پیتێک لە دەروازەی چەند رێگەیەکی وانە وتنەوەدا

10:11 - 2023-01-22
کەلتور
896 جار خوێندراوەتەوە
#دەبێت هەلی فێربوون بۆ منداڵان بڕەخسێنین

عەلی حەمەڕەشید


وانە وتنەوە هونەرە و پێویستی بە خۆ ئامادەکردن و پلان هەیە، هەروەها گۆڕینی رێگەی وانە وتنەوەش گرنگی خۆی هەیە و پێویستە مامۆستا بزانێت کام رێگە بۆ بابەت و ئەو منداڵانەی کە وانەیان پێدەڵێت زیاتر گونجاوە ئەوەیان بەکاربهێنێت. دەبێت ئەوەش بزانین وانە وتنەوە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەدا جیاوازییەکی زۆریان هەیە، لە باخچەدا زیاتر راهێنانی منداڵە و یاری پشکی هەرە زۆری دەبێت لە وانەکەدا، چونکە منداڵ بەتایبەتی لە باخچەی منداڵاندا پێویستی بە یاریکردنی زیاترە و  بە یاری و جووڵەی پەروەردەیی حەزی زیاتری بۆ وانە و باخچەکە زیاد دەکات و ئەو وزە زیادەش هەیەتی خاڵی دەبێتەوە. «ژان بیاژێ» دەڵێت: (منداڵ فێر مەکە، هەلی بۆ بڕەخسێنە)، چونکە هەلڕەخساندن بەشێکە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، لەوێوە هەنگاوەکانی فێرکردنی منداڵ دەستپێدەکات، وەک پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەردەوام، بۆیە تا هەل بۆ منداڵەکە نەڕەخسێنرێت ناتوانرێت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنیش دەست پێبکەین، باخچەی منداڵان پلەیەکە بۆ ئامادەکردن و گەشە پێدانی منداڵ، لەوێوە بەرەو پلەی فێربوون یەکەم هەنگاوی سەرکەوتن دەنێت، هەروەها بەهرەو تواناکانی منداڵ بەهۆی ئەو چالاکییانەی لە باخچەدا بەشێوەی یاری دەیانکات گەشە دەکات و دەردەکەوێت. 

دەرچووی کۆلێژی پەروەردە بێت
کەواتە باخچەی منداڵان هەرچەندە پرۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین نابێت وەک قوتابخانە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا بکرێت و وانەکانیش گونجاو نییە وەک ئەو وانانە بێت مامۆستا لە قوتابخانە بە قوتابیانی دەڵێتەوە. کاتێ سەردانی باخچەکان دەکەیت بۆ بینینی هەر وانەیەک ئەو راستییەمان زیاتر بۆ روون دەبێتەوە کاتێک ئەو مامۆستایەی لە باخچە وانە دەڵێتەوە شارەزایی تەواوی لە شێوازی وانە وتنەوە لە باخچەدا هەبێت، خۆ ئەگەر دەرچووی کۆلێژی پەروەردە و بەشی باخچەی منداڵان بێت و حەزی زۆری بۆ ئەو کارەی هەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە سەرکەوتووە و بەو شێوەیە وانە دەڵێتەوە و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا دەکات کە باخچەی منداڵان دەیخوازێت. (پیتێک لە دەروازەی چەند رێگەیەکی وانە وتنەوەوە) ناونیشانی ئەو چالاکییە یاری ئامێز و سەرنجڕاکێشە بوو کە مامۆستایان لە (باخچەی منداڵانی دەروازە)ی حکومی  بە سەرپەرشتی لیژنەکانی باخچە ناحکومییەکان و بە هاوکاری هاوڕێی رەخنەگر و کارگێڕی باخچەکە پێشکەش بە مامۆستایانی بابەتی شارەزایی و چالاکییەکانی سەرجەم باخچە ناحکومییەکانی سنوری بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کرا، پیتی(پ) بە سێ رێگەی جیاواز لە سێ وانەی جیاواز و لە سێ ژووری جیاواز و لەلایەن مامۆستای جیاواز پێشکەش کرا، یەکەمیان بە رێگەی چیرۆک دوو مامۆستا دەیان وتەوە، هەموو ئەو پێداویستییانەیان ئامادە کردبوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا ناویان دەهات و بە شێوەیەکی جوان و نەرمونیان و بە جووڵەی پێویستەوە  مامۆستا چیرۆکەکەی دەگێڕایەوە (پەردە و ملپێچ و پانکە و پرتەقاڵ و پەنیر و پشیلە و پاشا و پەری و پەیڕەو و ئەسپ و باپیرە و داپیرە...هتد) ئەم وشانە بەکار هاتبوون و وێنەکانیشیان ئامادەکرابوون و مامۆستا لەگەڵ ناوهێنانی هەر یەکێکیاندا وێنەکەی بەرز دەکردەوە. پرسیار و چالاکی بۆ جووڵەی منداڵیش دەکرا و سەرنجت دەدا منداڵان بە پەرۆشەوە تامەزرۆی وانەکە بوون و ئاوێزانی رووداوەکانی نێو چیرۆکەکەی مامۆستا بووبوون و لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناویدا دەهاتن و دەچوون و هەڵسوکەوتیان دەکرد، ئەمەش سەرکەوتنی مامۆستا لە وانەکەیدا دەسەلمێنێت. مامۆستا لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا هەموو وێنەی ئەو کەسایەتی و شتانەی ناویان لە چیرۆکەکەدا هاتبوو بەو چەترەدا هەڵواسیبوو کە بەدەستییەوە بوو، لەکاتی گێڕانەوەیدا دەستی لێدەدان و نیشان منداڵانی دەدا، لە کۆتایشدا مامۆستا کۆمەڵێک پرسیاری دەربارەی چیرۆکەکە ئاراستەی منداڵان کرد، منداڵان بەخۆشییەوە وەڵامیان دەدایەوە و وەک هەڵسەنگاندنێکیش بۆ بابەتەکەی وابوو.

بە جلوبەرگی تایبەتی کوردییەوە
لە وانەیەکی تر و بە رێگەی شانۆ دوو مامۆستای تر بەهەمان شێوە پێشتر ئامادەکاری تەواویان بۆ وانەکە کردبوو، بێجگە لە دانانی ئەو پێداویستییانەی وانەکە دەیخواست، یەکێک لە مامۆستاکان وەک داپیرە و بە جلوبەرگی تایبەتی کوردییەوە و وەک داپیرەیەکی سەلار و خان و مان بە خۆی و دارێکەوە کە کردبووی بە هێزی ئەژنۆی بۆ رۆیشتن دەردەکەوت. دوای ئامادەکردنی منداڵەکان بۆ وانەکە و پێشەکییەکی کەم دەرگاکەیان لە داپیرە کردەوە و هاتە ژوورەوە، بەشێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەردەکەوت و قسەکانیشی هەر لەسەرەتاوە بەو وشانە دەستپێکرد کە پیتی (پ)ی تێدابوو وەک پاس، پەردە، پشت، پەنجەرە، پەڵە هەور، ملپێچ، پرتەقاڵ، پەنیر، پشیلە و چەند وشەیەکی تر کە منداڵان بە پەرۆشەوە گوێیان لێگرتبوو و تەماشایان دەکرد.
لە وانەیەکی تردا بە رێگەیەکی سەردەمی و جیاواز بە هۆی ئامێری (داتاشۆ)وە بۆ هەمان پیت(پ)، دوو مامۆستا گشت پێداویستییەکانی وانەکەیان ئامادەکردبوو بۆ وانەکە پێویست بوو، سەرەتا یەکێک لە مامۆستاکان و ناساندنی خۆیان قسەی کرد و بە یارییەکی وەرزشی دەستی پێکرد و ئەمەش زیاتر وای لە منداڵەکان دەکرد حەزیان زیاتر لەوانەکە بێت و ئەو وزە زیادەش کە تێیاندایە بەشێوەیەکی دروست و پەروەردەیی خاڵی ببێتەوە. ئیتر لەڕێگەی داتاشۆوە کۆمەڵێک وێنەیان نیشان منداڵان دا کە وشەکانیان  پیتی(پ)یان تێدابوو لە هەمانکاتیشدا شتەکان نزیک بوون لە منداڵ و بەشێکیشیان لە ژینگەی باخچە و ژوورەکەدا هەبوون. مامۆستایان بەپێی ژمارەی منداڵەکان قاپی رەنگ پرتەقاڵییان ئامادەکردبوو لە ناویدا بەشێوەی کون کون پیتی (پ)یان نووسیبوو، کۆمەڵێک شتی جیاواز و رەنگاوڕەنگیان ئامادەکردبوو، وەک قەسەبی بڕاو، کاغەزی رەنگاوڕەنگ، گوڵی بچوک بچوک و شتی تر، هەر منداڵە و قاپێکیان دانێ بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان حەز بەچ دەکەن بەوە پیتی (پ) لەناو قاپەکەدا پڕ بکەنەوە، ئەمەش هەر وەک یاری وابوو.

 وانە وتنەوە لە باخچەدا
ئەوەی پێشکەش کرا بووە مایەی سەرنجی مامۆستایانی ئامادە بوو، سودی زۆریان لێوەرگرت، لەڕاستیدا سازدانی ئەم جۆرە چالاکییانە پەرەی زیاتر بە پرۆسەی پەروەردە و دواتر فێرکردن دەدات و ئەوەشمان بە روونی پێدەڵێت وانە وتنەوە لە باخچەدا هەر زۆر جیاوازترە لە وانە وتنەوە لە قوتابخانەدا، و یاری و چالاکی زۆرتر پێویستە لەناو وانەکاندا هەبێت و رێگەی جیاوازیش بەکاربهێنرێت لە وتنەوەی وانەکاندا و لە هەمانکاتیشدا مامۆستا دەتوانێت سەلیقە و توانا و لێهاتوویی خۆیشی تێکەڵ چالاکی و هەنگاوەکانی وانەکە بکات تا تایبەتمەندی خۆیشی پێوە دیاربێت و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات. مامۆستا و پەروەردەکار عەزیز ئالانی لەبابەتێکدا دەربارەی سودەکانی یاریکردنی منداڵ روودەکاتە مامۆستایانی باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتییەکانیش و دەڵێت: (پێویستە یاری بەشە سەرەکییەکەی مانەوەی منداڵ بێت لە باخچە و قوتابخانە، تەنانەت دەبێت فێرکردنی پیت و ژمارەکانیش بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان هەر لەڕێی یاری و شانۆگەری و ئەنیمەیشن و وەرزش و گۆرانی و وێنەکێشانەوە بێت، نەک وانە وتنەوەی پۆل و شێوازی کلاسیکی). چونکە لەڕێی یارییەوە منداڵ کۆمەڵێک سود وەردەگرێت، وەک مامۆستا عەزیز ئالانی لە هەمان نووسیندا دەستنیشانی کردوون، گرنگترینیان (چێژ وەرگرتن و دڵخۆشی و بەهێزکردنی توانای هزری و بەکارهێنانی هەست و توانا شاراوەکان و فێربوونی هونەری نواندن و بەهێزکردنی جەستە و توانای جەستەیی و توانای مێشک و بیرکاری و کرانەوەی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی توانای داهێنان و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان...هتد)ە.

تێبینی:
بۆ ئەم نووسینە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

•نووسێنێکی مامۆستا عەزیز ئالانی کە لە فەیسبوکەکەی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە.
•گۆڤاری پەروەردە و زانست...ژمارە(3)ساڵی (2) بەهاری 1972.
•پەروەردەی هونەر..بۆ باخچەی منداڵان...رێبەری مامۆستا...ئامادەکردنی مامۆستا خەلیل عەلی عەبدوڵڵا..

بابەتە پەیوەندیدارەکان