كارگەكانی جگەرە و چنینی هەولێر بێناز لە كاركەوتوون

09:19 - 2023-01-18
ڕاپۆرت
752 جار خوێندراوەتەوە
کارگەی جگەرەی هەولێر کراوە بە کارگەی ئەلەمنیۆم

راپۆرتی، رەوەست نەوزاد

هەردوو كارگەی رستن و چنین و كارگەی جگەرەی هەولێر لە دەیەی حەفتاكاندا لەلایەن حكومەتی ئەوسای عیراق دروستكران كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە كرێكار و كارمەند و ئەندازیار لەو شارە هەلی كاریان بۆ رەخسابوو, هۆكارێكیش بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و سەدان خانووش بۆ شوێنی ژیانی كارمەند و ئەندازیارەكانی لە نزیك هەردوو كارگەكە دروستكران، بەڵام ماوەی چەندین ساڵە ئەو دوو كارگەیە لە بەرهەمهێنانی جگەرە و قوماش وەستاون و هەردووكیان لەلایەن كۆمپانیایەكی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەكرێن یەكێكیان كراوەتە كارگەی خواردنەوە گازیەكان و ئەویتریان بەكرێ دراوەتە كارگەیەكی ئەلەمنیۆم.
یەكێك لە ئەندازیارانی ئەو کارگەیە دەڵێت، كارگەكەی جگەرەی هەولێر لەنێوان ساڵانی 1972 – 1973 لەلایەن كۆمپانیای sasib ئیتاڵی لەسەر بودجەی حكومەتی عیراق دروستكراوە و لە كاركردن بەردەوام بووە تا ماوەیەك لەبەرهەمهێنانی جگەرە وەستاوەو دواتر دەستی بەكاركردن كردۆتەوە تا لە سەرەتای ساڵەكانی 2000 دا بەتەواوی لە كار وەستێنراوەو شوێنەكەی بەكرێدراوە.
ئێستا لەناو كارگەكەی جگەرەی هەولێر كارگەیەكی ئەلەمنیۆم بۆ دروستكردنی دەرگاو پەنجەرە كاردەكات، یەكێك لە كارمەندانی ئەو كارگەیە بەبێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشكرا بكات رایگەیاند: كارگەكە لەبەرهەمی جگەرە لەنێوان ساڵانی 2004 یا 2006 وەستاو ئامێرەكانی كارگەكە ئێستاش لە كۆگاكانیدا ماوەتەوە.
ئەو ئەندازیارە رایگەیاند: دوای وەستانی لەكاركردن كارگەكە نیوەی درابووە كۆمپانیایەك و نیوەكەی تری درابووە كەسێكی عەرەب كە تا 2021 بەناوی كۆمپانیایەكی ئەلەمنیۆمی كەرتی تایبەت کرابوو ، بەڵام دوای ئەو ساڵە ژمارەیەك كەسی تر هاتن تەنیا ئامێریان كڕی و بەكرێش درا بەئێمە كە كرێیەكە دەدەین بە كۆمپانیایەك.

توتنی جووتیارانی كورد بەڕیز دادەنران
باوكی ئەحمەد یەكێكە لە كرێكارە بە تەمەنەكانی ئەو كارگەیە كە لەساڵی 1978 لەوێدا دەستی بە کارکردن کردووە دەڵێت: ئەو کارگەیە بەرهەمێکی زۆری هەبوو جگەرەی جۆری (سۆمەر) ی رەش و شین و (بەغداد) ی موحەسەن و عادی هەبوون كە تووتنەكانمان لە وڵاتی بوڵگاریاو ناوخۆی عیراق و هی ناوچەكانی چۆمان و بتوێنی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەهات بیرمە لەبەردەرگای كارگەکە فەردەی توتنی جووتیارانی كورد بەڕیز دادەنران بۆ وەرگرتنیان.
ئەو كرێكارە دێرینە باسی لە گرنگی و زۆری بەرهەمی كارگەكە كردو وتی: بەرهەمی جگەرە لەكارگەی جگەرەی هەولێر بەڕێژەیەك زۆر بوو كە بەرهەمی جگەرەكەی هەناردەی زۆربەی شارەكانی عیراق بە شاری بەغداشەوە لەگەڵ وڵاتانی وەك روسیاش دەكرا، بیرم دێت رۆژانە 30 – 40 عەرەبانە جگەرە بەرهەم دەهات و باردەكران كە هەر عەرەبانەیەك 25 كارتۆن جگەرەی لەخۆدەگرت.
ئەو كرێكارە دەشڵێت: كاتێك داخرا هەندێك كەسی كۆمپانیایەك لە دوای رووداوەكانی ساڵی 1996 هاتن و كارگەی جگەرەیان وەستاند كە هیچ كێشەیەكی نەبوو بەجوانیش كاری دەكرد و ئێستاش كێشەیان نییە و دەتوانرێت لەسەر بنكەی خۆیان دایان بنێنەوە و كاری پێبكەن، زۆربەی بەشەكانی وەكو بەشی تۆڕنە و بەشی خەرمان ئێستاش وەكو خۆیانن و پارێزراون تەنیا دوو بەشیان لابردووە، من ئاگاداربووم دواتر چوار ئامێریان بۆ ناحیەی سمێڵ باركرد بۆ ئەوەی لەوێ دەست بەبەرهەمی جگەرە بكەن كە پێموایە تائێستاش كاردەكات.
لەڕووی تەندروستیەوە دەمێكە یەكلایی بۆتەوە جگەرە زیانێكی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی جگەرە بە هەموو جۆرەكانیەوە لە وڵاتانی ترەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و سەرمایەی وڵات دەچێتە دەرەوە كە زیان بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت، بۆیە هەبوونی كارگەی جگەرە و كارگەی كاڵای تر زۆر گرنگە بۆ بوژانەوەی كەرتی پیشەسازی و ئابووری هەر وڵاتێك. 

توێژینەوە دەکەن
کارگەی جگەرە و چنین تەنها کارگە نین لە کارکەوتبن و هەروا جێهێڵڕابن، هەر بۆ ئەو مەبەستە عەلی عوسمان عەلی بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پیشەسازی رایگەیاند: ئێمە داوای ئامارێكمان كردووە لەهەموو پارێزگاكانی هەرێم بۆ ئەوەی بزانین موڵكەكانی وەزارەتەكەمان چین و بۆچی كارناكەن چۆن میكانیزمی كارپێكردنەوەی كارگەكان لەهەرێمی كوردستان دابڕێژین، چونکە ئێستا كۆمەڵێك كارگەمان هەیە لەكاركەوتوون، میكانیزممان بۆ داڕشتوون بۆ ئەوەی ئەو کارگانە لەگەڵ سەردەمدا بیگونجێنین.
وتیشی: ئەم كارگانە موڵكی وەزارەتی ئێمە و حكومەتی هەرێمە، بەڵام لەكاتی پێشوودا بەسیستمی سۆشیالی كاری پێكراوە لەلایەن حكومەتێكی سۆشیالەوە، ئێستا كارگەكان لەڕووی ئامێرەوە زۆر كۆنن و بە كەڵكی ئەو سەردەمە نایەن و لەڕووی بیناسازیشەوە زۆر كۆنن، بۆیە یان دەبێت سوود لە زەویەكەی وەربگیرێت یان نۆژەنكردنەوەیەكی فراوانی بۆ بكرێت، ئەم كارەش لە ژێر توێژینەوەدایە.
عەلی عوسمان وتیشی : ئێستاش موڵكەكانی وەزارەتمان هەموو لەبەردەستدایە لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكەین بزانین ئەوانەی دراون بەكرێ و گرێبەستیان كردووە بەشێوەیەكی یاسایی كارو رێوشوێنیان گرتۆتەبەر، ئەوانەشی لەکار وەستاون جارێكی دیكە میكانیزمی بەكارخستنەوەیان بەپێی سەردەمی ئەمڕۆ دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی بتوانرێت بدرێت بەكەسانێك لە ئاست بەكارخستنەوەی ئەو كارگانە بن و بەپێی ئەو گرێبەستە یاساییەی لەنێوان وەزارەتەكەمان و لایەنی سەرمایەدار دەكرێت، بەكرێ پێی بدەن، بەشێوازێك بێت لەخزمەتی بەرهەم و پێداویستیەكانی ناوخۆیی هەرێمی كوردستاندا بێت.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان