دیداری یەكێتی لە هەڵەبجە و شارەزوور

بەڕێوەچوونی دیداری یەكێتی لە هەڵەبجە و شارەزوور

09:06 - 2022-04-10
کوردستان
662 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، كۆنفرانسی ئامادەكاریی بۆ دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەڵەبجە و شارەزوور، بەڕێوەچوو.
لە كۆنفرانسەكەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و هەڤاڵ و كادرانی یەكێتی و چینوتوێژەكان ئامادەبوون، چەند وتارێك پێشكەشكران. سەرەتا ئاسۆس عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوور، ئەوەی خستەڕوو كە چەندین ئامانجی گەورە ماون دەبێت خەبات بۆ بەدیهێنانیان بكەین، هەوڵەكانی ئێستا و ئایندەش بۆ گرتنەبەری خەباتێكی نوێ و سەردەمیانەیە، دیداری یەكێتی-ش بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوەیە بە دیدی یەكێتی دا. وتیشی: دیداری یەكێتی كەرنەڤاڵێكی دیموكراسییە، یەكێتی ئایدۆلۆجیا و فكری خۆی رێكدەخاتەوە و هەمیشە لەسەر بنەمای قبووڵكردنی بیر و میكانیزمی نوێ دەڕوات.
پاشان، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی، وتاری یەكێتی پێشكەشكرد و رایگەیاند: دیداری یەكێتی خوێنێكی گەرم بە دەمارەكانی یەكێتیدا دەكاتەوە، گلەیی، رەتكردنەوە ‌و پەسەندكردنەكان بەشێكە  لە دیداری یەكێتی، ئەوەش بەشێكە لە سەركەوتنی دیدارەكە، وتیشی: لەو كاتەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە نوێنەرایەتیی رەسمیی یەكێتی، ئەم ئەركەی بە قوباد تاڵەبانی سپاردووە ‌و لە وتاری (دیداری یەكێتی بۆچی؟) هێڵە سەرەتاییەكانی راگەیەندراوە، پرسیاری زۆر دەكرێت، لە بادینان، لە كەركوك، لە هەولێر ‌و گەرمیان بە گەرمی ‌و بە گیانی رەخنەی هەڤاڵانەوە تا دێ زیاتر لە وەڵام نزیكدەبینەوە. تا بەشدارییەكان فراوانتر دەبێت ‌و تا كاتی گفتوگۆی لیژنەكان درێژتر دەبێت لە دڵنیایی ‌و متمانەی زیاتر نزیك دەبینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دیداری یەكێتی هی هەمووانە، بە گیانی هەڤاڵانە ‌و بە دەنگی بەرز بیر لە ناسنامەی داهاتوو، لە ئامانجی تازەی یەكێتییە دێرینەكەی خۆمان دەكەینەوە، بیر لە خەڵكەكەی خۆمان دەكەینەوە كە یەكێتی بۆ ئەوان دروست بووە، پێكەوە هێزە گەورەكەی یەكێتین، لەم دیدارەوە خۆمان مشتوماڵ دەكەینەوە و دەبینە یەكێتیی ئامانجە تازەكان.

دەقی وتارەکە لە دووتوێی دیداری یەکێتی-دا بڵاودەکەینەوە  

 

#دیداری یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان