کورتە چیرۆک

سۆزانییەكی راستگۆ

10:40 - 2022-12-29
ئەدەب و هونەر
504 جار خوێندراوەتەوە

كاروان عومەر

گوێم بۆ بگرە من كەسێكی نهێنی پارێزم!
كەسێكی داخراوم، سروشتم وایە هەمیشە كارەكانم لە دەوروبەرم دەشارمەوە. حەز ناكەم كەس لە ژیانم تێبگات. وا بزانە هیچ لە نێوانماندا رووینەداوە. باشترە واز لەم كاری لەشفرۆشییە بهێنیت. وەرە رۆڵی دادوەرێك بگێڕە.
بۆ لێم تێناگەیت؟! من تەنها لەشی خۆم دەفرۆشم، بەڵام زۆربەی دادوەرەكانی دنیا یاسا دەفرۆشن. من كەسێكی سۆزانیم و بە درێژایی مێژوو زۆر لە رۆماننووس و چیرۆكنووسان ئەگەر بە دێڕێكیش بێت، منیان كردووە بە بەشێك لە نووسینەكانیان. زۆر كەمن ئەوانەی لە نووسینەكانیاندا پشكی شێر دەدەنە دادوەر. بۆیە دەمەوێت هەروا بە نەمریی بمێنمەوە. ئیتر سەریشم مەیەشێنە و دەست بكە بەگێڕانەوە. با بزانم رووداوەكانی ناو ئەم چیرۆكە بەرەو چ دۆزەخێك دەمبات.
ئاخر ئەو هێزێكی موگناتیسی لە دەنگ و تۆنی قوڕگیدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسوكەوتی بەجۆرێك بوو لە هی شاژنەكان دەچوو. هەرگیز لەو نەدەوەشایەوە رۆڵی كەسایەتییەكی وا بەرجەستە بكات. بۆ ساتێك بێدەنگ بووم و بیرم كردەوە. ئەو شوێنانەی لەشفرۆش كاری تێدا دەكات هەموویان زەریف و شۆخ و شەنگن. بۆیە هیچم نەگوت و تەنها گوتم ئامادە بە. سێ، دوو، یەك، ئەكشن.!
كاتژمێر یازدە و نۆزدە چركەیە، شوێن، هەر بستە زەمینێكە كە لەم شێوە رووداوە تێدا روو دەدات یان روویداوە.
تۆمەتبار بەرامبەر دادوەر راوەستاوە و وەك ئەوەی لە ژێر وێستگەی پاسێكدا، چاوەڕێی هاتنی پاسەكەی بكات. روخساری ترس و دڵەڕاوكێی پێوەی دیار نەبوو. جارجارە نەرمە گازێكی لە سمێڵە رەشەكەی دەگرت و تاڵێك مووی لێدەردەهێنا. هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا چاوەكانی بەناو هۆڵی دادگاكەدا دەگێڕا. تەنها شتێك مێشكی جەنجاڵ كردبوو ئەوە بوو نەیدەتوانی دۆست و دوژمنی خۆی لەیەك جیا بكاتەوە. ئاخر یەكێك لە كوژراوەكان نزیكترین كەسی بكوژەكە بوو. 
جۆرێك لە بێدەنگی لە هۆڵەكەدا هەستی پێدەكرا. ئەوە نەبێت بەهۆی جموجۆڵی چەند كەسێك ناوبەناو جیڕەیەك لە كورسییەكاندا دەهات. دەكرێت وا بیر بكەیتەوە ئەوانەش ئەو كەسانە بوون خواستیان بوو هەرچی زووترە گوێیان لەكۆتا بڕیاری دادگا بێ. دادوەر پیاوێكی گۆشتن و روخسارێكی گرژومۆن و شەڕەنگێزی هەبوو. هۆكاری گرژبوونەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بكوژ، كە ئەفسەرێكی وەزارەتی ناوخۆبوو، هەر بەو چەكەی كە بەرگری لە هاووڵاتیان و سامانی نیشتمانیی پێدەكات، بە هەمان چەك دوو هاووڵاتی دەكوژێت.
رووی كردە بكوژەكە و بە دەنگێكی گڕ پێی گوت: بەرلەوەی دادگا دوا بڕیاری خۆی بدات، مافی خۆتە ئەگەر شتێك بۆ وتن ماوە پێمان بڵێیت. گەورەم سوپاس بۆ گەورەییتان. ئەوەی هەمبوو لە پێشتردا لە رێگەی پارێزەرەكەمەوە بە بەڕێزتان وترا. تەنها شتێك كە نەوتراوە ئەو خەونەیە كە دوێنێ شەو بینینم.
 ئەم قسەیەی بێدەنگی هۆڵەكەی شكاند. جیڕەی كورسییەكان زیاتر دەبیستران. ئەو دەیگوت لە ترسان وڕێنە دەكات، ئەمی تر دەیگوت عەقڵی لە دەستداوە. هەر یەكەوە بە تەشییەك دەیڕست. هەندێكیان بێدەنگ دانیشتبوون، نوتقیان لێوە نەدەهات. ئەوەندەی نەمابوو كە دادگاییەكە بشێوێت. دەنگی چەكوشەكەی دادوەر هەموویانی بێدەنگ كرد.
 بڵێ و بزانم خەونەكەتان چی بوو؟ گوێمان لێتە! سوپاس گەورەم. وەك من بیستوومە خەون یان رابردووی خۆی دووبارە دەكاتەوە یان  هەندێ شتە لە ئایندەدا روودەدا. هیوادارم هیچ كامیان راست نەبێت، چونكە هەردووكیان بۆ من دەردەسەرییە.
جەنابی دادوەر من و تۆ دراوسێی یەك بووین، دوو خانووی جوانمان هەبوو، پەرژینێكی نزم كە لە تەختە دروست كرابوو، سنووری خانووەكەمانی لەیەك جیا كردبوویەوە. لەو كاتەدا كە سەرقاڵی ئاودانی باخچەكە بووم، كەڵەشێرەكەم بە دوو باڵ خۆی گەیاندە لای مریشكەكەی ئێوە و چەند جارێك پێیدا تسی. هەتا هێزی هەبوو چەكوشەكەی گرتە تاوانبار و كێشای بە سەریدا. لەناكاو لەشفرۆشەكە قاقایەكی بەرزی لێدا و پێی گوتم: كاكی نووسەر نەمگوت پیشەكەی خۆم باشترە، ئەگینا ئێستا دەبووم بە پیاوكوژ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان