ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
له دووره‌وه دێت ته‌مێكی سپی
ئه‌و رۆژانه‌ی پله‌ی گه‌رما نغرۆم ده‌كات له عاره‌قه‌ی مانگی ته‌مموزدا، فكر و خه‌یاڵم له سوێراوێكی لینجدا بۆنێكی ناخۆشی لێوه‌دێت، هۆشم تووڕه‌یه شه‌پۆل ده‌دات و جێگه به خۆم ناگرم. هه‌ركاتێك بۆنێكی سه‌یرم لێوه‌بێت، دڵنیام تووشی به‌ڵایه‌ك ده‌بمه‌وه.
له ئاسمانێكی دووره‌وه دێت.
هه‌ورێكی سپی. كاتم ته‌واو بووه بۆ به‌ڕێكردنی رۆژ و شه‌و... ئێواران بۆ من ره‌نگه‌كانی ئاسمان ده‌بنه ده‌ریا و رووه و خۆرئابوون ده‌ڕۆن، من له‌ناو به‌له‌مێكی سپیدام و به‌ناو ته‌مێكی سپی‌دا رێده‌كه‌م كه چاره‌نووسم نادیاره، ته‌نیام و هه‌ر چوار ده‌ورم هه‌ورێكی سپییه. كاتێك له‌به‌ر ئاوێنه‌كه‌دا خۆم ده‌بینمه‌وه، خه‌یاڵم سپی بووه نه‌وه‌ك سه‌روڕیشم، ئه‌و شه‌وه بێخه‌م نووستم، پێش نووستن بیرم له‌وه كرده‌وه له‌ناو ئه‌م هه‌موو تاریكییه‌دا هێشتا خاڵێكی سپی ماوه.
باشه...
هات و هاواری ده‌ره‌وه‌م به‌دڵه، چونكه نه هیچ شتێك ده‌بینم، نه گوێشم له هیچ شتێكی تره. كه شه‌وانی سپی هه‌ر چوار ده‌ورم ده‌ته‌نێت، ته‌مێكی سپی كه‌متر خوێنی خه‌یاڵم كاڵ ده‌كاته‌وه، ئه‌وه ژیانی منه.
من ده‌مه‌وێت شتێك له رۆژانه‌ی كه‌سێكی ساده بنووسم، كار بۆ رۆژنامه‌ی (دڵه سپییه‌كان) ده‌كه‌م، مه‌رجه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه، كه‌سانێكی زۆر هاواریان هه‌یه، گوێگرتن له‌م كه‌سانه ژیان مانایه‌كی تر ده‌به‌خشێت. هه‌ندێجار خه‌یاڵ بوركانێكه ده‌یان ساڵه ناته‌قێته‌وه، زۆرجاریش وه‌ها ده‌ته‌قێته‌وه ناوه‌كه‌ی خۆی له ده‌ستده‌دات، ئه‌مه ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌مه.
چۆن چۆنی منی ناسییه‌وه، ئه‌وه‌یان نازانم، چه‌ند رۆژێك بوو خۆی له من ده‌شارده‌وه، كارێكی ئاساییه نێچیر له راوكه‌ر رابكات، كاره‌كه‌ی منیش راوكردنی دڵه سپییه‌كان بوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ده‌رچوو.
كاری رۆژنامه راكه راكه‌یه، منیش هه‌ر راده‌كه‌م به‌شوێن دڵه سپییه‌كاندا، به‌ڵام هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م كه‌سێك له ده‌ره‌وه‌وه‌ی خۆم به‌شوێنمدا راده‌كات. له‌وه ده‌چێت بۆ كاری رۆژنامه ئه‌مه تازه بێت. هیچ كه‌سێكم له‌م دۆخه ئاگادار نه‌كرده‌وه، ته‌نانه‌ت سه‌رنووسه‌ریش، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆم له هه‌موو چاوێك به‌دوور ده‌گرت. یارییه‌كه له نێوان راوكه‌ر و نێچیردابوو، داوی رووداوه‌كان كه چنرابوون چه‌ند رۆژێكی خایاند. دواتر داوه‌كه له ته‌نافی رووناكی و باران دروستكرابوو پێیه‌كانی گرتم. له‌به‌ر خۆمه‌وه وتم: ماده‌م ده‌سته‌كانم ئازادن، پێیه‌كانم هیچ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه، ده‌سته‌كان ئاسمان ده‌گرنه باوه‌ش. رۆژنامه به‌هه‌ردوو ده‌ست ده‌كرێنه‌وه و لاپه‌ڕه‌كانی تریش به هه‌مانشێوه. به نیازی چایه‌ك بووم، چایچییه‌كه له‌وێ نه‌بوو، كه‌سێك پێی وتم، چایه‌ك بۆ خۆت تێ بكه، من ده‌سته‌كانم به به‌بێده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، كه‌س ئه‌مه ده‌بینێ. كابرای دڵ سپی له به‌رامبه‌رم دانیشتبوو، ئه‌و من ناناسێته‌وه، یه‌ك وشه‌ی پێ ناڵێم، گه‌رچی دوام كه‌وتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دووره‌وه بێت ته‌مێكی سپی... كه ئێستا ده‌یبینم ره‌ش داگه‌ڕاوه. خه‌ریكی هه‌ڵدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه بووم، به دوو قۆڵی ده‌ستكرده‌وه، چاوی له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو به چ لاپه‌ڕه‌یه‌كدا ده‌نووسێمه‌وه، یان مه‌ستی چ هه‌واڵێكم، ئه‌مانه هیچ به‌لامه‌وه گرنگ نه‌بوو، هه‌روه‌ك كه‌سێكی ئاسایی چایخانه‌كه‌م به‌جێهێشت، مه‌راقم بوو ریپۆرتاژێك له‌سه‌ر ده‌رگا دێرینه‌كانی شار بنووسم، ئه‌و به‌دوامه‌وه بوو. یان باشتر له‌سه‌ر ئه‌و دڵ و تیرانه بنووسم كه له‌سه‌ر دیواری ماڵه هاوسێكان به ره‌نگی ره‌ش نووسراون و هیچ كه‌سێك نایانناسێته‌وه. هه‌ڵبژاردن لای خۆمه، سه‌رنووسه‌ریش ئه‌و رێگه‌یه‌ی پێداوم، ده‌وروبه‌ری ئێواره نزیك رۆژنامه‌كه بوومه‌وه، گوێم له ده‌نگێك بوو بانگی كردم. من كاری خۆم ته‌واو كردبوو، پیشه‌م ئیشی ئه‌مڕۆ، مه‌خه‌ره به‌یانی، بۆ من سبه‌ینێ رۆژێكی تازه‌یه. دووباره بانگی كردمه‌وه، هیچ شتێك نابینم، نابیستم، ئه‌و كه‌وتۆته دوای خه‌یاڵ و خه‌وبینیمه‌كانمه‌وه هه‌ر بۆیه بێخه‌وی ره‌نگی ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاندووه. ماندوو بوو، ئه‌وه‌ی ده‌یزانم ئه‌و به‌و شێوه‌یه بوو، ترسی پرسیاركردن سپی كردبوو، با‌نگم ده‌كات و ده‌نگی لێوه نایه‌ت، له‌به‌رخۆمه‌وه وتم (ئه‌م بوونه‌وه‌ره كێیه هه‌ر ده‌م ده‌كاته‌وه؟) زمانی كرده‌وه، پێیوتم، هه‌ردوو باڵه سپییه‌كانت له‌سه‌ر مێزی چایخانه‌كه به‌جێهێشتووه.