شۆڕشی 25 ی یەنایەر

بەهارێکی تەمەن کورت گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم

10:56 - 2023-01-25
دووتوێ
549 جار خوێندراوەتەوە

ئەم دۆسێیە شرۆڤەیەکی هەمەلایەنەی بزاوت و خرۆشانەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبییە کە لە کۆتایی ساڵی 2010 دا لە تونسەوە دەستیپێکرد و لەو رۆژگارەدا لە میدیاکانەوە بە (بەهاری عەرەبی) ناوبانگی دەرکرد، بەڵام بەهارەکە لەسوریا نەک هەر بەچۆکدا هات، بەڵکو وردە وردە لەناو بەرداشی بەرژەوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و لە سایەی ململانێ تایفی و مەزهەبی و ئیتنیکییەکاندا هاڕدرا.
لەو شوێنانەش کە شۆڕش و راپەڕینەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و رژێمەکانیان روخێنرا، رووداوەکانی دواتر و تا ئێستا کە 12 ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە، ئەو شۆڕش و بزاوتانە نەک نەیانتوانی سەقامگیرییەکی سیاسی بێننە کایەوە و گەشەیەکی ئابووریی باشتر بۆ تاک و وڵاتەکانیش دەستەبەر بکەن، بەڵکو هەموو وڵاتەکان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی و ئاشتیی کۆمەڵایەتییەوە پاشەکشەی گەورەیان کرد، کە لێرەدا کاریگەریی فاکتەرە خۆیی و بابەتی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی ئەو شکست و پاشەکشەیە شرۆڤە دەکەین.
دیارە شۆڕشی تونس لە 14/12/2010 دەستی پێکرد، بەڵام دیاریکردنی کاتی ئەم دۆسێیە لە 25ی یەنایەردا ئاماژەیە بە شۆڕشەکەی میسر، چونکە میسر سەبارەت بە عەرەب و وڵاتانی عەرەبی بە شوێنی هەر وەرچەرخان و گۆڕانکارییەک ئەژمار دەکرێت، بۆیە شۆڕشی یەنایەری 2011 ی میسر زۆرێک لە میللەتانی دیکەی وڵاتە عەرەبییەکانی خستە سەر کەڵکەڵەی شۆڕش و راپەڕین، وەک چۆن شۆڕش یان کودەتای یۆلیۆی 1952ی جەمال عەبدولناسر زۆربەی وڵاتانی ژێر داگیرکاریی ئینگلیز و فەرەنسییەکانی خستە سەر کەڵکەڵەی لاساییکردنەوە و دووبارە کردنەوەی کودەتا یان شۆڕش لەڕێی جەنەڕاڵە باڵاکانەوە لە تونس و عیراق و لیبیا و یەمەن و سوریا و سیستمەکانی پاشایەتییان روخاند و سیستمی کۆماریی – سەربازییان دامەزراند.


دۆسێ

ئامادەکردنی: جەمال ئارێز

گرفتی سەرەکیی لایەن و کەسایەتی و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و ئایینی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی لە سەرەتای زستانی 2010 ەوە تا بەهاری 2011  راپەڕین، یان راستتر بڵێین هەندێک لەو رەوت و حزبانەی سوار شەپۆلی ناڕەزایی گەلانی ستەمدیدەی ئەو وڵاتانە بوون، ئەوەبوو کە هەموویان کۆک بوون لەسەر رووخانی رژێمە دەسەڵاتدارەکان، بەڵام هەمووشیان یاخود زۆربەیان ناکۆک بوون لەسەر داڕشتنی بەرنامە و پلانێکی تەوافوقیی گشتگیر بۆ شێواز و جۆری سیستمی  حکومڕانیی ئایندەی وڵاتەکانیان.
هۆکاری سەرەکیی ئەوەش بەگشتی پەیوەست بوو بەوەی کە هەموو رەوتەکان لەمپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی راست و لە سکۆلاریستەوە بۆ ئاینی و لە لیبراڵییەوە بۆ موحافیزەکان، لە خاوەن هێزی چەکداریی نهێنییەوە بۆ هێزی مەدەنی تێڕوانینی جیاوازیان هەبوو، بۆیە وەک چۆن یەکگرتن و خەبات و سەرکەوتنیان لەسەر خاڵە کۆکەکەیان خێرا و دەستوبرد بوو، ترازان و هەڵوەرین و سەنگەرگرتنیشیان لە یەکتری بۆ هەرچی زیاتری چنینەوەی دەستکەوتەکان و زاڵکردنی مەیلی سیاسیی خۆیان خێرا و دەستوبرد بوو.
ئەم لێکترازان و هەڵوەرینە کتوپڕە بووە فاکتەرێک کە وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی ئیقلیمی و جیهان بەزوویی بێنە سەرخەت و هێزە کاریگەرەکانی گۆڕەپانەکان بەگوێرەی ئایدیۆلۆژیا و نەزەری سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئیحتیوا بکەن و بە بەڵێنی کوڕی (سێو لەباخەڵ) دەستخەڕۆیان بکەن و بیانکەنە تەرفگیری خۆیان، هەم شێوانی دۆخەکە و نەمانی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و دانەجێڕەی تایفی و خێڵەکیش بووە فاکتەرێک کە ئەو وڵاتانەی دیکە کە مەیلی شۆڕش و راپەڕینیان هەبوو دەست لەخۆیان نەدەن بەو پێیەی لەو دەرفەتە کورتمەودایەدا ئەنجام و ئامانجی زلهێزەکان و ئەو هێزە سیاسییانەیان بۆ دەرکەوت کە لەڕووی ناوخۆییەوە، هەمان سیستم و کەلتوری دیکتاتۆری و تاکڕەویان دووبارە کردەوە، هەمیش ئاسایشی ژیان و ئابوورییان بەرەو خراپتر رۆیشت و ناسنامەی نیشتمانیی دانیشتوانە فرە پێکهاتەکانی ئەو وڵاتانەش لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچوو.    

تونس باشترینیان بوو
تونس وەک ئەوەی وەک یەکەم وڵات شۆڕشی تێدا بەرپابوو، جگە لەوەش دەستوورێکی هاوسەنگی هەبوو کە بەدرێژایی سەردەمی بۆرقێبە و بن عەلی ناسنامەیەکی تاڕادەیەک نیشتمانی بۆ خەڵکەکەی دروستکردبوو و جۆرێک لە سیستمی دامەزراوەیی و جیایی دەسەڵاتەکانی تێدا بەرجەستە ببوو، بۆیە زۆربەی ئەرکەکە سوپا گرتییە ئەستۆ و کێشەکە زیاتر لەگەڵ بنەماڵە و دەستوپێوەندەکانی خودی بن عەلی و لەیلا تەرابلوسی هاوسەریدا بوو، نەک دامەزراوەکانی دەوڵەت. بۆیە بن عەلیش لە چوارچێوەی ئەو یاسا و سیستمە پەیڕەوکراوەدا زۆر خۆی پێ نەگیرا و دوای کەوتنەوەی 13 قوربانی لە خەڵکی مەدەنی و بەرزکردنەوەی دروشمی (الشعب یرید اسقاط النظام)دا لەپەیامەکە تێگەیشت و وڵاتی بەرەو چارەنووسێکی نادیار بەجێهێشت تا بە غیابی حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا و پاش چەند ساڵێک لە سعودیە لە پەناهەندەیی کۆچی دوایی کرد.

میسر و سوپا و ئیخوان
هەرچەندە شۆڕشی 25 ی یەنایەری میسرییەکان بەشێکی لاساییکردنەوەی ئەزموونەکەی تونس بوو، بەڵام ئەوە لەو راستییە ناگۆڕێت کە رژێمی موبارەکیش ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەی دەکرد و زۆربەی ئازادییە سیاسی و ئایینییەکانی سەرکوت کردبوو، جگە لەوەش بەهیزترین رەوتی سیاسی ئیخوانەکان بوون کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شەقامی میسر هەبوو، بۆیە لە شۆڕشی یۆلیۆی 1952ی میسرەوە زۆربەی دەسەڵاتەکان لەگەڵ ئیخوانەکاندا لە کێشەدا بوون و هەمیشە ئیخوانەکان لە شەقامی میسریدا وەک قوربانی دەبینرا.

خواستی ئیسلامی و عەرەبی
بەشێک لە هۆکارەکانی بەهێزبوونی ئیخوانەکان بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە میسر جگە لەوەی مەڵبەندی سەرهەڵدانی ئەو رەوتە جیهانییە بوو، لە زۆر خاڵی جەوهەریدا خواستەکانی لەگەڵ خواستی نەتەوەیی عەرەبیشدا یەکی دەگرتەوە کە ئەوانیش دژی ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوە بوون لەگەڵ ئیسرائیلدا و میسر هاوکات مەڵبەندی ئەو بیرە عروبییەش بوو، بۆیە سەرکوتکردنی هێزە چەپەکانی میسر لەسەردەمی محەمەد ئەنوەر سادات و موغازەلەی ئیخوانەکان، شەفاعەتی ئەوەیان بۆ نەکرد کە لەدوای ئیمزاکردنی پەیماننامەی کامپ دەیڤید هێزە ئیسلامییەکان بیکوژن، هەرچەندە کوشتنی سادات بەدەست ئیخوانیش نەبووبێت بەدڵی بوو، بۆیە شەقامی ناڕازیی میسریش لە (کامپ دەیڤید) ئەگەر بە ئینتیماش ئیخوانی نەبووبن، بەدڵ لەگەڵ ئەوەدا بوون لانیکەم چەپەکان پێیان وابوو کە دەسەڵاتی قاهیرە بەخۆیدا دەچێتەوە و ئیتر موغازەلەی چەپەکان دەکات، بەڵام ئەمجارە چەپ و ئیسلامی و نەتەوەیی پێکەوە کەوتنە ناو دەستاڕی زەمانەی موبارەکەوە و هاڕینی.

یەنایەر و بەهێزیی ئیخوان
سەرەڕای یاساغکردنی ئیخوان وەک حزبێک و پۆلێنکردنی لە لیستی تیرۆردا لەلایەن میسرەوە، بەڵام ئیخوانەکان لە دەرگای پشتەوە و بەناوو نازناوی جیاجیاوە تێکەڵ بە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەندیکا و رێکخراوە مەدەنییەکانی میسر دەبوون و رمووزە سەرەکییەکانیان لە پشت پەردەوە رێنماییان دەکردن، بەڵام چەند کەسێکی ئەفەندیی بەشێوەی پەنهان بەهەموو ئەو شوێنانەدا بڵاوبوونەوە کە توانایان هەبێت خەڵکی لێوە رابکێشن، بەجۆرێک لە دوا هەڵبژاردنی میسری موبارەکدا ئەنجامەکان و رێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنانەدا کە بۆ ئەنجومەنە لۆکاڵییەکان و پەرلەمانیش بەڕێوەچوو سەرەڕای درێژکردنەوەی وادەکەی بۆ سەعات 10ی شەو، بەڵام رێژەی ٪22 ی تێنەپەڕاند، ئەوەش زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ حکومەتی میسر.

هێزی ناوەند و چەپ
کاتێک لە سەرەتا و ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا دەرفەتێک کرایەوە لەبەردەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە نەرمڕەوو چەپەکانی میسردا، کار لەکار ترازابوو، سۆڤیەت رووخابوو، هیچ وڵاتێک دەستگیرۆیی مادی و سیاسی و مەعنەویی هیزە چەپ و دیموکراتخوازەکانی وەک پێویست نەدەکرد، سەرەڕای ئەوەش رەوتی ئیسلامی سیاسی لە زۆربەی جیهانی عەرەبدا بەهۆی جەنگی دووەمی کەنداو هاتنی سوپای بیانییەوە بەناوی رزگارکردنی کوێت و تەمبێکردنی عیراقەوە، وایانکرد نەک هەر هێزە چەپەکان رۆڵیان نەمێنێت، بەڵکو زۆرێک لەو هێزانە و رمووزەکانیان یان کۆتاییان بە سیاسەت هێنا، یان هەر خۆیان بوونە بەشێک لەو شەپۆلەی ئیسلامی سیاسی دژە خۆرئاوایی.
بۆیە ئیخوانەکان لە میسر توانیان زۆر زوو کۆنترۆڵی پێگە و پایە هەستیارە مەدەنییەکانی دوای رووخانی موبارەک بکەن.

سوپا جڵەوەکەی گرتەوە
دوای نزیکەی ساڵێک زیاتر میسر لەلایەن ئەنجومەنی باڵای سەربازییەوە حکومڕانی دەکرا، ئەوەش ناڕەزایی زۆری هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشوێن خۆیدا هێنا کە ئیخوان رۆڵی گەورەی بینی لەو خۆپیشاندانانەی دژی حوکمی عەسکەر بەڕێوەچوو، بۆیە دەسەڵاتی سەربازی و موشیر تەنتاوی ناچارکرد بچنە ژێرباری هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەوە.

لە دوای یەنایەری 2011-ەوە میسرییەکان هەرجارەی لەدژی دەسەڵاتێک شەقامەکان دەتەنن

بۆ یەکەمجار پەرلەمان و  سەرۆکێکی ئیخوانی
دیارە هەڵویستەکردنی زیاتر لەسەر میسر، هۆکارەکەی ئەوەیە کە میسر دڵی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبییە و وڵاتێکی کاریگەرە لەهەر گۆڕانکارییەکدا، بەوپێیەی لە شۆڕش یان کودەتای  یۆلیۆی  1952 ەوە، هەمان سیناریۆ لە تونس 1956و دواتر عیراق 1958و لیبیا 1969 و یەمەن 1971 ی بۆ رژێمی سەربازیی بەشوێن خۆیدا هێنا، بۆیە سەرکەوتنی ئەوان کاریگەریی لەسەر کۆی وڵاتانی عەرەبی وەک مۆدێل بەشوێن خۆیدا دەهێنا. 
هەڵبژاردنی محەمەد مورسی بە سەرۆکی میسر لە دەنگدانێکی میللیدا بە جیاوازییەکی کەم لەگەڵ رکابەرە سەربازییە تازە مەدەنییەکەیدا، سەرەتا وەک ئەنجامێکی ئاسایی پڕۆسەی دیموکراسی مامەڵەی لەگەڵدا کرا، بەڵام داڕشتنی پڕۆژەی دەستوورێک کە بە وتەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی میسر بە مەیلێکی ئیخوانی و فەرامۆشکردنی کەمینەی قیبتی لەو پڕۆژەیەدا و پێداگریی لەسەر راپرسیکردن لەسەری کە زۆرێک لە مافە مەدەنییەکانیشی پێشێل کردبوو، لە مانگی حوزەیرانی 2013دا بەشێکی زۆری خەڵکی میسری هێنایەوە سەر شەقام و دووبارە مەیدانی تەحریر و بەردەم کۆشکی کۆماری بۆوە بە مەیدانی خۆپیشاندانی دژ و پشتیوانەکانی پڕۆژەکە.
لایەنگرانی پڕۆژەکە وایان لە قەڵەم دەدا کە ئەوانەی دژی پڕۆژەکەن زۆربەیان پیاوانی دەسەڵاتی پیشوون و لە وڵاتانەوە پشتیوانی دەکرێن دژی سەرۆکی شەرعی و هەڵبژێردراو، هەرچی نەیارانی پڕۆژەکەشە هانایان بۆ سوپا و عەسکەر بردەوە کە رێگە نەدەن ئیخوانەکان دەستکەوتەکانی شۆڕشی یەنایەر لەبەین بەرن.

سوپا کتوپڕ دۆخەکەی وەرچەرخاند 
لەبزاوتێكی خێرادا ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی میسر توانییان سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەسەر بکەن و بەوەش توانییان ئاگری تەنگژەیەكی مەترسیدار خامۆش بکەنەوە كە لەلێواری هەڵگیرساندابوو. ئەو هەنگاوەی سوپا ناڕەزاییەکانی مەیدانی تەحریر و بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی بڵاوە پێکرد، بەڵام خۆپیشاندانێکی تری لە مەیدان و مزگەوتی رابیعەی عەدەوی هێنایە گۆڕێ کە ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشا تا دووبارە حوکمی عورفی و باری نائاسایی لە میسر راگەیەندرا. بەمەش جارێکی تر هێزە مەدەنی و چەپ و دیموکراتخوازەکان کەوتنەوە پەراوێزەوە لە چنینەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی یەنایەر.

مورسی و موبارەک  دوو دادگایی و دوو مردنی جیاواز
لەدوای گەڕانەوەی حوکمی عەسکەر بە شێوەیەکی ئەهوەنتر لە پێشوو و هەڵبژاردنی جەنەراڵ عەبدولفەتاح سیسی بە سەرۆکی نوێی میسر، دادگاییکردنی موبارەک و رموزەکانی رژێمەکەی لەلایەک و دادگاییکردنی محەمەد مورسی و سەرکردە دیارەکانی ئیخوان لەلایەکی ترەوە، بوونە دوو دیمەنی رۆژانەی میدیاکانی میسر و لەپاش چەند مانگێک لە حوکمی سیسی، موبارەک لە دانیشتنێکی دادگادا و بەوردی دانی بەوەدا نا کە ناتوانێت نکوڵی لە هەڵە و کەموکووڕیی رژێمەکەی و دەستەو دایەرەکەی بکات، بەڵام شۆڕشی یەنایەری گەڕاندەوە بۆ هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر پڕۆژەیەکی خۆرئاوا کە لە ساڵی 2006 دا داوایان لێکردووە دان بە قودس-دا بنێت وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەویش ئەو داوایەی رەتکردۆتەوە، بۆیە باڵێۆزخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا رۆڵیان بینیووە لە ئامادەکردنی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانی قاهیرە و مەشق پێکردنیان بۆ تێکدانی دۆخی ناوخۆیی میسر، هەمان ئەو قسانەی موبارەک لەسەر زاری وەزیری ناوخۆی رژێمەکەشی بە وردەکاریی زیاترەوە خرایەڕوو تەنانەت ناوی هەندێک لەو باڵیۆزانەشی ئاشکراکرد کە رۆڵیان بینیووە لە مەشق و راهێنانەکان لەسەر چۆنێتی کوشتنی خۆپیشاندەر و فەبرەکەی میدیایی و تووڕەکردنی هێزە ئەمنییەکان و ژمارەی ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی بە دەستی کەسانی نادیار لەو ماوەیەدا کوژراون و ئەو پارە و دەرامەتەی خراوەتە بەردەستی رێبەرانی خۆپیشاندانەکان و ئەو جۆرە چەکانەی لە ژێر خەیمەکانی خۆپیشانداندا مەڵاس درابوون، لای زۆرێک لە شرۆڤەکارانی میسر ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە و هەندێکیش پێیانوایە ئەوانە راستین، بۆیە ئازادکردنی موبارەک و خانەوادەکەی لەدوای خامۆشبوونەوەی ناڕەزاییەکانی رابیعەی عەدەوی کاردانەوەی ئەوتۆی بەشوێن خۆیدا نەهێنا و هەتا دوای مردنیشی تەرمەکەی بەشێوەیەکی رەسمی و شکۆدارەوە بۆ دوا مەنزڵی بەڕێکرا.
هەرچی محەمەد مورسی-شە چەند جارێک خۆی و سەرکردەکانی ئیخوان لە قەفەسی تاوانبارییەوە لە دادگای میسرەوە دەرکەوتن، بەڵام پاش ماوەیەک راگەیەندرا کە لە هۆڵی دادگادا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، ئەوەش ئەو ریوایەتەیە کە تائێستاش ئیخوانەکان رەتی دەکەنەوە.

ئیخوانی قەتەر و تورکیا، سەلەفی میسر و سعودیە
پەردەی شانۆگەرییەکەی میسر لەدوای مورسییەوە بە نیوە دادراوەیی و نیوە هەڵدراوەیی ماوەتەوە و سەرەڕای پەرتەوازەبوونی ئیخوانەکان بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام لەناو خۆشیاندا لە نێوان هێڵی ئەنقەرە و دۆحەدا دابەشبوون و لەبەرامبەریشدا سەلەفییەکان لە میسر و بە پشتیوانیی سعودیە ئەستێرەی بەختیان لە گەشانەوەدایە، بەو پێیەی سەلەفییەکان وەک خۆیان دەڵێن تموحی چوونە دەسەڵاتیان نییە، جگە لەوەش خۆیان کەیفیان بە ئیخوانەکان نایەت، بۆیە سەلەفییەکان بوونە خاڵی کۆکەرەوە و کۆلکەی هاوبەشی نێوان میسر و سعودیە، لەلایەک بۆ بەرگرتن بە گەشەسەندنەوەی ئیخوان موسلیمین و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ رێگریی لە دەسەڵاتی قەتەر و تورکیا لە هاوکێشەکانی یەمەن و سوریا و لیبیادا.

هێوربوونەوەی میسر و  سەرهەڵدانەوە لە تونس
پاشەکشە و لاوازبوونی ئیخوان لە میسر و دووکەرت بوونی رێبەرایەتییە جیهانییەکەی، دەرفەتێکی بۆ تونسییەکانیش رەخساند کە خۆیان لە هەندێک کۆت و بەند رزگاربکەن کە چەند ساڵێکە بە کۆمەڵگەی تونس نامۆیە بەهۆی دەستوور و سیستمە سکولاریستەکەی پێشوو و برەوی مافە مەدەنییەکان و رۆڵی ژنان لەو وڵاتەدا، بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی دوای (بەهاری عەرەبی)ەوە جار لەگەڵ جار رۆڵ و پێگەی ئیخوانەکان بەتایبەتی و حزبە سیاسییەکان بەگشتی بەرەو لاوازیی چوو، تا لەدوا هەڵبژاردندا کەسێکی یاسایی تەکنۆکرات بەناوی قەیس سەعید توانی بەبێ پشتیوانیی پۆستی سەرۆک بباتەوە، بەڵام ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دژی وەستاونەتەوە و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە دەستوورێکی داڕشتووە هەموو دامەزراوە رەسمییەکانی دەوڵەتی ئیفلیجکردووە و هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستی خۆیدا کۆکردۆتەوە، ئەم دژایەتییە لەوپەڕی ئیسلامی سیاسییەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ و لیبراڵ و کۆمۆنیستی گرتۆتەوە، خاڵی هاوبەشی ئەمانەش وەک شرۆڤەکارانی نزیک لە قەیس سەعید باسی دەکەن، لەدەستدانی ئەو کایانەیە کە لەڕێگەیانەوە گەندەڵییان کردووە و ملیۆنان دۆلاریان کۆکردۆتەوە، لەکاتێکدا خەڵکی وڵاتەکە هیچ دەرەتانێکیان نییە بۆ ژیان، ئەو هەنگاوانەی سەعید وڵاتەکەی تووشی تەنگژەیەکی ئابووریی کردووە، کە گوایە بەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە بانکی نێودەوڵەتی مەرجی قورسی داناوە بۆ هاوکاری و پێدانی قەرز بە حکومەتی تونس، سەرۆکیش وەک یاساناسێکی تەکنۆکرات و پسپۆڕی یاسای دەستوور، ئەو هەڕەشە سیاسییانە بەهەند وەرناگرێت و پێیوایە دوای راستکردنەوەی رێڕەوی دەوڵەتداری ئەوکات دەتوانێت دەرگا لەبەردەم ئازادییە سیاسییەکاندا بکاتەوە.

بەشێک لە شوێنەواری وێرانەی سوریا لەپاش بەهاری عەرەبی

لیبیا و یەمەن و سوریا
ئەو دۆخەی کە وایکرد بن عەلی و موبارەک بە پەلەپڕوزێ دەسەڵات بەجێبهێڵن، لە لیبیا و یەمەن و سوریا وا نەکەوتەوە، بەڵکو ئەو دوو وڵاتە بووە پەند و زووبەزوو دەستبەرداری دەسەڵات نەبوون. تێکچوونی سەرەتاکانی دۆخی میسر و هاوسنووری لەگەڵ لیبیا، کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر بەرگریی هێزی سەربازیی سەربە قەزافی بە پشتیوانیی هۆزی تەواریقەکان، ئیتر لێرەوە وردە وردە دەستە شاردراوەکان و وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی کەوتنەگەڕ تا هەر لایەنە و بەشی خۆی لە کێک و دەستکەوتەکانی لیبیا و یەمەن و سوریای ئایندە بپچڕێت.
 بۆیە تا رووخانی رژێمی لیبیا و یەمەن هاوپەیمانییەکی ناچاریی لە نێوان هێزە چەکدارە دژە دەسەڵاتەکاندا هاتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی سەرەتاکانی هەرەسی دەسەڵاتدا، هەر گروپە و بە گوێرەی هەژموونی خێڵایەتی یان یارمەتی وڵاتانی (کۆمەککار)یان کەوتنە سەنگەرگرتن لە یەکتری، کە تائێستاش وڵاتێکی وەک لیبیا دابەش بووە بەسەر سێ میحوەری سەرەکیدا و سێ سوپا و میلیشیای بەهێزدا یەکێکیان بە پشتیوانی تورکیا و یەکێک بە پشتیوانیی میسر و هێزێکی هۆزەکانی باشووری ئەو وڵاتەش کە هێشتا لایەنگری سەردەمی دەسەڵاتی قەزافین.

هاوپەیمانی لەگەڵ  دوژمنی تەقلیدی
یەمەنیش ئەگەرچی سەرەتا بە ئاشتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەسەڵاتی بەجێهێشت، بەڵام لەبەرامبەر ئەو هێزانەی لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی دەکران، ساڵح لەناچاریدا چووە بەرەیەکی هاوبەشەوە لەگەڵ حوسییەکاندا کە خۆی ماوەی چەندین ساڵ بە ئاگر و ئاسن حوکمی دەکردن، هۆکارەکەشی ئەوەبوو ئەو لایەنانەی لە عەدەنەوە حوکمڕانی بەشێکی یەمەن دەکەن بە پشتیوانیی سعودیە و ئیمارات و بەحرێن، یەمەنی باشووری جارانیان بەدەستەوەیە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا ساڵح ناوچەکەی خەڵتانی خوێن کرد دوای ئەوەی سەرۆکەکەیان عەلی سالم ئەلبەیز لەسەر سینییەکی زێڕ ئەو یەمەنەی پێشکەش بە ساڵح کرد و ئەنجامەکەی بە پەلەپڕوزێ فریای مەنفاکەی کەوت لە سعودیە، بۆیە سەرۆکی پێشووی یەمەنی باکوور، مانەوەی لە سەنعا پێ باشتربوو، بەڵام حوسییەکان دواجار تۆڵەی خۆیان لێکردەوە.

بەحرێن و ئاشکرابوونی گەمەکە
لەوکاتەی کە کەناڵە عەرەبی و جیهانییەکان ستۆدیۆی گواستراوەی پەخشی راستەوخۆیان لە هەموو ئەو وڵاتانە دانابوو و هەواڵ و چالاکی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییان دەگواستەوە، لە بەحرێن-یش ئەو بزاوت و خرۆشانە جەماوەرییە دەستیپێکرد.
لەکاتێکدا زۆربەی شۆڕش و راپەڕینەکانی ئەو وڵاتانەی تریش شوێن پەنجەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی پێوەدیاربوو، بەڵام لەگەرمەی ئەو رووداوانەدا ئۆباڵی ئەوەی بەحرێن خرایە ئەستۆی ئێران و نەک تەنها بە هێزە ئەمنییەکانی خۆیان، بەڵکو بە هێزی پێنج وڵاتی کەنداو (جگە لە سوڵتاننشینی عومان) لەماوەی چەند رۆژێکدا راپەڕینەکەی بەحرێن سەرکوتکرا و لەڕووی میدیاییشەوە کەناڵە (پڕۆفیشناڵ!)ە عەرەبی و جیهانییەکانیش هیچ بایەخێکیان پێ نەدا، بەڵکو بایەخ بە شێوازی سەرکوتکردنەکەی درا. ئەمەش زیاتر دەستەکانی پشت شۆڕشەکانی ئاشکراکرد کە راستە نەداریی خەڵک و ستەمی دەسەڵاتە فەرمانڕەواکان لەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی تێدا روویداوە ئەو راپەڕین و خرۆشانە جەماوەرییانەیان دروستکردووە، بەڵام ئامانجە پەنهانییەکە تەنها بۆ دروستکردنی چەند دەوڵەتێکی سوننە مەزهەبی بێ تەجرەبەی دەوڵەتداریی بوو لەلایەن خۆرئاواوە تا بیانکات بەگژ ئێراندا، یان لانیکەم ستۆپێک بە ئێران بکەن کە لەو سەردەمەدا لەڕووی ئابوورییەوە پەیوەندیی لەگەڵ هەموو وڵاتە عەرەبییەکاندا باش بوو.  

سوریا مەیدانی نێودەوڵەتی
دۆخاوی دۆخەکە لە سوریادا چڕ بۆوە، چونکە سوریا لەڕووی دەسەڵاتدارییەوە هەرخۆی ئابوورییەکی لاوازی هەبوو، دوژمنی ناوخۆیی لە کورد و عەرەبی سوننە و چەپەکانیش تاڕادەیەک زۆربوو، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە بوونە فریادڕەسی حکومەتی دیمەشق، بەناچاریی چوونە جەنگەکەوە:
-روسیا سوریای وەک دواپێگە و میراتی سۆڤیەتی جاران دەزانی لەسەر دەریای ناوەڕاست، جگە لەوەش زۆرێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بریتیبوون لە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک بەرەی نوسرە و جەبهەی تەحریری شام و داعش و بەشێک لە چەکدارەکانیان چیچانی و ئۆزبەگی و تاجیکی و...بوون و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیسرائیلیش نەیدەتوانی دەست لە سوریا بەربدات.
-ئێران نەیدەویست سوریا ببێتە پێگەی ئەو هێزە سوننە مەزهەبانە کە دواجار سوریا دەکەنە پێگە و بازاڕێک بۆ تورکیا و ئێران هیچ پێگەیەکی نامێنێت تا لەوێوە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە لوبناندا بپارێزێت و جگەلەوەش پێگەکەی لە عیراقیشدا لاواز دەبێت، بۆیە ئێران لە هەموان زیاتر مەراقی بوو دەسەڵات لە دیمەشق بمێنێتەوە.
-تورکیا جگە لە دژایەتیی کورد وەک لایەنی سایکۆلۆجی، بەلایەوە گرنگ بوو میراتی زەوییە بەجێماوەکانی عوسمانی وەربگرێتەوە و ئەوەش دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەو، دیارە ئەگەر بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی نەبووایە لەگەڵ روسیا و ئێران و ئەمریکا و کورددا، ئەوا تا ناوەڕاست سوریا دەبووە پاروویەکی ئاسان بۆ تورکیا، بەو پێیەی زۆربەی گروپە چەکدارییەکانی سوریا و زۆربەی هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی جگە لە (پەیەدە و یەپەگە و هەسەدە) لەژێر هەژموونی تورکیادا بوون و تورکیاش وەکو خاک تاکە دەروازەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە بە دنیای دەرەوە بە گشتی و ئەوروپا بەتایبەتی.
-ئەمریکاش ئەگەرچی بەهۆی شەڕی داعش و بە پاساوی فەرماندەیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بەتیرۆر هاتووەتە سوریاوە، بەڵام بێگومان مەبەستی سەرەکیی ئەوەیە سوریا نەبێتە بەردەبازی ئێرانییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاریی بە حزبوڵڵا یان لانیکەم کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانە کە دواجار دەبێتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئیسرائیل-ی هاوپەیمانی ستراتیژی.
هەروەها واشنتۆن نایەوێت سوریا بە تەنها ببێتە شوێنپێیەک بۆ روسیا و ئەو لە دەرەوەی هاوکێشەکەوە زەقەی چاوی بێت، بۆ ئەوەش باشترین نوایەک کە بۆخۆیی دۆزیوەتەوە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و کوردە، بەو پێیەی تەنها کورد و هیزە دۆستەکانی کورد لەوێ شەڕی تیرۆریزم دەکەن و ئەو ناوچەیە هاوسنوورە لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان و بەئاسانی دەتوانن هاتوچۆی بۆ بکەن. بۆیە هەر ئەمریکاشە کە زۆر جار رێگرە لە نزیکبوونەوەی کورد و دیمەشق تا لەوێ روسیا و ئەجێنداکەی سەرنەکەون.

کۆی ئەو پانۆرامایەی رووداوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سەرنەکەوتن یان بەدەستەوە نەدانی ئەنجامێکی باشتر و نەهاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی باشتر لەو وڵاتانە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ:
-ملهوڕیی حکومەتەکان لە نەچوون بەدەم داواکاریی هاووڵاتییەکانیانەوە لە کاتێکدا کە داواکارییەکان داواکاریی خزمەتگوزاریی و دادپەروەریی و ژیانێکی شایستەیە بە مرۆڤ و بنبڕکردنی گەندەڵییە.
-بێ بەرنامەیی خۆپیشاندان و راپەڕینەکان و چەپڵە کوتان بۆ نەزعەی پۆپۆلیستی و نەبوونی رابەرایەتییەکی پێشوەختە.
-پشتبەستن بە چەندایەتی نەک چۆنایەتی کە ئەوە دەبێتە دەرفەت بۆ کەسانی سیخوڕ و بەکرێگیراو تا خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا بەرن و پاساو بدەنە دەست دەسەڵاتداران بەئاگر و ئاسن شەلم کوێرم بکەوێتە کوشتوبڕ تا جڵەوەکە لەدەست دەردەچێت.
-نەیارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بە ناوی پارێزگاریی لە ئاسایشی سنوور و نەتەوەیی خۆیان بە گروپی جیاجیا دێنە ناو بابەتەکەوە و کارتەکان تێکەڵاو دەکەن.
-لەبەرئەوەش کە شۆڕشەکان شۆڕشی کەلتوریی نین، لە کاتی دەسەڵاتگرتنە دەستی هەندێک لە گروپە پشتیوانیکراوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەمان کەلتوری پاوانکردنی دەسەڵات و دژایەتی دەنگی ناڕازیی و قۆرغکردنی ئابووریی و دامەزراو و جومکە سەرەکییەکانی دەسەڵات دووبارە دەبێتەوە.
بەم شێوازەش هەموو شۆڕش و راپەڕینەکان کۆپیی یەکتر دەبن و چارەنووسی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەش لەبازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە و دیمەنەکان دووبارە دەبنەوە. 

سەرەنجام
پێدەچێت شکستی ئەو شۆڕشانە دوو رەهەندی سەرەکییان هەبێت، لەکاتێکدا دۆخی سیاسی و ئابووریی و تاکڕەویی و سەرکوتکردنی ئازادییەکان هاندەربوون بۆ راپەڕین و خرۆشانی خەڵکی ئەو وڵاتانە، رەهەندی یەکەمیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو شۆڕشانە بێ بەرنامە بوون و سەرکەوتینیشیان بەو زووییە لە تونس و میسر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو دوو وڵاتە سوپا سەرەتا نەبووە بەشێک لە توخمەکانی هاوکێشەکە و زیاتر بەلای خەڵکدا دایانشکاند.
رەهەندی دووەمیان نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بوو، چونکە لە سەردەمی کودەتا سەربازییەکانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوودا یان بەشێک لە کودەتاکان دەستکردی زلهێزە جیهانییەکان بوون، یان لەبەرئەوەی سەرقامگیریی وڵاتەکە زۆر نەدەلەرزا و سەرانی کودەتا یان شۆڕشەکان دیاربوون، زلهێزەکان زوو فریای دامەزراندنەوەی پەیوەندیی و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەوتن، بەڵام لەم خرۆشانە گشتییانەدا کە نە سەرچاوەکەیان دەزانی و نە ئایندەیان لەلا روون بۆتەوە نەیانویست بەرژەوەندییەکانیان لەناوبچێت، بۆیە هەریەکەیان لە کەناڵێکەوە خۆیان هاویشتە ناو هاوکێشەکەوە. بۆ وڵاتەکانی دیکەی عەرەبی و غەیرە عەرەبی ناوچەکەش شکستهێنانی ئەو بزاوت و راپەڕینانە، سوودی ئەوەی هەبوو کە خەڵکی وڵاتەکانیان پەنا بۆ لاساییکردنەوەی نەبەن کە ئەنجامەکەی دیارە، بۆیە ئەوانیش بێ رۆڵ نەبوون لە گەیاندنیان بەو سەرەنجامە.

 سەرچاوەکان:
-
الجزیرة- نت.
-موقع القناة العربیة.
-BBC – Arabic
-روسیا الیوم.
-الایلاف

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان