راپۆرتی، جێگر خدر
ئهندامێکی لیژنهی دارایی رایگهیاند، لە چارەکی یەکەمی ساڵی نوێ، پڕۆژهیاسای بودجهی ساڵی 2023 پهسەند دهكرێت و چاوەڕێ دەکرێت کورتهێنان روونەدات.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: کارنامەی حکومەتی نوێ وایکردووە، پەلە بکرێت لە رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە پرۆژەکە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، ئەگەرچی هێشتا دڵنیا نین ئەو گوژمەیە چەندە، کە بۆ ساڵی داهاتووی عیراق دەخەمڵێنرێت، بەڵام بارودۆخی عیراق وادەخوازێت، پڕۆژەیەکی گەورە بگاتە پەرلەمان.
پڕۆژەیاساکە گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی
بەهۆی ئەوەی کابینەی پێشوو کاربەڕێکەربوو، دەسەڵاتی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی نەبوو. بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و بنبەستی سیاسییەوە، پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە ساڵێک دواکەوت. ساڵی 2022 عیراق یاسای بودجەی نەبوو؛ لەسەر بنەمای یاسای ئیداریی دارایی یەک لەسەر 12ی یاسای بودجەی ساڵی 2021 خەرج دەکرا. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت:لەسەر حکومەت پێویست بوو، 15ی مانگی 10 پڕۆژەیاساکە بنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتەوە پڕۆژەیاساکەش دواکەوت، ئێستا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی بەم نزیکانە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و پاشان رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
لە ماوەی رابردووشدا مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق رایگەیاندبوو، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 ئامادەکراوە، بەڵام بە وتەی د.نەرمین مەعروف، حکومەتی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، مافی خۆیەتی گۆڕانکاریی لەو رەشنووسەدا بکات و پێداچوونەوە بۆ
بڕگەکانی بکات.
شایستە داراییەکانی هەرێم
لەبارەی جێکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێم لەنێو پڕۆژەیاساکە، د.نەرمین ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کورد لە پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیدا پێکهێنەرێکی سەرەکییە و تەوافوق و لێکتێگەیشتنێکی پێشوەختە هەیە، بۆیە باوەڕی وایە شایستە داراییەکانی هەرێم لەم بودجەیەدا جێدەگرێت و مافەکانی هەرێم بدرێت، وێڕای ئەوەی لەنێو پڕۆژەیاساکەدا بواری گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی بەغدا و هەرێم لەبارەی میکانیزمی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم هەیە.
هەر سەبارەت بەو باسە، د.جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت: بودجەی 2023 چاوەڕێکراوە کە گوژمەیەکی گەورەیە.
نرخی دۆلار گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت
سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی دۆلار، بەشێک لە لایەنە عیراقییەکان داوای دابەزاندنی نرخەکەیان کردووە، بەڵام ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێیوایە، هەمان نرخی رابردوو جێگیر دەکرێت و گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت. پێشووتر، بانکی ناوەندیی عیراق، لە 20ی 12ی 2020دا بڕیاریدا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراق زیاتر لە 101 تریلیۆن دینار بوو، نرخی نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێندرابوو، ئێستا نرخی نەوت نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو نرخەیە و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش وا پێشبینی دەکەن، پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بە قەبارەیەکی زۆر زیاترەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.