ئەو گەنجینەیەی فیرعەونەکان جێیانهێشتووە چەندە؟

11:21 - 2022-12-25
دووتوێ
455 جار خوێندراوەتەوە
تابوتە زێڕەکەی پادشا توت عەنخ ئامون

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

قەبارەی ئەو گەنجینەیەی فیرعەونەکان بۆ نەوە میسرییەکانی دوای خۆیانیان جێهێشتووە جگە لە بەها کەلتوری و مێژووییە مەزنەکەی بەها مادییەکەی چەندە؟ دۆزینەوە یەک لە دوا یەکەکانی ئەو پاشماوانە دەریانخستووە بەپێی پێوەرەکانی ئەم سەردەمە بێت پاشماوەیەکی مادی زەبەلاح پێکدێنن بریتین لە هەزاران پارچە زێڕ و سەدان پارچە زیو، نوێترینیان گەنجینەیەکی فیرعەونییە ئەم مانگە لەلایەن گروپێکی نێردراوی پاشماوە مێژووییەکانی میسری و ئینگلیزی سەر بە زانکۆی کامبریج دۆزرایەوە، کاریان لە ناوچەی «گردی ئەلعەمارنە» ی باشووری قاهیرەدا دەکرد.
بەپێی وەزارەتی پاشماوە مێژووییەکانی میسر بێت گەنجینەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک خشڵی زێڕ لە یەکێک لە گۆڕە گشتییەکانی هەژارەکاندا دۆزرایەوە سەر بە سەردەمی خێزانی هەژدەیەمینە لە دەوڵەتی فیرعەونی نوێدا.
یەکەمینەکانی زێڕیان دۆزییەوە
ریزا عەلی شارەزا لە بواری پاشماوە مێژووییەکانی میسردا و بەڕێوەبەری گەنجینەکانی دۆڵی پادشاکان لە ئوقسور-ی میسر دەڵێت: ئەو زێڕەی میسرییە کۆنەکان ناویان ناوە «نوب» لە ناوی وڵاتی نوبە-وە داهێنراوە کە ئێستا شاری ئەسوان دەکات، هەروەها میسرییە کۆنەکان لە پێشینەکانی ئەو گەلانە بوون توانیویانە زێڕ بدۆزنەوە و دەریبێنن.
هاوکات ئەو پسپۆرە باس لەوە دەکات فیرعەونەکان یان میسرییە کۆنەکان لە بیابانی رۆژهەڵات و نوبە و شاخەکانی دەریای سوور و سینا-دا زێڕیان دەرهێناوە، لەو ناوچانەدا زێڕیان دۆزیوەتەوە و دەریانهێناوە و چارەسەریان کردووە و شێوەی جۆراوجۆریان لێدروستکردووە و وەکو خشڵ کردوویانە بەخۆیانەوە و بەکاریانهێناوە، جگەلەوەی شێوەی پادشا و خوداوەندەکانیانیان لێ دروستکردووە.
ئەو شارەزایە لە وەزارەتی پاشماوە مێژووییەکان دەڵێت: گرنگیدانی میسرییەکان بە زێڕ وەکو کانزایەکی بەنرخ لە سەرەتای خێزانە فیرعەونییەکانەوە دروستبووە و جوانترین پارچە زێڕی مێژوویی کە بەهای ناپێورێت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خێزانی سێیەم لە دەوڵەتی فیرعەونی نوێدا، بریتییە لە خشڵی تایبەت بە شاژنە (حتەب حرس) ژنی شا (سنفرو) دایکی شا (خۆفۆ).   
هەروەها دەڵێت: زێڕی دەوڵەتی فیرعەونی هاوچەرخ بریتی بووە لەوەی تەنیا وەکو خشڵ بەکارنەهاتووە، بەڵکو لە پەرستگاکانیشدا بەکاریانهێناوە، بۆیە دەبینین پەرستگا فیرعەونییەکان دیوار و ئەرزەکانیشیان بە زێڕ زاخاودراوە نموونەش پەرستگای شاژنە (حەتشبسوت) لە ئوقسور زاخاوی زێڕی دیوارەکانی تا ئێستا ماوە.

گەورەترین گەنجینە
ئەو پسپۆرە باس لەو زێڕە دەکات کە فیرعەونەکان جێیانهێشتووە و جەخت لەوە دەکاتەوە نابێت ئەوە لەبیر بکرێت گەورەترین گەنجینەی دروستکراو لەسەر دەستی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو گەنجینەکەی گۆڕستانی پادشا (توت عەنخ ئامون)ە لە دۆڵی پادشاکان، کاتێک هیوارد کارتەر دۆزەرەوەی ئەو گۆڕستانە لە نێویدا زیاتر لە 5 هەزار پارچەی مێژوویی کە زۆربەیان لە زێڕی پاک دروستکراون دۆزییەوە، گرنگترینیشیان ماسکە زێڕەکەی تایبەت بە پادشا (توت عەنخ ئامون)ە کە زیاتر لە 11 کیلۆگرام دەبێت و وەکو بەنرخترین و گرانترین پارچەی پاشماوەی مێژوویی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت.
جگەلەوەی ئاماژە بۆ تابوتە زێڕینەکەی ئەو پادشایە دەکات کە کێشی زیاتر لە 110 کیلۆگرام زێڕی پاک دەبێت، بۆیە ئەو گەنجینانەی فیرعەونەکان بۆ نەوەکانی دوای خۆیانیان جێهێشتووە جگە لە بەها مەعنەوییەکەی بەها مادییەکانی بە ملیارەها دۆلار ناپێورێت.
سەبارەت بە زیویش دەڵێت: زیو لە سەردەمی میسرییە کۆنەکاندا بە پێچەوانەی زێڕەوە کەم بووە، بۆیە لەو سەردەمەدا زیو لە زێڕ بەهای زیاتر بووە، بە کەمی دەستکەوتووە، لە بەرماوەی زێڕ دەرهێنراوە یان لە وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیاوە هێنراوە.
بۆیە فیرعەونەکان پارچەی زیوی مێژوویی کەمیان جێهێشتووە تەنیا چەند سەدێک دەبن، دیارترین و جوانترینیان دەرەوەی تابووتەکەی پادشا (بسوسنس)ی یەکەم لە خێزانی 21 ە کە بەتەواوەتی لە زیو دروستکراوە، بۆیە ناویان ناوە پادشا زیوینەکە ساڵی 1940 لە گۆڕستانەکەی دۆزرایەوە.
دواجار بەنرخترین پارچەی مێژوویی زیویی فیرعەونەکان پەیکەرێکی بێوێنەی خواوەند (حورس)ە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خێزانی نۆزدەهەم لە دەوڵەتی فیرعەونی نوێدا، بەتەواوەتی لە زیو دروسکراوە و پارچەی زێڕ و بەردی لازۆردی پێوەکراوە لە ئێستادا  لە مۆزەخانەی (چیجامیهو) یە لە ژاپۆن.
سەرچاوە: سکای نیوز 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان