هونەرمەندی شێوەكاری كۆچكردوو خالید سەعید لە دوا دیداریدا:

من دەرچووی (شینۆگرافیا)م كە قورسترین بەشە بڕوانامەی دبلۆمی عالی تێدا وەردەگیرا

11:23 - 2022-12-20
دووتوێ
388 جار خوێندراوەتەوە

 بەختیار سەعید

هونەرمەند خالید سەعید یەكێكە لەو هونەرمەندە شێوەكارانەی كە پانتاییەكی گەورەی لەنێو مێژووی هونەری شێوەكاری كوردیدا داگیركردووەو بەیەكێك لە كۆڵەكەكانی هونەری شێوەكاری كوردی لە سلێمانی دادەنرێت، بە مەبەستی ئاشنابوون بە ژیان‌ و شێوازی كاركردنی ئەم هونەرمەندە گەورەیە رۆژی 29/8/1991 هونەرمەندی شێوەكار خالید رەسوڵ دیدارێكی لەگەڵ هونەرمەند خالید سەعیددا سازداوە لەسلێمانی و ئەو دیدارانە بەمەبەستی دروستكردنی ئەرشیفێكی تایبەت بەهونەری شێوەكاریی كوردی سازداوەو تا ئەمڕۆش ئەو دیدارانە بڵاونەكراونەتەوەو كاسێتەكان لە ئەرشیفی كۆمەڵەی كەلەپوور و فۆلكلۆری كورددا پارێزراون، چونكە هونەرمەند ئەندامێكی ئەو كۆمەڵەیە بووە.
بۆ هونەرمەند خالید رەسوڵ-یش شایانی سوپاسە كە وەك هونەرمەندێكی شێوەكاری دڵسۆز ئەم جۆرە دیدارانەی سازداوە تا ئەرشیفێكی نەتەوەیی كوردی دروستبکرێت، منیش لێرەوە زۆر سوپاسی كۆمەڵەی كەلەپور و فۆلكلۆری كورد دەكەم كە ڕێگەیان پێدام ئەو دیدارانە بڵاوبكەمەوە تا نەوەکانی ئایندە بەشێوەیەكی چڕتر ئاگاداری ئەو مێژووە بن‌و هەوڵی دروستكردنی ئەو ئەرشیفە بدەین بەگشت لایەك.
*سەرەتا حەزدەكەین بۆ ئاشنابوونی نەوەی نوێ‌ لە ژیان‌و بەرهەمەكانی بەڕێزتەوە دیدارەكەمان دەستپێبكەین؟
-لە ساڵی 1927 لە گەڕەكی (دەرگەزێن)ی شاری سلێمانی لەدایكبووم، لە نەنكەوە دەگەڕێینەوە بۆ بنەماڵەی مەحمود بەگی میری میرانی تەلان لە هەورامانی تەخت، لە قوتابخانەی فەیسەڵییەدا دەستم بەخوێندن كردووە لەژێر چاودێریی مامۆستا فوئاد رەشید كە لە زمانی كوردی و ئینگلیزیدا زۆر قاڵە و لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە منی بۆ وێنەكێشان هانداوە، پاشان لەساڵی 1953دا، لە قۆناغی ناوەندییەوە چوومەتە پەیمانگه‌ی هونەرە جوانەكان‌ و لە ساڵی 1956دا بوومەتە مامۆستا لە سلێمانی.
*ئەو خوێندكارە كوردانەی كە لەگەڵتابوون لەپەیمانگا كێبوون؟
- محەمەد عارف رەواندزی شێوەكار، سەلمان شاكری شێوەكار، هەروەها لەبواری موزیكدا جەلال عەزیز، ولیەم یوحەننا، مستەفا عەبدولڕەحمان، ئەحمەد حامی لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی تر كە ژمارەیان نۆ هونەرمەند بوون.
*هونەرمەند بەدیع باباجان لەگەڵ ئێوە نەبوو؟
- بەدیع باباجان ساڵێك پێش ئێمەبوو، كە توانی خۆی خۆی پێبگەیەنێت، هەرچەندە من لە پەیمانگه‌ نەمبینی، لەدوای ئێمە پەیمانگه‌ بوو بە چوارساڵ و بووە ئەكادیمیا، پاشان كە گەڕامەوە سلێمانی، بۆ ماوەی دوو ساڵ وانەی وێنەم لە قوتابخانەی سەرشەقام دەوتەوە، پاشان لەساڵی 1958دا پلەی (بعثة)م هەبوو كە بەرەو ئیتالیا رۆیشتم، ئەو بەشەی كە ئێمە وانەمان تێدا دەخوێند، بە گرنگترین‌ و قورسترین بەش دەژمێردرا، بۆ نموونە بەشی دیكۆر، یاخود بەشی نیگاركێشانی تێدایە كە هەریەكە و مامۆستای تایبەتی هەبوو، لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك هونەرمەندی عیراقیمان لەگەڵدابوو لە پەیكەرسازیدا لەوانە محەمەد غەنی و سادق رەبیع لە وێنەكێشان غانم ماهر لە كوردەكانی سوریا فاتح المدرس-مان لەگەڵدابوو كە یەكێكە لە وێنەكێشە بەناوبانگەكانی سوریا، بەشەكەی ئێمە پێی دەوترا (شینۆگرافیا) كە قورسترین بەشە بڕوانامەی (دبلۆمی عالی)تیادا وەردەگیرا، بەڵام بەشەكانی تر بەتەنها بڕوانامەی (دبلۆم)ی تێدا وەردەگیرا.
*شینۆگرافیا بەمانای چی دێت؟
- بەزمانی ئیتالی شینۆ بەواتای شانۆ دێت، گراف بەواتای وێنە دێت، هەروەك دەوترێت فۆتۆگراف، گراف لەلاتینیدا بە واتای وێنە، یان نەخش دێت، وشەی شینۆگرافیا بەمانای نیگاری شانۆ دێت، كۆن لە شانۆدا سێ‌ پەردەیان دەكێشا كە یەكەمیان لەپشتەوە و دووانیشیان لەملاو ئەولاوە، ئەم سێ‌ پەرەدەیە لە ئینگلیزیدا ماوەتەوە، ئەمە (توێژینەوەی بیناسازی، توێژینەوەی جلوبەرگ، ئارایشت، وێنەگرتن بە رەش‌و سپی، وێنەگرتن بەڕەنگاو رەنگ) دەگرێتەوە.
*ئەو بەشەی كە تۆ خوێندوتە دیكۆر ناگرێتەوە؟
-نەخێر دیكۆر نییە، دیكۆر زەخرەفەیە، نەخشەیە، ئەوەی ئێمە شینۆگرافیكی پێدەڵێن.
*چەند ساڵ لە ئیتالیا مایتەوە؟
- پێنج ساڵ كە ساڵێكیان نەخۆش كەوتم تێیدا و نەمتوانی درێژە بەخوێندن بدەم، پاشان لەدوای گەڕانەوەم بۆ عیراق لە مانگی هەشتی 1964دا لە تەلەفزیۆنی بەغدا دامەزرام لە بەشی دیكۆر و بۆ ماوەی ساڵ ‌و نیوێك كارم لەم بەشەدا كرد پاشان (بعثات)هات‌ و چووم بۆ ئەڵمانیای دیموكرات‌ و لە تەلەفزیۆنی ئەڵمانیای دیموكرات لەهەمان بەشدا كارمكردووە، بەڵام خۆم جگە لەو كارە خولیای وێنەگرتنیشم هەبوو كە زۆر دیمەنی جوانم تۆماركردووە، مانەوەم لە ئەڵمانیا ساڵ و نیوێكی خایاند ‌و پاشان بڕوانامەی (ئارت دایرێكشن) یاخود (پسپۆڕی هونەر)یان پێبەخشیم‌ و پاشان گەڕامەوە بەغدا و دوای ساڵ و نیوێك (بعثة)ی تر هات دەستنیشانكرام بۆ لیبیا و لە دامەزراندنی تەلەفزیۆنی لیبیادا بەشداریم كرد و ئەم سەردانەشم ساڵ و نیوێكی خایاند و پاشان لە رێگەی رۆماوە گەڕامەوە بەغدا، 
من لەكۆنەوە دیمەنی كوردستان وای لێكردووم كە وەك كامێرایەكی ڤیدیۆ دیمەنەكانی لەناخمدا چەسپدەكرد، دادەنیشتم بەو شێوازەی خۆم دامدەڕشت، بەڵام لەدوای ئەوەی كە چوومە پەیمانگە لەژێر رێنماییەكانی یەكێك لە باشترین مامۆستاكان كە هونەرمەند (جواد سەلیم) بوو كە بەشێوەیەكی زۆر باش رێنمایی خوێندكارانی دەكرد، بەڵام مامۆستاكانی تر هاوتای ئەم نەبوون، من لە (نەحت‌ و سیرامیك‌ و وێنەكێشاندا) كارم كردووە.
*لەپەیمانگە مامۆستایان ئازاد شەوقی، بەدیع باباجان-تان لەگەڵدا بوو؟
-بەڵێ‌، بەڵام مامۆستا بەدیع باباجان پێش ئێمەبوو.
*بزوتنەوەی هونەری شێوەكاریی كوردی پێش ئێوە چەند هونەرمەندێك هەبوون كە خۆڕسكانە كاریان كردووە وەكو حەسەن فەلاح، بەڵام ئێوە هونەرتان وەك زانستێك خوێندووە لە پەیمانگەدا و پاش تەواوكردنی پەیمانگە و گەڕانەوەتان بۆ شارەكانی كوردستان دەتوانین بڵێین رەوتی هونەری شێوەكاریی لەسەر دەستی ئێوەدا رەوتێكی نوێی بەخۆوە بینبووە؟
- بەڵێ‌، بۆ نموونە من لە قوتابخانەی سەرشەقام خوێندكارم هەبوو، ئەو فێركردنەی كە من فێرم دەكردن، زۆر سەركەوتوو بوو، چونكە بەشێوەیەكی زانستییانە پەروەردەكران كە لەو خوێندكارانە (لالە عەبدە) بوو كە بووە هونەرمەندێكی سەركەوتوو كە دواتر لەگەڵ (عەتا قەزاز)دا كاریان بۆ رۆژنامەیەكی كوردی دەكرد کە لەبەغدا دەردەچوو.
*ماوەی چەند ساڵ لە تەلەفزیۆنی بەغدا كارت كردووە؟
-لەساڵی (1964-1987)دا لە تەلەفزیۆنی بەغدا كارم كردووە و زۆربەی دیكۆری گۆرانییە كوردی‌ و عەرەبی و ئاشورییەكان من کێشاومە و دروستمکردووە، لە هونەرمەندە كوردەكان (عەلی مەردان، خوداداد عەلی، حسین عەلی) و لەهەمانكاتدا دیكۆرم بۆ تەمسیلییە كوردییەكان كردووە كە ژمارەی تەمسیلە كوردییەكان (114) تەمسیلی بووە لەوانە (پاڵتۆ، مەرەزە، پژمین) هونەرمەند كاوەی ئەحمەد میرزا و هــــاوڕێكانی دەهاتن، نوری وەشتی و برادەرەكانی مەكی عەبدوڵڵا و برادەرەكانی، هەروەها تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە، تیپی مۆسیقای دهۆك، تیپی مۆسیقای خانەقین و سەرجەم چالاكییە كوردییەكان لەسەر ئەستۆی من بوو.
*لەو هونەرمەندانەی كە ئێستا ناوبانگیان هەیە چەندیان خوێندکار بوون لەلات؟
-لالە عەبدە.
*ئاشنایەتیتان لەگەڵ هونەرمەند حەسەن فەلاح هەبووە؟
-من منداڵ بووم كە بۆ یەكەمجار حەسەن فەلاحم لە چایخانەكەی (رەشۆڵ)ی گۆرانیبێژی كۆچكردوو بینی كە نیگاری دەكێشا، مادەكانیشی كە بەكاری دەهێنان، هەندێكیان (بۆدرە) بوو لەناو كاغەزدا كە لە قەفقاسەوە دەهات بۆ نەخش ‌و نیگاری خانوو بەكاری دەهێنا، ئەوەی كە سەرنجراكێش بوو كاتێك (فیگەری) دەكرد لەسەرەوە دەستی پێنەدەكرد، بەڵكو لەقاچەكانییەوە دەستیپێكردووە و پاشان بەرەو سەرەوە، هەروەها شارەزای زۆر زمان بوو، تەنانەت لەو دەمەی فەرەنسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوی دوكان ‌و دەرەبەندیخان بوون، حەسەن فەلاح ماكێتی بەنداوەكەی بۆ دروستكردن، هەرچەندە هونەرمەندێكی خۆڕسكی زۆر سەركەوتوو بوو، بەڵام بێكەس‌ و بێ‌ لانەبوو، كە دواتر لەكوێت چاوەكانی لێك نا، تەنانەت لەساڵی 1946دا بەشداریكردووە لە دیكۆری شانۆیی (لەپێناو نیشتماندا)، پاشان دیكۆری شانۆیی (پیسكەی تەڕپیر)ی رەفیق چالاك، من ‌و ئازاد شەوقی پێكەوە کردمان و داهاتی شانۆییەكە بۆ ئەو ماڵانەبوو كە تووشی زیانی بوومەلەرزە هاتبوون.
*ئایا پێش حەسەن فەلاح هونەرمەندی شێوەكاری ترمان هەبووە؟
-من هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم وێنەی جۆراوجۆریان لەسەر سندوقی بوراق دەكێشا، بەڵام ئێمە مامۆستایەكمان هەبوو كە شێوەكار بوو بەناوی مەجید رەشید بەكر و شێخ مستەفا بەرزنجی هەرچەندە لەوانەیە نەتوانین دەستنیشانی هونەرەمەندە كوردەكان ئەوەندە بەئاسانی بكەین، ئێمە تەنانەت لە میسر هونەرمەندی شێوەكاری كوردمان هەبوو كە دوو برا بوون خەڵكی كوردستانی توركیا بوون كە یەكێكیان ناوی (سەیف والی) بوو كە خاوەنی چەندین لێكۆڵێنەوەی هونەرییە لەنێو گۆڤارەكانی میسردا و لەشاری قاهیرە نیشتەجێ‌ بوون.
*ئایا ئێمە دەتوانین بڵێین كورد خاوەنی هونەری بیناسازییە؟
-بەڵێ‌، لە ئێمەوە بۆ نەتەوەكانی ترچووە، بۆ نموونە لەناو خانووەكانی ئێمەدا جۆرێك تاقكراوە كە لە شێوەی دڵدا دروستكراوە، بەڵام عەرەبەكان دەڵێن كورد لە ئێمەی وەرگرتووە كە راستییەكەی وەستاكانی شاری سنە داهێنەری ئەو شێوازە بوون، لەهەمانكاتدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە (بێستون) واتا (بێكۆڵەكە)ئەوەی كە هەڵیكەندووە كە لەداستانی (شیرین ‌و فەرهاد) دایە، ئەگەر (ماد) بێت یاخود (ساسانی) هەر كوردە و فارس نییە، چونكە فارس بەمانای ئەسپ سوار دێت، ئەمانە تیرەیەك بوون لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتوون لەگەڵ عەرەبەكاندا یەكیان گرت، زمانەكانیان تائێستا تێكەڵە هەروەك زمانی (ئۆردۆ، تورك) لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتوون، عەرەب لەبیابانەوە هاتوون.
 ئێمەی كورد لەكۆنەوە هونەرمان هەبووە لەسەردەمی بەردینەوە، ئەوكەسەی كە بتوانێت پەیكەری عەشتار بكات ئەوە هونەرمەندێكی كوردە كە پەیكەرەكەمان لە (چەرمو) دۆزییەوە كە مێژووەكەی بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش زانین دەگەڕێتەوە، تەنانەت ئەو جێ نزرگانەی كە بۆ جەژنی نەورۆز كراوە كە لە شاخەكاندا هەڵكەندراون (پێپلیكەی هەیە، ژوورە، پەیكەرە، مولحەقە) ئەوانە هەمووی گەلی كورد نەخشاندوێتی و تایبەتە بە جەژنی نەورۆز، كاتێكیش دەڵێیت بیناسازی ئیسلامی، زۆربەیان خەڵكی غەیرە عەرەب كردوویانە، تەنانەت ئەگەر باس لە مۆسیقای ئەندەلوس بكەین كە كێ‌ دایناوە؟ وكەی بووە؟ رۆژنامەی (الجمهوریة)ی میسری ساڵی 1965 دەربارەی ئەو مۆسیقایە نووسیوێتی (مۆسیقای ئەندەلوس) لەلایەن هونەرمەندێكی كوردەوە بەناوی (زۆراب)ەوە دانراوە و تەنانەت نووسینگەیەكی بۆ فێربوونی مۆزیك كردۆتەوە، كە زۆراب خەڵكی كوردستانی توركیایە، بەڵام عەرەبەكان دەڵێن دانەرەكەی (ئیسحاق موسڵی)یە، بەڵام كێ‌ دەڵێت ئەم ئیسحاقە مەسیحی كورد نییە و كێ‌ دەڵێت عەرەبە؟! تەنانەت ئەو كاتەی كە من لە لیبیا بووم (یانەی كورد) هەیە كە (رم بازێن)و دەهۆڵ‌ و زوڕنای تیاداكراوە، بەڵام عەرەبەكان هاتوون ناوەكەیان كردووە بە (نادي الصیف)كە هەموویان كوردن ‌و چەندین گوند و بیناسازیی كوردی تێدایە، كە بۆ خۆم چەندین ماڵم بینی لە (قەلعە، تەڕابلس) لە ماڵە كۆنەكانی سلێمانی دەچێت، كە پێشتر لەئەشكەوتەكاندا ژیاون.
زۆر لە كورد بەهۆی شەڕو شۆڕی بەردەوام لە نیشتمانەكەیاندا بەتایبەتی لە كوردستانی توركیادا روویان لە میسر كردووە و گەڕەكێكیان بەناوی (ئەخلاتیەكان) لە شاری قاهیرە پێكهێناوە، تەنانەت زۆر لەو ئەكتەر و هونەرمەندانەی ئەمڕۆی میسر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو كوردانەی كە كۆچیان كردووە.
*دێینەوە سەر كارەكانی خۆت ئەو كارانەی كە کردووتن، سەر بە چ قوتابخانەیەكن؟
-لەساڵی 1950وە بە واقیعی كارمكردووە، هەرچەندە لە بواری زەخرەفەدا جۆرە كارێك دەكەم كە تا ئەمڕۆ نییە و خۆم داهێنەرەكەیم ‌و لەكارەكانمدا بۆیەی رۆنی‌ و پاشان پاستیلم بەكارهێناوە و لەم دواییەدا كە بۆیەی ئاوی دەركەوت، كارم بەئاوییش كردووە، بەڵام گرنگییەكە لەوەدایە كە بزانیت ئەو جۆرە بۆیانە بۆ چ بابەتێك بەكاردەهێنرێت.
*ئێمە مامۆستایەكمان هەبوو كە هونەرمەند (لالە عەبدە) بوو كە زۆر باسی ئێوەی دەكرد، وا هەست دەكەم لەبۆیەی ئاوی-دا زۆر شارەزابووە و بەردەوام باسی ئەوەی دەكرد كە ئێوە مامۆستای بوون ‌و فێرتان كردووە؟
-لالە عەبدە لە هێڵكاریدا زۆر بەهێزبوو، هەروەها لە رەنگیشدا بەهەمان شێوە، بەڵام هونەرمەند كە لەهێڵكاریدا بەهێزبوو، ئەوی تری ئاسانە، بۆ نموونە هونەرمەند (عەلی سەلیم) لە هێڵكاری ‌و رەنگدا زۆر باشە، بەڵام لایەنی زانستی هونەری نەخوێندووە كە دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە (مەنزور)دا هەڵە بكات.
*كارەكانی هونەرمەند جەمال بەختیار چۆن بووە؟
-جەمال بەختیار دراوسێمان بوو هەروەها هونەرمەندێكی باشبوو.
*ژمارەی تابلۆكانت چەند بووە؟
-ئەو تابلۆیانەی كە بۆ فرۆشتن كردوومە ژمارەیان 80 تابلۆ دەبێت، بەڵام ئەوانەی كە بۆ خۆم دروستكردووە، چەند تابلۆیەكن، بۆ نموونە كە لە ئەڵمانیا و ئیتالیا بووم كەئیشم كردووە فرۆشتوومن هەر بۆیە لەلای خۆم نەماوە.
*جوانترین ئیشی خۆت كە كردبێتت بەلای خۆتەوە كامەیە؟
- سێ‌ كۆمەڵە بوو هەرسێكیان لەناوچوون، كۆمەڵێكیان لەلای مامۆستا زەبیحی فەوتان، كۆمەڵەیەكی تر كە لەڕێگای فڕۆكەوە ناردم بۆ لەندەن تا چاپبكرێت، بەڵام نەمزانی چیان لێهات، هەروەها كۆمەڵەی سێیەم كە (12) تابلۆ بوو دابووم بە بەڕێوبەری پەروەردە و ئەویش بەخشیبووی بە مەلیك، ئیتر ئەنجامەكەی نازانم بەچی گەیشت كە دوو تابلۆیان زەیتی بوو ئەوانەی تریان ئاوی بوون، بەڕاستی لەگەڵیاندا هیلاك ببووم.
*نوێترین كارت چییە؟
-ئێستا سەرقاڵی جۆرێكی نوێم لە نەخش كە تائەمڕۆ نەکراوە، جۆرێكی تریشم پەیڕەوكردووە كە ئەویش ئەندازەییەكە بەیەك رەنگ یاخود دوو رەنگ كارەكە تەواو دەكەیت، لەشێوەی بیناسازیدا، هەروەها چەند تابلۆیەكی ئاوی ‌و پاستیلم هەیە كە ئێستا چەند دیمەنێكم لەگەڵ خۆمدا هێناوە.
*لەهونەرمەندە كوردەكان كاری كامیان پەسەند دەكەیت؟
-بەدیع باباجان.
*هەوڵتان نەداوە پیشانگە بكەنەوە؟
-بەڵێ‌ لەساڵی 1951دا لە سلێمانی پیشانگەیەكم لە قوتابخانەی فەیسەڵییە كردەوە و پاشان بۆ شاری (كەركوك)یشم بردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان