دوای تەواوکردنی رێکارە زانستییەکان، هەڵمەتی نەمام چاندن گەیشتە قەرەداغ

05:06 - 2023-01-02
کوردستان
722 جار خوێندراوەتەوە

قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی نیشتمانی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە قەزای قەرەداغ و دوای تەواوکردنی رێکارە زانستییەکان، هەڵمەتی نەمام رواندن بەڕێوەچوو.

لەوبارەیەوە حسێن حەمە کەریم، نوێنەری نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان روونیکردەوە، هەڵمەتی نەمام چاندن بەردەوامە و ئەمڕۆ جگەلەوەی لە سنووری قەرەداغ بەردەوام بووین و دەستمان بە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاندنی نەمام کرد، هاوکات لە سنووری دارستانی ئەزمڕیش لە سلێمانی چەندین تیم لە کارکردنی بەردەوامدان و  بەپێی چەند قۆناغێکی تریش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و دەچینە شار و شارۆچکەکانی تری هەرێم ئەمەش لەپێناوی زیادکردنی رووبەری دارستانەکان و سەوزایی و پاراستنی ژینگەکەمانە.
هەر لەوبارەیەوە هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە لە سنووری هۆبەی دارستان و پاوانی قەرەداغ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە رووبەرێکی بەرفراوانی زەوی دارستانی هەیە کە پێویستی بەنەمام چاندنە و ئەمەش بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکە جێی دەستخۆشییە و پێشوازی لێدەکرێت چونکە خەڵکی ئەم ناوچەیە ژینگەدۆستن و دارستانەکان ژینگەیەکی لەباریان فەراهەم کردووە بۆ کەرتی گەشتیاری، بەتایبەت کە ساڵانە و لە وەرزی بەهاردا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی و گەشتیار لە ناوچە جیاکانەوە سەردانی دەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.

 

##ئاشتکردنەوەی_سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان