، ئیتر وای لێدەکەن رێچکەی خراپتر لەوان بگرێت. 
ماددە هۆشبەرەکان بەکارناهێنن
ئەم جۆرە کەسانە مەرج نییە پەنا بۆ کێشانی مادە هۆشبەرەکان ببەن، بەڵام دووریش نییە تووشی ببن و دواتر سیفەتەکانی خۆیان وەک مرۆڤێک لەدەست بدەن تا ئەوکاتەی بەلادا دێن لە کەلاوەیەک، ژێر پردێک، کێڵگەیەکی دوورە دەست.
دەکرێت ئەم جۆرە کەسانە کەرەستەیەکی خاو بن لەبەردەستی هەرکەسێک کە بیەوێت بەکاریانبهێنێت بۆ مەرامێکی خۆی، بۆ نموونە کەسێک بە پارە سێکسیان لەگەڵدا دەکات، ئەوانیش لە بڕوایانەوە بە ئازادیی رەها، سێکسکردن لەگەڵ هەرکەس پێیان خۆش بێت ئاساییە و حەزەکانی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە، چ جای بگات بەوەی کە لەبەرامبەریشدا پارەیەک وەربگرن و حەزەکانی دیکەیانی پێ دەستەبەر بکەن.
زیرەکییان لە بیرکردنەوەدا بۆ قووڵبوونەوی کەشە ئازادییەکەیان، کەموکووڕیی نییە، تێکەڵن بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیرەکن لە چۆنێتی بەکارهێنانیدا، تەنها بەشوێن کەسانی وەک خۆیاندا دەگەڕێن و لە هەوڵی زیاترکردنی هاوچەشنی خۆیانن، بەڵام ئەم زیرەکییە بنەمایەکی بۆ بنیاتنان نییە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنن بۆ نمایشی خۆیان و رەفتارەکانیان، بانگهێشت بۆ ئەو کەسانە دەنێرن کە گومانی ئەوەیان لێدەکەن لەبار بن بۆ هاتنە ناو بژاردەی ئەوانەوە.
لای بەشێک لەو جۆرە کەسانە، ئازادیی رەها لە بوارێکدا دەگرنەبەر و پابەندی بەشەکانی دیکەی ژیان دەبن. 
نموونەیەک: لە ساڵی 2006 (هێندریک) کارمەندێکی هاوکارم بوو لە هۆڵەندا، شێفی بەشێکی کارەکە بوو، کچێکی پێنج ساڵانی هەبوو، جار جار ژنەکەی دەیهێنا بۆ سەردانی لەسەر ئیشەکە، ژیانیان ئاسایی بوو، کەسێکی پابەند بە یاساکانی کارەکەمانەوە بوو، هەفتەیەکی وەرگرت بۆ (فەکانسی) واتا پشوو کە بچێت بۆ بەلجیکا، دوای گەڕانەوەی لێم پرسی، کە پشووەکەی چۆن بەسەر بردووە؟ یەکسەر وتی هەر زۆر خۆش بوو، گروپێکی خۆش بوو، تا ئێستا لەگەڵ گروپی وا خۆش کاتمان بەسەر نەبردووە.
منیش سەرم بۆ دەلەقاند و گوێم دەگرت، پێم وابوو دەبێت لەگەڵ ئەو گروپە گەشتیان بۆ زۆر جێگە کردبێت، کەچی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: لەگەڵ هەر پێنجەکەی تر خەوتم، وتم مەبەستت چییە؟ وتی ئەی پێشتر خۆ بۆم باسکردی کە گەشتەکەمان لە رێگەی ئۆنلاینەوە رێکخستووە و شەش جووت بووین بۆ گۆڕینەوەی تاکەکان لەگەڵ یەکتریدا بۆ سێکس چووینە بەلجیکا، جا ماڵەکە ڤێللا بوو، زۆر گەورە و خۆش بوو، هەرچەندە هەموان هەر لەو هۆڵەدا دەبووین و هەر لەوێشدا کاری سێکسمان دەکرد. زۆر بە سەرسوڕمانەوە گوێم لەو شتانەی گرتبوو کە بۆ یەکەمین جار بوو گوێم لێبێت.
ئەم جۆرە کەسانە ئێستا لە زیادبووندان، لەو بوارەدا ئازادیی رەهایان بۆخۆیان هەڵبژاردووە و سنووری دەرەوەی خۆیان نابەزێنن و کەسیش بەزۆر لەڕێگەی تەڵە بۆنانەوە یان هەڕەشەکردن و هەڵخەڵەتاندنەوە بۆ ئەوە راناکێشن وەک خۆیانی لێبێت.
پێیان وایە دەبێت بە ئاسانترین شێوە خۆشترین ئەو شتانە تام بکەن کە هزر داوای دەکات، لە هەمووشیان زیاتر کە هەوڵی بۆ دەدەن، چوونە ناو جیهانی سێکسە بە ئازادی لەگەڵ یەکتریدا. 
توندڕەو نین و لاوازن لە بڕیاردان
ئەوان نایانەوێت تاوان بکەن و مەبەستیان نییە، واتا لە ناو ئازادیی رەهای ئەواندا کوشتن نییە و رقیان لە کێ بێت بیکوژن، نەخێر ئەوان هەموو هەنگاوەکانیان بۆ بەدەستهێنانی کاتە خۆشەکانە، بەڵام لەم رێگەیەدا تووشی تاوان دەبن، ئەگەر بگەنە ئەو ئاستەی دارایی ئەوەیان نەبێت کاتەکانی پێ بەسەربەرن.
هێندە هەڵدەکشێن و لە شەقەی باڵ دەدەن تا دەگەنە لووتکەی لەخۆباییبوون، ئیتر لێرەدا تووشی هەڵەی گەورە دەبن.
ئەو کەسانە لاوازن لە بڕیارداندا و خۆشباوەڕن، هەر ئەمەش وایکردووە کەوتوونەتە ئەم ژیانەوە، ئازا نین و ترسنۆکن، زۆریش گاڵتەیان بە جدییەت دێت، کەسێک دوو قسەی باشیان بۆ بکات، پێکەنینیان پێی دێت، لای ئەوان ئەوانەی لە دەرەوەی جیهانی ئەواندان لە خۆشییەکانی دونیا حاڵی نەبوون و نایانەوێت باش بژین. بەوانەی کە کاردەکەن و رۆژانە ماندوودەبن دەڵێن ئەوە نەزانە و هەر خەریکی کۆکردنەوەی پارەیە لە بری ئەوەی بەکاریبهێنێت بۆ خۆشی و دەستەبەرکردنی ئازادییە رەهاکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان