ئامار و ریكۆردە تایبەتەكانی ئەرجەنتین و فەرەنسا

12:06 - 2022-12-19
وەرزش
489 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ شەو یەکشەممە 18/12/2022 یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەر كرا، ئەرجەنتین بەپەنالتی و پاش یەکسانبوون 3-3، دواتر بەپەنالتی ئەرجەنتین لەفەرەنسای بردەوەو جامی 22 -مین مۆندیالی بەرز کردەوە، ریكۆرد و ئامارەكانی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
*ئەرجەنتین ئەمە شەشەمجارە دەگاتە یاریی كۆتایی مۆندیال، ئەڵمانییەكان تەنیا هەڵبژاردەن كە خاوەنی ریكۆردی زۆرترین گەیشتنن بەیاریی كۆتایی مۆندیال ئەویش 8 جارە.
*ئەرجەنتین لەكۆی ئەو شەش جارە كە گەیشتۆتە یاریی كۆتایی تەنیا سێ جار جامی مۆندیالی بردۆتەوە، ئەویش مۆندیالەكانی 1978 و 1986 و 2022 بووە.
*فەرەنسا دوای مۆندیالی 1998 ئەمە چوارەم جارە دەگاتە یاریی كۆتایی مۆندیال (1998، 2006، 2018، 2022)، لەكۆی سێ مۆندیالی رابردوو، دوو جامی مۆندیالەكانی  1998 و 2018 ی بردۆتەوە.
*فەرەنسا نەیتوانی ریکۆردی بەرازیل و ئیتاڵیا بشکێنێت کە بردنەوەی دوو جامی مۆندیالی یەك لەسەریەكە، پێشتر ئیتاڵیا نازناوی مۆندیالەکانی 1934 و 1938 بردۆتەوە، بەرازیلیش  1958 و 1962 دوو جامی یەك لەسەر یەكی بردۆتەوە.
*بەم یارییەوە ئەمە چوارەم جارە ئەرجەنتین و فەرەنسا لەمۆندیالدا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئەرجەنتین سێ یاریی بردۆتەوە، سێیەمیان ئەم یاریی کۆتایی مۆندیالەی قەتەر بوو،  بەڵام لەمۆندیالی رابردووی روسیا لە قۆناغی 16 هەڵبژاردە فەرەنسا 4-3 یارییەكەی لە ئەرجەنتین بردەوە، 
*لە دوای 10 رووبەڕووبوونەوەی نێوان فەرەنسییەكان بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئەمریكای باشوور، فەرەنسییەكان هیچ دۆڕاندنێكیان نەبووە (6 بردنەوە، 4 یەكسانبوون)، بەڵام لە یاریی 11دا ئەرجەنتین ئەو ریکۆردەی شکاند.
*ئەمە 11 یەمین یاریی كۆتایی مۆندیالە تیایدا هەڵبژاردەیەكی ئەوروپا و هەڵبژاردەیەكی ئەمریكای باشوور رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، لەكۆی ئەو 11 یارییە هەڵبژاردەكانی ئەمریكای باشوور 7 یارییان بردۆتەوەو جامی مۆندیالیان بەرز كردۆتەوە، لەو سێ دۆڕاندنەی وڵاتانی ئەمریكای باشووریشدا، دوانیان ئەرجەنتین  بووە (1990  و 2014 بەرامبەر ئەڵمانیا) دۆڕاوەو سێیەم بردنەوەی ئەوروپییەكان لە وڵاتانی ئەمریكای باشوور 1998 بوو كاتێك فەرەنسا لە بەرازیلی بردەوە.
*ئەرجەنتین دووەم هەڵبژاردەیە لەمێژووی مۆندیالدا یاریی یەكەمی بدۆڕێنێت و بشتوانێت بگاتە یاریی كۆتایی و نازناوەکەش بباتەوە، کە پێشتر ئیسپانیا لە مۆندیالی 2010دا یەكەم یاریی دۆڕاو توانی بگاتە یاریی كۆتایی مۆندیال و جامەكەشی بردەوە.
*لیۆنێل میسی بەم یارییەی كۆتاییەوە بوو بەیەكەم یاریزان بەشداریی زۆرترین یارییەكانی مۆندیال بكات كە 26 یارییە، یەكەم یاریزانیشە بتوانێت لە سەرجەم یارییەكانی قۆناغەكانی پاش 16 هەڵبژاردە بتوانێت لەسەرجەم یارییەكاندا گۆڵ بكات.
*لیۆنێل میسی لە 26 یاریی رابردووی مۆندیالدا 13 گۆڵ كردووە، 9 ئەسیستی هەیە، واتە بەشداریی لەتۆمارکردنی 22 گۆڵ هەبووە، کە لەم یاریی كۆتاییەدا دوو گۆڵی کردو یەک ئەسیستی هەبوو، بەوەش بوو بەیەكەم یاریزان لە مێژووی مۆندیالدا بتوانێت بەشدار بێت لەتۆمار كردنی 22 گۆڵ.
*لیۆنێل سكالۆنی تەمەن 44 ساڵ  دووەم گەنجترین راهێنەرە توانیبێتی هەڵبژاردەكەی لەمۆندیالدا بگەیەنێتە یاریی كۆتایی، پێشتر رۆدی فۆلەر – ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2002 دا لەتەمەنی 42 ساڵیدا توانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بگەیەنێتە یاریی كۆتایی، بەڵام سكالۆنی جامەكەشی بردەوە، دوای سیزار مینۆتی (39 ساڵ لەمۆندیالی ئەرجەنتین -1978)دا كە ئەمیش ئەرجەنتینییە، بوو بەدووەم گەنجترین راهێنەر بتوانێت جامی مۆندیال بباتەوە.
*دیدیە دیشامپ –ی فەرەنسی دووەم راهێنەرە لەمێژووی مۆندیالدا توانیبێتی هەڵبژاردەیەك لە دوو مۆندیالی لەسەر یەکدا بگەیەنێتە یاریی كۆتایی، پێشتر فیتۆریۆ بۆتسۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا توانیویەتی ئەم ریكۆردە تۆمار بكات ئەویش لە مۆندیالەكانی 1934 و 1938 دا.
*دیدیە دیشامپ  لەكۆی 19 یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مۆندیالدا، 14 یاریی بردۆتەوە، 2 یاریی یەكسان بووەو 3 یاریشی دۆڕاندووە، تەنیا هیلمۆت شۆنی ئەڵمانی یەكەم راهێنەرە لەو رووەوە و توانیویەتی 16 یاریی مۆندیال بباتەوە.
 

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان