قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، دوێنێ سەردانی مەڵبەندی سێی رێكخستنی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و لەلایەن د.مەجید حەمەدئەمین لێپرسراوی مەڵبەند و ژمارەیەك لە هەڤاڵان، پێشوازیی لێكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە د.دارا رەشید ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەشداربوو، باس لە هەوڵەكان بۆ بوژاندنەوەی رێكخستنەكان و بەهێزتركردنی پێگەی یەكێتی كرا لە سنووری پارێزگای هەولێر و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە یەكڕیزیی ناوخۆیی، هێزی زیاتری داوەتەوە بە یەكێتی لە روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بەرامبەر نەیارانی یەكێتی.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكاندا باس لە بەهێزیی پێگەی ئێستای یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق كرا و ئاماژە بەوەدرا كە یەكێتی هەمیشە بە كردار سەلماندوویەتی بەهێزبوونی لە قازانجی هەمواندایە. ئەوەش دووپاتكرایەوە كە یەكێتی هەنگاوی بەرپرسیار و نیشتمانییانەی ناوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی بڕیار لەسەر پرسەكان دەدات، بۆ ئێستا و داهاتووش هەر هەنگاوێك لە خزمەت كوردستان و خەڵكەكەیدا بێت پشتیوانیی لێدەكات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، رۆشنایی خرایەسەر دۆخی ئێستای هەرێم و باروگوزەرانی هاووڵاتیان و جەختكرایەوە كە ناكرێت هێندەی تر قورسایی بخرێتەسەر ژیانی هاووڵاتیان و كێشەی دیكەی جیاجیا دروستبكرێت، بەڵكو پێویستە میكانیزمی باشتر بۆ چارەسەری كێشەكانی ئێستا بگیرێتەبەر.
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا كە یەكێتی ژمارەیەكی زۆر لە كادری بەتوانا و دڵسۆزی هەیە، بۆیە باشتر دەتوانێت خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكات و هاووڵاتیانیش چاوەڕێی ئەوەی لێدەكەن.