چاویلکەکەت بدە بە سەیارەی خۆڵەکە!

10:39 - 2022-12-22
کەلتور
1760 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

لەم نووسینە کورتەدا لە پەیوەندی لەگەڵ چاو و کێشەکانی چاودا بەشێک لەم راهێنانە دەخەمەڕوو کە لە ماڵی یۆگای هەناسە بەکاریان دێنینین، هاوکات بەناو ئاماژە بە هەندێ لەو ئازیزانە دەکەم کە خۆیان رازی بوون لەم نووسینەدا ناویان بێنم کە لە ماڵی یۆگای هەناسە لەم پەیوەندییەدا سوودیان زۆر بینیوە.

چاوەکان بۆ کز دەبن؟
نەخۆشییەکانی چاو کەمن و لەناو بەساڵاچووەکانیشدا نەبێ زۆر بەربڵاو نین، کەچی لەناو منداڵان و گەنجاندا و بەگشتی لەخوار تەمەنی شەست ساڵیدا چاویلکە لەچاو زۆر دەبینین، خەڵکێکی زۆر هەیە بینایی دابەزیوە و ناچارە چاویلکە بەکار بێنێت. ئەو هۆکارانەی لەپشت دابەزینی بینایی مرۆڤەکانەوەن لەم سەردەمەدا بریتین لە زۆر بەکارهێنانی شاشەکان، خەوی ناڕێک، خۆراکی ناسروشتی، راهێنان نەکردن، ژیان لەناو دیوارەکاندا، سەیرنەکردنی شوێنی دوور و ئەملاوئەولا، پاڵەپەستۆی زەینی و کەڵەکەبوونی ژەهرەکان لە لەشدا.

چی بکەین؟
لەڕاستیدا ئێمە ناتوانین خۆمان لەم بارودۆخەی ئێستا بەتەواوی بپارێزین، بەڵام دەتوانین بەڕێوەبەری بەشێک لە ژیانی خۆمان لەناو ئەم بارودۆخەدا بین، بۆ نمونە دەتوانین رۆژانە یەک سەعات بۆ یۆگا و هەر وەرزشێک وەلاوە بنێین کە حەزمان لێیەتی، دەتوانین چاکسازیی لە بواری خۆراک و خواردندا بکەین، دەتوانین شەوان زووتر بخەوین و بەیانیان زووتر لەخەو هەڵسین، دەتوانین کەمتر سەیری شاشەکان بکەین، دەتوانین رووناکی دەستکردی ناو ماڵەکانمان و ناو ژوورەکەمان هەندێ کەم بکەینەوە، دەتوانین جاروبار بڕۆینە دەرەوەی شار و لە شوێنەبەرزەکان سەیری دوور بکەین و...هتد!

چاویلکە و قەترەت ناوێ!
کاتێ کەسێک بینایی کز دەبێ چاویلکە و کاتێ چاوەکانی وشک دەبن قەترە بەکار دێنێ، بەڵام هیچیان چارەسەر نین، بەڵکو لەدرێژخایەندا کاریگەریی خراپ دادەنێن، بۆ نموونە چاویلکە بەرە بەرە بینایی زیاتر دادەبەزێنێ و دەبێ چاویلکەکە بگۆڕیت، یان چاوەکان بە هۆی قەترەکەوە هەستیارتر دەبن و دەبێ قەترەیەکی زیاتر بەکار بێنین. ئێمە لەماڵی یۆگای هەناسە ئەزموونی پێچەوانەی ئەمەمان هەیە، سەرجەم ئەو کەسانەی راهێنان و رێنماییەکانیان بە رێک و پێکی کردووە چاویلکەیان فڕێداوە، ئەوانەش کە جاروبار کردوویانە و زۆر جدی نەبوون رێژەیەک لە بیناییان بۆ گەڕاوەتەوە و چاویان تاڕادەیەک بەهێزبۆتەوە و چاوەکانیان وشکی و ژانیان نەماوە. تەنانەت یەک حاڵەتمان هەبوو پزیشکەکەی پێی گوتبوو ئەگەر نەشتەرگەریی نەکەی بیناییت بە تەواوی لەدەست دەدەیت، کەچی لەماڵی یۆگای هەناسە چاک بوویەوە.

ئەزموونی هاوڕێیان
نیشتمان عەبدولقادر دەڵێ: (ماوەی سێ تا چوار مانگ راهێنانی «ڤیپاریتا کارانی»م کرد، چاوەکانم نیودەرەجە بیناییان بۆ گەڕایەوە و چاویلکەکەم گۆڕی). لاڤین دلێر دەڵێ: (من چاوەکانم وشک بوون و هەندێجار ژانیان دەکرد و دەبوو رۆژانە چەند جارێک قەترە بەکار بێنم، بە تایبەتی بەیانیان تا قەترەم لەچاوەکانم نەکردبایە لەبەر ئازار نەمدەتوانی چاوەکانم بکەمەوە، بەڵام بە هۆی راهێنانەکانی یۆگاوە ئێستا بەخۆشحاڵییەوە ئەو کێشەیەم نەماوە و چاوەکانم چارەسەر بوون). فازیل حسێن حەمەدەمین خەڵکی شارۆچکەی تەقتەق دەڵێ: (دوای شەش مانگ لە بەشدارییکردن لە راهێنانەکانی ماڵی یۆگای هەناسەدا بینایی تەواو بۆ چاوەکانم گەڕایەوە و چاویلکەکەم فڕێ دا.) ئاریان نەوزاد دەڵێ: (چاوەکانم هەم زۆر کزببوون، هەم وشک بوون و دەبوو قەترە بەکار بێنم، هەم ماسولکەکانی چاوم ژانیان دەکرد، بەڵام بە هۆی بەردەوامیم لە راهێنانەکان لە ماڵی یۆگای هەناسە، چاوەکانم بینایی تەواویان بۆ گەڕایەوە و چاویلکەم فڕێدا، پێویستم بەقەترە نەما و ماسولکەکانی چاویشم چالاکبوونەوە و ژانیان نەما، دیارە راهێنانەکان نەک هەر لەم بوارەدا، بەڵکو لەسەر کۆی جەستە و زەین و ناخم هەمان کاریگەرییان داناوە.) لەڕاستیدا زۆر هاوڕێی تریش لەم پەیوەندییەدا هەمان ئەزموونیان هەیە و بەڵام حەزیان نەکرد لەم نووسینەدا ناویان بهێنرێت.

ئەو کەسانە نەیکەن!
ئەم راهێنانەی لێرەدا ئاماژەیان پێدەکرێت، ئەو کەسانەی چاویان ئاوی رەش یان سپی هەیە، یان کێشەی تۆڕی چاو و گلێنەی چاو هەوکردنی هەندێ لە بەشەکانی چاویان هەیە بەڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی چاوەکانیان دەبێ بیانکەن، ئەگەر یەکێک لەم حاڵەتانەت هەیە تکایە سەرەتا لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکە. لێرەدا پێویستە تەنیا ئاماژە بە سێ راهێنان بدەم، هەر کەس ئەم سێ راهێنانە بکات نەک چاویلکەکەی فڕێدەدا، بەڵکو لە سەدا نەوەد دەبێ بە پزیشکی جەستە و گیانی خۆی. ئەگەر ئەم راهێنانانە لەژێر چاودێری مامۆستایەکی شارەزادا بکەی زۆر باشە، بەڵام ئەگەر خۆت ویستت لەماڵەوە بیانکەیت سەرەتا لە ئەنتەرنێتدا بۆیان بگەڕێ و هەموو زانیارییەکیان لەسەر چۆنییەتی کردنیان و سوود و زەرەرەکانیان کۆ بکەرەوە و دواتر بە کردار دەستیان پێ بکە.

گەرمکردنی لەپی دەستەکان
هەر کاتێ ویستت راهێنانەکانی چاو دەست پێبکەیت سەرەتا چەند جارێک ئاوی سارد بە چاوەکانت دا بکە، شۆردنی چاوەکان بە ئاوی سارد جوڵەی خوێن لە چاوەکان و دەورووبەری چاوەکاندا زیاد دەکا، دوای ئەوە دەستەکانت وشک بکەرەوە و ئارامی لەسەر کورسی یان لەسەر زەوی بە پشتی رێکەوە دابنیشە، سەرت هەندێ بەرز بکەوە و چاوەکانت دابخە و لەشت ئارام و خاو بکەوە، بە ئارامی، بە بێ ئەوەی زۆر لە خۆت بکەیت لەپی دەستەکانت لە یەکتری بخشێنە و گەرمیان بکە، لەپی دەستت دەکاتە چاڵاییەکە، ئەو چاڵاییە گەرم دادێ و بە ئارامی چاڵاییەکە نەک پەنجەکانت بخە سەرچاوەکانت، لە ژێرەوە چاوەکانت خاو بکەوە و هۆشت لەسەر ئەو گەرمییە بێ کە لە لەپی دەستەکانتەوە بەر چاوەکانت دەکەوێ، بۆ ماوەی دوو خولەک لەپی دەستەکانت لەسەر چاوەکانت بهێڵەرەوە و پاشان دەستەکان لابەرە، بەڵام چاوەکانت مەکەوە، جارێکی تر لەپی دەستەکانت گەرم بکەرەوە و ئەم راهێنانە سێ جار بە دوای یەکدا دووبارە بکەرەوە.
لەپی دەستەکانی ئێمە چاکرا و ناوەندی وزەیان تێدایە، کاتێ لێکیان دەخشێنین گەرم دادێن، وەک لە وانەی فیزیاشدا خوێندووتە لەهەر شوێنێک گەرما یان جووڵە و شەپۆل هەبێ ئەوا لەم شوێنە وزە چالاک بووە، ئەم وزەیە زانای بە ناوبانگ نیکۆلا تێسلا ناوی نا «وزەی گەردوونی» و لە یۆگادا پێی دەگوترێ «پڕانا»، واتە وزەی ژیان. کاتێ لەپی دەستەکانمان گەرم دەکەین وزەی ژیان لە لەپی دەستەکانماندا چالاک دەبێ، ئینجا کە دەستەکانمان لەسەر چاوەکانمان یان شوێنێکی تری لەشمان دادەنێین ئەم وزەیە دەگوازرێتەوە و ئەو شوێنە بەهێز دەکات و نەخۆشیی و ناخۆشییەکانی چارەسەر دەکات!

ڤیپاریتا کارانی (Viparita Karani) 
 سارڤانگاسانا (sarvangasana)

ئەم دوو راهێنانە دوو راهێنانی زۆر گرنگن، کاریگەریی و سوودەکانیان زۆر لێک نزیکن، بە تایبەتی بۆ چاوەکانت هیچ چارەسەرێکیان ناگاتێ، هاوڕێیانی ئێمە لە ماڵی یۆگای هەناسە بەس بە «ڤیپاریتا کارانی» یان «سارڤانگاسانا» دەرجەونیوێک تا دوودەرەجە دابەزینی بیناییان چاک کردۆتەوە، بەڵام ئەوانەیان کە هەموو رۆژێ لانیکەم جارێک یەکێک لەم دوو راهێنانەیان کردووە. تکایە سەرەتا لە ئەنتەرنێتدا شێوازی کردن و سوود و زەرەریان بە وردی فێر ببە و پاشان بە کردار بیانکە.   ئه‌گه‌ر که‌سێک بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ رێکوپێکی ئەم راهێنانانە بکات ئه‌م سوودانه‌ی خواره‌وه‌یان لێ ده‌بینێ، یه‌که‌م: خوێنی پێویست ده‌گه‌یه‌نێته‌ سینگ و مل و سه‌ر، دووه‌م: گورچیله‌کان به‌هێز ده‌کا، سێیه‌م: سیسته‌می سووڕی خوێن رێک ده‌کاته‌وه‌، چواره‌م: کرداری هه‌رس به‌هێز ده‌کا، پێنجه‌م: غوده‌کان به‌هێز ده‌کا و غوده‌ی تیرۆئید رێک ده‌کاته‌وه‌، شه‌شه‌م: مێشک و ناخ «نه‌فس» هێور ده‌کاته‌وه‌ و کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر قه‌ره‌بالغی مێشک و نه‌خۆشییه‌ نه‌فسییه‌کان هه‌یه‌، حه‌وته‌م: ژانه‌ سه‌ر ناهێڵێ‌، هه‌شته‌م: دڵ له‌و کاته‌دا پشوو ده‌دا، نۆیه‌م: توانای به‌رگریی له‌ش زیاتر ده‌کا، ده‌یه‌م: کاریگه‌ریی ئه‌م ئاسانایه‌ له‌سه‌ر غودده‌ی پاراتیرۆئید ده‌بێته‌ هۆی پته‌وبوون و کامڵتربوونی ئێسقانه‌کان و ئێسقانەکانمان له‌ پووکبوون و پیریی ناوه‌خت ده‌پارێزێت، یازده‌یه‌م: کاریگه‌ری له‌سه‌ر ماسولکه‌کانی کۆم هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هۆی نه‌هێشتنی «همۆرویید» و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خوێنی قه‌تیسبووی ئه‌م به‌شانه‌ بۆ ناو سووڕی خوێنی له‌ش، دوازده‌یه‌م: بڕبڕه‌ی مل شلک و خاو ده‌کاته‌وه‌ و ماسولکه‌ و ده‌ماره‌کانی مل رێک ده‌کاته‌وه‌، سێزده‌یه‌م: به‌هۆی ئه‌وه‌ی سووڕی خوێن له‌ ناوچه‌ی سه‌رومل زیاتر ده‌کا، سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانی وه‌ک گوێ، چاو و له‌وزه‌کانمان به‌هێز ده‌کا و کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ده‌کا. چوارده‌یه‌م: مامۆستاکان ده‌ڵێن بۆ ئه‌م نه‌خۆشییانه‌ باشه‌ و تووشبوو به‌م نه‌خۆشییه‌یانه‌ ئه‌م ئاسانایه‌ بکە سوودی زۆری لێ ده‌بینێ: ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، شه‌کره‌، لاوازی جنسی، کۆڵۆن، داکه‌وتنی ئه‌ندامه‌کانی و‌رگ و کۆئه‌ندامی جنسی ژنانه‌، رێککردنه‌وه‌ی سووڕی مانگانه‌ له‌ ژناندا، کۆکه‌ و هه‌ڵامه‌ت و...هتد.

ڤیپاریتا کارانی (Viparita Karani) 

 سارڤانگاسانا (sarvangasana)

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان