مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتییە، عیراق توانای ھەیە بۆ جێگیرکردنەوەی رەوشەکە.
مەزھەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی ھەواڵی عیراقی راگەیاند، ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی لە پشت ناجێگیریی بەھای دینارەوەیە، ھۆکارە ناوخۆییەکان پەیوەندییان بەدۆلاری نەختینەوە ھەیە، کە بانکی ناوەندی ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دابیندەکات بۆ نووسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکان بەمەبەستی گەشتیاری، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ لەئێستادا بەدۆلار کڕین و فرۆشیان پێوەدەکرێت.
وتیشی، لایەنی نێودەوڵەتی ناڕازین سەبارەت بە گواستنەوەی دۆلار لە لایەن ھەندێک لە بانکە ئەھلییەکان، بۆیە گواستنەوەی دۆلار لە لایەن بەشێک لەو بانکانەوە رەتکراوەتەوە.
بە وتەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق، یەدەکی دراوی بیانی گەیشتۆتە بەرزترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکە، بۆیە ھیچ نیگەرانییەک نییە و عیراق توانای ھەیە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ بەھای دینار و بەرزبوونەوەی دۆلاریش کاتییە و پەیوەستە بە رێکارە کارگێڕی و داراییەکانەوە.