چۆن متمانە بەخۆی زیاد دەکات؟

12:09 - 2022-12-18
دووتوێ
490 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین


بنیادنانی متمانەی بەهێز لای منداڵ پێویستە بۆئەوەی بتوانێت لە ژیانیدا مامەڵە لەگەڵ ژینگەی چواردەوری بکات، هەروەها گرنگە تاوەکو دەروونی تەندروست بێت بۆ ئەو مەبەستە هەندێ رێگە هەیە دایک و باوک دەتوانن بیگرنەبەر تاوەکو متمانەی منداڵ بە خودی خۆی زیاد بکەن لەوانە:

ستایشکردن بۆ زیادکردنی متمانە 
ستایشکردنی منداڵ لەسەر کار و ئەو ئەرکانەی جێبەجێی دەکات گرنگە، بۆئەوەی بزانێت تۆ شانازی پێوە دەکەیت و پێزانینت بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانی هەیە جگەلەوە هانیبدە بۆ کردنی کاری باش و رەفتاری پۆزەتیڤانە، کاتێکیش ستایشی دەکەیت دەبێت دیاری بکەیت لەسەر چ رەفتارێکی باش ستایشت کردووە وەکو وتەی «ئافەرین لەگەڵ براکەت یارییەکانت بەش کرد» چونکە کاتێک دیاری دەکەیت لەسەر چ کارێک ستایشت کردووە سەرنجی رادەکێشیت بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدات لە کردنی رەفتاری پۆزەتیڤدا، بەڵام بە مەرجێک زیادەڕۆیی نەکەیت لە ستایشکردنیدا، چونکە ئەو کاتە ستایشەکە بەهای خۆی لەدەست دەدات و لە زیادکردنی متمانە کاریگەری نابێت لەبەرئەوەی ستایشی بەردەوام و بۆ هەموو شتێک وادەکات منداڵ هەستبکات هیچی بەجێنەهێناوە.
کەمێک مەترسی بۆ زیادکردنی متمانە
سروشتییە بتەوێت پارێزگاری لە منداڵەکەت بکەیت لە هەر مەترسییەک، بەڵام ئەنجامەکەی رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی نەهێڵیت هیچ شتێک تاقیبکاتەوە و هەڵە بکات و لە هەڵەکانییەوە فێرببێت، چونکە بەشێکی گرنگی کەسێتی منداڵ لە رێگەی فێربوون لە هەڵەکانییەوە دروست دەبێت و فێردەبێت جارێکی دیکە بە رێگە راستەکە بیکات، بۆیە گرنگە رێگەی بدەیت ئەزموونی نوێ تاقیبکاتەوە و دەتوانیت ژینگەیەکی سەلامەتی بۆ دابین بکەیت و لەهەمانکاتیشدا بواری بدەیت سەرکێشییەک تاقیبکاتەوە، وەکو دروستکردنی کێکێک لە ژێر رێنمایی تۆدا یان چاندنی نەمامێک پێکەوە..هتد.

یارمەتی بدە بڕیاری گونجاو بۆ تەمەنی خۆی بدات
بڕیاردان یارمەتیدەرە تاوەکو منداڵ متمانەی بەخۆی زیاد ببێت، دەتوانیت بژاردەی گونجاوی بخەیتە بەردەست بە پێی تەمەنی خۆی وەکو هەڵبژاردنی ئەو جلوبەرگەی دەیەوێت لەبەری بکات یان بۆ نانی بەیانی چی دەخوات یان ئەو یارییەی دەیەوێت یاری پێبکات، ئەو رەنگەی دەیەوێت لە وێنەکەیدا بەکاریبێنێت یان دەیەوێت بۆ پیاسە بۆ کوێ بچێت، رێگریکردن لە منداڵ بەوەی نەهێڵیت هیچ بڕیارێک بدات وادەکات متمانەی بەخۆی نەبێت و پێچەوانەکەشی راستە، بەڵام بێگومان بڕیاردانی منداڵ دەبێت بە شێوەیەک بێت چەند هەڵبژاردەیەکی گونجاوی بخەیتە بەردەست نەک هەمووی بە ئارەزووی خۆی بێت بۆ نموونە لە بری ئەوەی لێی پرسیت دەتەوێت چی لەبەر بکەیت؟ لێی دەپرسیت پانتۆڵ و بلوزەکەت لە بەر دەکەیت یان بەدلە کاوبۆکەت، چونکە ئەگەر هەڵبژاردەکانیش بە دڵی خۆی بێت رەنگە بڕیاربدات ئەو بەیانییە بەجلێکی شێوەی دایناسۆرەوە بچێت بۆ باخچە.  

لەگەڵ منداڵی دیکەدا بەراوردی مەکە
بە هیچ شێوەیەک مندڵەکەت بە خوشک و براکانی یان هاوڕێ و هاوپۆلەکانی بەراورد مەکە وەکو ئەوەی «بۆچی ناتوانیت لە پۆلدا وەکو هاوڕێکەت رەفتار بکەیت؟» یان «ئاستی خوشکەکەت ببینە لە خوێندنگە! بۆچی ناتوانیت تۆش بەو شێوەیە بیت؟» 
چونکە ئەو بەراوردکارییە وادەکات منداڵ گومان لە خۆی بکات و متمانەی بە تواناکانی نەمێنێت و کەسێتی لاوازبێت، بۆیە لەبری ئەوە دەتوانیت تەنیا بەراوردی منداڵەکەت بکەیت لە نێوان ئەمڕۆ و رابردوودا بۆ نموونە پێیدەڵێیت پێشتر نەتدەتوانی رستەیەک بە باشی بخوێنیتەوە، بەڵام ئێستا زۆر بە جوانی دەخوێنیتەوە، بەوشێوەیە وایلێدەکەیت متمانەی بە خۆی هەبێت و سەرنج بخاتە سەر دەستکەوتەکانی خۆی و پەرە بەخۆی بدات بە شێوازی تایبەت بە خودی خۆی نەک منداڵێکی دیکە.

بزانێت لە هەڵبژاردەکەی بێزاریت نەک لە خۆی
بەهۆی فشارەکانی ژیان یان بەسادەیی بە رۆژێکی سەختدا تێپەڕدەبیت و هەستکردن بە بێزاری  و توڕەیی بەهۆی هەڵەیەکی منداڵەکەتەوە ئاساییە بەسەرتدا زاڵ بێت، بەڵام پێویستە روونیبکەیتەوە هۆکاری توڕەییەکەت چییە و لە منداڵەکەت بگەیەنیت لەو هەڵبژاردە هەڵەیەی کردوێتی بێزاریت نەک خودی خۆی و واتێنەگات ئەو کەسێکی خراپە، بەڵکو هەڵبژاردەکەی هەڵە و خراپ بووە، تاوەکو متمانە بەخۆی لە دەست نەدات و سەرنجی ئاراستە نەکەیت لەسەر خودی خۆی وەکو ئەوەی بڵێیت «تۆ زۆر تەمەڵیت!» یان «بۆچی وا پیسوپۆخڵیت؟»  لە بری ئەوە دەبێت پێی بڵێیت «تۆ لەوە زیرەکتریت ئەو شتە نەزانیت دەتوانم بۆت روونبەکەمەوە تاوەکو تێدەگەیت یان ئەوە کارێکی پیسوپۆخڵە و پاکوخاوێن بیت باشترە».

هەندێ ئەرکی پێ بسپێرە
کاتێک منداڵ هەندێ ئەرکی پێدەسپێریت یان ستایشی دەستکەوتەکانی دەکەیت، وایلێدەکات هەست بە بەرپرسیارێتی و بەهای خۆی بکات و متمانەی بە خۆی زیاد بێت، یەکێک لەوانە دەتوانیت ئەرکی سادەی نێو ماڵی پێ بسپێریت وەکو چاککردنی جێگەکەی خۆی یان کۆکردنەوەی یارییەکانی یان سڕینی سەر مێزی خوێندنەکەی هەروەها وایلێبکە لە هەمانکاتدا جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە کارێکی چێژبەخش بێت، چونکە ئەو ئەرکانە وایلێدەکات تواناکانی پەرەبستێنێت و متمانەی بە خۆی زیاد بکات بۆ نموونە پێی ناڵێیت بڕۆ جێگەکەت چاک بکە، بەڵکو پێی دەڵێیت بزانم کاممان جوانتر جێگەکە چاک دەکەین، یان پێی دەڵێیت «بزانم لە کۆکردنەوەی یارییەکاندا لە دایکت خێراتری!».

کات لەگەڵ تەمەنی گەورەتردا بەسەر بەرن
منداڵ پێویستی بەوەیە هەندێ کات لەگەڵ منداڵانی بە تەمەن لە خۆی گەورەتر بەسەر بەرێت، بەڵام بە مەرجێک کەسێکی گەورە چاودێرییان بکات، ئەو کات بەسەربردنە وا لە منداڵ دەکات لەڕووی سۆزداری و هزرییەوە گەشە بکات لە رێگەی ئەو قسە و گفتوگۆیانەی لەگەڵ گەورەتر لە خۆی دەیکات، دەتوانیت لە کاتی کۆبوونەوە خێزانییەکاندا ئەوە بکرێت ئەو کارە وا لە منداڵ دەکات متمانەی بەخۆی زیاد بێت.

کەمێک سەربەخۆییان بدەرێ
هەستکردن بە سەربەخۆیی گرنگە و پێویستە بۆ منداڵ، هەرچەندە هەندێکجار قورسە بۆ دایک و باوک بیرلەوەبکەنەوە منداڵەکانیان پشت بە خۆیان دەبەستن و پێویستیان بە یارمەتی ئەوان نییە، بۆیە دەچن زیاد لە پێویست بە دەوریاندا دێن و هەموو کارێکیان بۆ دەکەن، بەڵام ئەوە وادەکات منداڵ متمانەی بە خۆی نەبێت و چەندە گەورەش بێت لە هەموو شتێکدا پشت بە دایک و باوکی ببەستێت، بۆیە پێویستە دایک و باوک کەمێک سەربەخۆیی بدەنێ و رێگەی بدەن پشت بە خۆی ببەستێت، بۆ نموونە کاتێک دەچنە پارکێک لە بری ئەوەی تۆ لەگەڵی بگەڕێیت هاوڕێی بۆ بدۆزیتەوە یاری لەگەڵ بکات، کەمێک بکشێرەوە و لە دوورەوە چاودێری بکە چۆن بە تەنیا هەوڵدەدات و پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی چواردەوریدا دەبەستێت و دەبێتە هاوڕێیان و یاری دەکات، ئەو هەستکردنە بەوەی گەورە بووە و بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی ناکەیت متمانە بە خودی خۆی زیاد دەکات. 

سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان