نازییەکان Adidas و Puma یان لە یەک کرد

11:15 - 2022-12-25
دووتوێ
487 جار خوێندراوەتەوە

مێژووی دروستبوونی هەردوو کۆمپانیای ئەدیداس و پوما دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئەو دوو مارکەیە یەک فابریک بوون دوو برا خاوەندارێتیان کردووە، بەڵام دەسەڵاتی نازییەکان لێکیان جیاکردوونەتەوە و ئێستا بوونەتە دوانی سەربەخۆ، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوودا لە گوندێکی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا دوو برا دەبن « ئەدۆلف و رۆدۆلف» لەدوکانێک بەناوی «داسلەر» کاریان دەباغچیەتی و پێڵاو دروستکردن دەبێت، بەهۆی بەرزی کوالێتی کارەکانیان ناوبانگێكی زۆر لە دەوروبەریان دروست دەکەن، وای لێدێت لەسەر ئاستی هەموو ئەڵمانیا دەبێتە یەکەمین و لەئۆلۆمپیادی 1936 دروستکردنی پێڵاوی هەموو وەرزشوانەکانیان پێ دەسپێردرێ و ناوبانگی زیاتر دەردەکەن، لەسەر ئەو ناوبانگە کێشە و ئاژاوە لە نێوانیان دروست دەبێ و هەر لەناو دوکانەکەیاندا هەریەکە و بەجیا بۆ خۆی کاردەکات، خەڵکی گوندەکەش لەنێوانیاندا دابەش دەبن.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم هەردووکیان دەچنە ریزی سوپا و دەبنە سەرباز، رۆدۆلف دەبێتە نازییەکی توندڕەو و بڕیاردەدات خۆبەخشانە لەو سوپایە بمێنێتەوە، دواجار لەو جەنگە بە دەستی ئەمریکییەکان بەدیل دەگیرێ و گوایە بەدەسیسەی براکەی گیراوە فێڵی لێ کردووە تا بەتەنها خۆی خاوەندارێتی مارکەکە بکات و پێڵاو بۆ ئەمریکییەکان دروست بکات، چونکە ئەمریکییەکان عەشقی کاری ئەو دوو برایە بوون، کە جەنگ تەواو دەبێت براگەورەکە ئازاد دەکرێ و لە ساڵی 1948 هەریەکە و سەربەخۆ کۆمپانیایەکی بچووک بۆخۆیان دادەنێن ئەدۆلف لە تێکەڵەیەکی پیتەکانی ناوی خۆی و بنەماڵەکەی ناوی لێ دەنێ «ئەدیداس» و رۆدۆلفی براشی سەرەتا ناوی دەنێت «رودا» دوایی دەیگۆرێت بۆ «پوما» ئەم دوانە لە رکابەری یەکتری برەویان بەکاری خۆیان دا تا بوون بە دوو کۆمپانیا و دوو مارکەی جیهانی گەورە ئەمڕۆ لەسەرتاسەرتی دنیا رەواجیان هەیە، ئەدیداس لەسەرتاسەری جیهان 50 هەزار کارمەندی هەیە و ساڵی رابردوو زیاتر لە 20 ملیار یۆرۆی قازانج هەبووە، پوماش 11 هەزار کارمەند و قازانجەکەی ساڵی رابردووشی 5 ملیار یۆرۆ بووە.
سەرچاوە: رۆژنامەی Bild

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان