دوو چیرۆک

11:28 - 2022-12-22
ئەدەب و هونەر
437 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار حەمەسوور

تنۆکێک ئاو لەسەر گەڵایەکی پان، لە ئانی هەڵخزاندا!

لە پێش پەنجەرە تەماشای گەڵای درەختێک لە ماڵەکەی ئەوبەرمان دەکەم، باران بەسەریدا دەبارێت. گەڵاکە بریقەی دێت، ساف و روون و هاوکات سەوزی تێر. هەموو بارانبارینێک داوەتنامەیەکە بۆ کەنارپەنجەرە و بینینی ئەم دیمەنە. لە مێژە خۆم لە باران و هەموو پەنجەرەکان دزیوەتەوە. دواجار کە تەماشای هەمان دیمەنم کرد، چەند ساڵ لەمەوبەر بوو، رۆژێک، لەم ژوورەدا نا، لە بەردەم ئەم پەنجەرەیەدا نا، لە ژوورێکی تر و بەردەم پەنجەرەیەکی تر، لە ماڵی هاوڕێییەک کە هەموومان ئیرەییمان پێ دەبرد، وەستابووین و بە بێدەنگی و تەماشای هەمان دیمەنمان دەکرد.
بەر لەوەی بکەوێتە ماڵەوە و دەرگا و پەنجەرە بەسەر خۆیدا ببەستێت، دیم، لە نزیک ماڵی خۆیان، رێک ئێوارەی سێ ساڵ لەمەوبەر، پاییز بوو وا بزانم، تازەکی ئەنجامی پشکنینەکانی وەرگرتبووە و دکتۆر هەموو شتێکی پێ گوتبوو. پێی گوتم. گوتی ئیتر نابێت کەس بمبینێت و کەس ببینم. گوتم: «قسەی قۆڕ!» دواجار کە چووم، نەمناسییەوە، لە ماڵی خۆیان، لە ژوورەکەی خۆی، بەڵام نەک هەمان ژووری پێشوو کە تەماشای بارانی پشت پەنجەرەمان کردبوو، لەسەر قەرەوێڵە راکشابوو، دایکی هەر دەروژووری بوو، لەسەر کورسییەکی دارین لە تەنیشتی دانیشتم. بەتانییەکی پڕگوڵ، تا سەرسینگ دایپۆشیبوو، بۆ ساتێک بەتانییەکە لەسەر جەستەی خزی، بنێس و ئێسقانی، ئەو کوڕەی رۆژانێک هەموومان ئیرەییمان پێ دەبرد، هەر هێندەی چنگێکی مابووەوە. تابلۆیەک لە ژوورسەری هەڵواسرابوو کە دەمێک بوو هەڵواسرابوو: «تنۆکێک ئاو لەسەر گەڵایەکی پان، لە ئانی هەڵخزاندا!» بیرمە جارێک گوتم ئەو تابلۆیە زۆر خەمگینە. گوتی چیرۆکی پشت تابلۆکە خەمگینترە. کاری ژنە هونەرمەندێکی هاوڕێی بوو کە لە ساتێکی سەختدا کێشابوویەوە؛ ناسینی ئەم و ئەو ژنە کۆنتر لەو ساتە بوو. رۆژێک ژنە نامەی بۆ ئەم ناردبوو، هەر ئەوەندەی نووسیبوو: «من تەواو...» ئەم ئاگادار بوو کە لە دۆخێکی ناهەمواردایە، بەڵام بەو رادەش ترساک نا. تازە لە مێردەکەی جیابووبووەوە. پاش نامەکە، بە نیازی خۆکوشتن، مستێک حەبی خواردبوو. دەیگوت ئێستاش نەیزانیوە چۆن گەیشتووەتە شوقەکەی و بە نیوەمردوویی لەسەر تەختەکەی و لە تەنیشتیشی چەند قوتووی خاڵیکراو لە حەب، دیویەتی. ژنە ئەو تابلۆیەی هەر ئەو رۆژانە، بە دەستی لەرزۆک و رەنگی سپیهەڵگەڕاو و گەڕاوە لە مەرگێکی بێچەندووچوون، لە هەمان ژوورە پڕ ژیانەکەی ئەم، نەک ئەو ژوورە تاریک و دڵتەنگەکەی بۆ دواجار چووم و دیم، کێشابوو و دواتر، کردبووی بە دیاریی ئەم و ئەمیش لە ژوورسەری خۆی هەڵیواسیبوو.
بڕیار دەدەم ئیدی نەیەمە بەر هیچ پەنجەرەیەک کە باران لە پشتییەوە ببارێ.

ماڵی بووکەشووشە

بلیتی بۆ منیش کڕیبوو. نەمگوت منیش کڕیومە و لە دوێنێوە هەزار جار وێنای دوو کورسیم کردووە لە تاریکیدا کە من و تۆی مەحبوبی گچکەڵانەم لەسەری دانیشتووین و بە دەم تەماشای نمایشەکەوە دەستمان لە دەستی یەک ناوە و جارجار پێکەنیوین و جارجاریش خەمگین و جارجاریش، هەڵبەت هەر لە زەینمدا، سەرت ماندوانە لار بووەتەوە و لەسەر شانم ئارامی گرتووە و تاڵی قژت بەر روخسارم کەوتووە و بزەم هاتووە. ناڵێم هەر دوێنێ جارێکی تر کتێبەکەم داگرت و دەقی شانۆنامەکەم بۆ جاری نازانم چەندەم خوێندەوە، بە خاتری ئەوەی دواتر، کە بڕیارە وەک بینینی هەر شانۆییەک، گفتوگۆ بکەین، دانیشتنەکە ناکۆتا درێژ بکەمەوە.
نمایشی ئەو ئێوارەیەمان قەت نەدی، بلیتەکانیش قەت نەگەڕانەوە بۆ هۆڵەکە. هەر ئەو رۆژەی بڕیار بوو بچین، لە نێوانماندا قەوما و بۆ هەمیشە رۆیشت. لە گیرفانی چاکەتەکەمدا دوو بلیتەکەی دۆزیبووەوە، بە گومانی کەسێکی تر جیا لە خۆی، تۆمەتباری کردم. هەموو هەوڵێکم دا هێوری بکەمەوە، دەستیم گرت، ئەو دەستانەی کە دەبوو لەو ئێوارەیەدا و لە هۆڵەکەدا بە سۆزەوە بیگرم، بە رق و زەبرەوە دەستی لە دەستم رادەکاند و هەڵهات، دەستم تەنیا و خەمگین لە هەوادا مایەوە. بە تۆنێکی نائاشنا و ناخۆش گوتی کە چیدی مەحبوبە گچکەڵانەکەی جارانی من نییە. دەستی دایە جانتاکەی، بە پەلە جلەکانی تێنان و بە خێرایی چاوێکی بە ماڵەکەدا گێڕا، چەق لە جێی خۆم وەستابووم و لێیم دەڕوانی، بە دوو هەنگاو ماڵەکەی چەرخە دا و تێپەڕی. ئەوسا و ئێستاش، تەنیا دەنگێک دەیبیستم و بیستنمی بۆ چرکەیەک جێنەهێشتووە، تەقەی توند و گوێکاسکەری بەیەکدادانی دەرگای ژوور و حەوشەیە کە بەردەوام پێکدا دەدرێن و زرمەیان دێت، زرمەیان دێت و پێکدا دەردرێن لە زەینمدا.
ساڵانێکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان