یەکێتی دەستخۆشی لە د.فەریاد فازڵ دەکات لە خزمەتکردنی ئەدەبی کوردیدا

03:50 - 2023-01-25
کوردستان
399 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 25/1/2023 ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و  لێپرسراوی مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیاری بەیاوەری بەشێک لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، پێشوازیانکرد لە د.فەریاد فازڵ عومەر مامۆستای زمان و ئەدەب و مێژووی کورد و سەرۆکی ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین و مامۆستا رەفیق ساڵح بەڕێوەبەری بنکەی ژین.

لە دیدارەکەدا بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سوپاس و دەستخۆشی لە دکتۆر فەریاد فازڵ و ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین کرا، لە پای هەوڵ و ماندبوونی لە ناساندنی زیاتری ئەدەبی رەسەنی کوردی و وەرگێڕانی چەندین بەرهەمی شیعری شاعیرانی کورد وەک ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری و عەبدوڵلا گۆڕان. 

لە بەرامبەردا دکتۆر فەریاد فازڵ، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و بەسەرکردنەوەیە باسی لە هەوڵەکانی خۆی وەک ئەکادیمستێکی کورد و ئینستیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین کرد و رایگەیاند، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەدەبیاتی رەسەنی کوردی بۆ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە وەربگێڕین، چونکە ئەو گواستنەوەیە بۆ کورد گرنگە و دەبێت کارێکی وابکەین کە نەتەوەکانی دیکە ئێمە لەڕێگەی ئەدەبیات و شارستانییەتە رەسەنەکەمانەوە بناسن. بۆیە ئەوەندەی بۆمان بکرێت لەسەر ئەم شێوازی ئیشکردنە بەردەوام دەبین و لە داهاتووشدا چەندین بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردی وەردەگێڕین.

هاوکات باس لە کار و پڕۆژەی پێکەوەیی کرا و لە داهاتوودا مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری هەماهەنگ بێت لەگەڵیاندا بۆخزمەتی زیاتری ئەدەب و رۆشنیبیری کورد بەجیهان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان