هەڵمەتی نیشتمانیی چاندنی یەک ملیۆن نەمام بەردەوام دەبێت

03:44 - 2022-12-31
کوردستان
417 جار خوێندراوەتەوە

هەڵمەتی نیشتمانیی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاشتکردنەوەی سلێمانی و سەوزکردنی کوردستاندا بەردەوامە.

دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان قۆناغی دووەەمی هەڵمەتەکە گەیشتە سنووری شارەزوور و لە پڕۆژەی دارستانی چەناخچیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 31ی 12ی 2022 هەڵمەتی نەمام روواندن بەڕێوەچوو.

حسێن حەمە کەریم نوێنەری نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵمەتەکە بەردەوامە و ئەمڕۆ لە سنووری شارەزوور بەردەوام بووین، بەپێی تایبەتمەندی ژینگەی ناوچەکە دوو جۆر نەماممان دابینکرد کە ئەوانیش سنەوبەری زاویتە و قەزوان بوون، بەو پێیەی ئەم دوو جۆرە لە ناوچەکەدا رواندنیان سەرکەوتوو بووە. 
نوێنەری نووسینگەی سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، ئەم هەوڵە نیشتمانییە کاریگەری دەبێت لەسەر ژینگەی ناوچەکە و زیاترکردنی رووبەری سەوزایی و دارستان.

هەر لەبارەی هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لەسەر بڕیاری سەرۆک بافڵ، هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی روونیکردەوە، هەڵمەتەکە ئەمڕۆ پێی ناوەتە هەنگاوی دووەمەوە و لە پڕۆژەی دارستانی چەناخچیان سەر بەهۆبەی دارستان و پاوانی تانجەرۆ، دەستمان کرد بەئامادەکردنی چاڵ و لێدانی گرادۆنی بۆ دروستکردنی دارستانێکی نوێ لە سنووری پڕۆژەکەماندا.

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی وتیشی، پڕۆژەکە هەلی کاری بۆ گەنجان و کەسانی بێکاری سنووری گوندەکانی بێستان سوور، زێڕینجۆ، چەناخچیان، کاژاو و عەربەت دەستەبەر کردووە و هۆکارێکە بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان لەپاڵ خزمەتکردندا بەسروشت و ژینگەی ناوچەکە کە دواجار سوودی ئەم دارستانە هەر بۆ دانیشتوانی سنوورەکە دەبێت لەڕووی دابینکردنی هەوای پاک و رێگری لە داماڵینی ئەم خاکە بەپیتەی ناوچەکە و جوانیی سروشتەکەیەوە.






##ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان