سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كۆبوونەوە

12:03 - 2023-01-24
کوردستان
279 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، كۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵێكی سایتی پەرلەمان «لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رێكارە یاساییەكان كرا بۆ خێراكردنی هەنگاوەكان و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان»، هەروەها «دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی هەموان پابەندی ئەو ماوە یاساییە دەبن كە دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنەكان و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن»، ئاماژە بەوەش دراوە «لە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكاندا باس لە دروستكردنی زەمینەسازیی یاسایی و تەكنیكیی پێویست بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان كرا».

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەبەر رۆشنایی راوبۆچوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، نەخشەڕێگەی كاركردن و جێبەجێكردنی ئەركی پەرلەمان سەبارەت بە هەڵبژاردن ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكاندا بیخاتەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان