یه‌كێك له بنه‌ما كه‌لتورییه‌كانی ئه‌مڕۆی هیندستان ئه‌ده‌به، كه پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه له جیهاندا ، ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی كه له دێرزه‌مانه‌وه به داستانی وه‌كو رامایانا و مه‌هابه‌هارتا» ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی جیهانیی هه‌بووه و له رێگه‌ی «روبیندرونات تاگور»ه‌وه خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ساڵی (1913)ی بۆ هیندستان مسۆگه‌ر كردووە و جارێكی دیكه له‌ناو پانتایی ئه‌ده‌بی جیهاندا وه‌كو ته‌وه‌رێكی ئه‌ده‌بی خۆرهه‌ڵات خۆی ناساندووە.
دوای تاگور، (ر.ك، نارایان) به‌شدارییه‌كی كارای هه‌بوو له ناساندنی ئه‌ده‌بی هیندیدا، به‌ڵام ئه‌م شه‌ش نووسه‌ره هیندییه بوون كه به وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی بوكه‌ر و پۆڵیتزه‌ر و خه‌ڵاته گرنگه‌كانی دیكه توانیان له نه‌وه‌ده‌كاندا ئه‌ده‌بی هیندستان ببه‌نه‌وه ناو ره‌هه‌ندی جیهانی كه بریتین له: سه‌لمان روشدی، سوزانا ئه‌رونداتی روی، جومپا لاهیری، ئه‌راڤیند ئه‌دیگا، ئه‌نیتا دیسای، كیران دیسای.
كیران دیسای كچی ئه‌نیتا دیسای-یه كه له ساڵی (2006)دا به دووه‌م رۆمانی خۆی «میراتی شكست»یان «میراتی له‌ده‌ستچوو» خه‌ڵاتی بوكه‌ری وه‌رگرت. رۆمانی یه‌كه‌می دیسای ناوی (هاتوهاوار له باخی گوڤارا)یه كه له ساڵی (1998) دا چاپكراوه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه گفتوگۆیه‌كه له‌گه‌ڵ كیران دیسای سه‌باره‌ت به هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌ی:
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
*خاتوو دیسای تۆ له هیندستان له‌دایكبوویت به‌ڵام له به‌ریتانیا و ئه‌مریكا خوێندووته. به سه‌رنجدان له‌وه‌ی ساڵانی دروستبوونی كاره‌كته‌ری تۆ له ده‌ره‌وه بووه، ئایا هۆكارێك هه‌یه كه چیرۆكی هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌ت له هیندستان رووده‌ده‌ن؟
-به‌ڕای خۆم رۆمانی یه‌كه‌مم "هاتوهاواری باخی گوڤارا" پڕه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه زیاتر له هه‌موو شتێك سه‌باره‌ت به هیندستان خۆشم ده‌ویست و ده‌مزانی به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ریكه له ده‌ستیان ده‌ده‌م كه قابیلی خۆلێلادان نییه. جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و رۆمانه به‌رهه‌می خۆشحاڵی من بوو كه تێگه‌یشتم چه‌نده عاشقی نووسینم. له رۆمانی دووه‌ممدا "میراتی شكست" هه‌موو چیرۆكی رۆمانه‌كه له هیندستان روونادات. به‌ڵام رۆمانێكه هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه نیشان بدات ژیانی له نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و كۆچه‌ربووندا یانی چی. له ئاستێكی قووڵتردا له‌و بابه‌ته ده‌كۆڵێته‌وه كه كاتێك كه‌سێكی ناخۆرئاوایی به وڵاتێكی خۆرئاوایی ده‌ناسێنرێت، چی رووده‌دات و ئه‌مه‌ش هه‌مان رووداوه كه له سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزمدا روویداوه و له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی نوێی هیندستان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا دووباره رووده‌داته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌مویست بنووسم چی رووده‌دات كاتێك خه‌ڵكی وڵاتێكی هه‌ژار ببه‌یت و له وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند داینێیت. چۆنچۆنی ناهاوسه‌نگی له نێوان ئه‌م دوو دنیایه‌دا فیكر و هه‌ستی تاكه‌كه‌س ده‌گۆڕێت؟ چۆنچۆنی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی رۆژگاردا ئه‌م گۆڕانكارییانه له مه‌یدانی كه‌سی و سیاسی‌دا خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن؟ ئه‌مانه بابه‌تی كۆنن و به دنیای ئه‌مڕۆشه‌وه په‌یوه‌ستن، رابردوو ئێستا فۆرمه‌ڵه ده‌كات و ئێستا نیشانده‌ره‌وه‌ی رابردووه.
*رۆمانی "هاتوهاواری باخی گوڤارا"ت به كاره‌كته‌ر ده‌ستپێكرد یان به پلۆتی رۆمانه‌كه؟
-رۆمانه‌كه‌م به بیرۆكه‌یه‌كی زۆر بچووك ده‌ستپێكرد. له رۆژنامه‌ی تایمزی هیند دا به‌سه‌رهاتێكم خوێنده‌وه سه‌باره‌ت به پیاوێك كه زاهیدێكی زۆر به‌ناوبانگی هیندستان بوو، له زۆر كه‌سم بیستبوو، به‌ڕاستی ده‌چووه سه‌ردار و ساڵانێكی زۆری ته‌مه‌نی له‌سه‌ر دار به‌سه‌ر برد، ته‌نانه‌ت هه‌تا كاتی مردنیشی له‌سه‌ر دار ده‌ژیا. كاتێك ده‌ستم به نووسین كرد هیچ ته‌سه‌ورێكم سه‌باره‌ت به رۆمانه‌كه نه‌بوو، هیچ بیرۆكه‌یه‌كم سه‌باره‌ت به پلۆتی رۆمانه‌كه‌ش نه‌بوو. هێزێك منی به‌ره‌و لای خۆی راده‌كێشا. ئیشێكی ئێجگار ئاڵۆز بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆمانی من بوو، نازانم ئایا ئه‌وه عاقڵانه‌ترین شێواز بوو بۆ ته‌واوكردنی ئیشه‌كه یان نا. له‌به‌رئه‌وه ناچار بووم خۆم فێری ئه‌وه بكه‌م چۆن بنووسم، نازانم ئایا رێگایه‌كی راست و دروستم گرته‌به‌ر یان نا، به‌ڵام به‌ڕاستی رۆژانێكی خۆشم هه‌بوو. گه‌رچی زۆر ئاڵوز بوو، ناچار بووم رۆمانه‌كه مراجه‌عه بكه‌مه‌وه. كاتێك هه‌موو رێگاكانم تاقیكرده‌وه، پلۆتی گشتی رۆمانه‌كه فۆرمه‌ڵه بوو.
*تۆ بۆ باشتر نووسین پێویستت به نه‌ریت یان ژینگه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌یه؟
-كاتی ئه‌و رۆمانه‌م ده‌نووسی بۆ هه‌ر شوێنێك بچوومایه رۆمانه‌كه‌م پێ‌بوو، من له هیندستان، له‌م وڵاته، له مه‌كسیكۆ، له هه‌موو ژینگه جیاوازه‌كان و ژووره جیاوازه‌كان و بۆ هه‌ر شوێنێك بچوومایه رۆمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم ده‌برد و ده‌منووسی. پێم وایه ده‌بوو شاد و به كه‌یف بم و هه‌وڵ بده‌م له‌هه‌ر جێگایه‌ك بم به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ئیشه‌كه‌م. به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ هاوژوور ده‌ژیم و ماڵه‌كه پڕه له‌و كه‌سانه‌ی دێن و ده‌چن، به‌م شێوه‌یه نووسین بۆ من كاریكرده نییه. له ژینگه‌یه‌كدا كه ده‌بێت به ناچاری خۆم له ژوورێكدا حه‌بس بكه‌م و هه‌وڵ بده‌م بچمه‌وه سه‌ر هه‌ندێك له ئیشه‌كانم به‌ڕاستی كه‌لله‌ییم ده‌كات. زۆر حه‌زده‌كه‌م له موبه‌ق بنووسم، هه‌ست ده‌كه‌م له هه‌ر جێگایه‌ك بم له ده‌وری موبه‌قه‌كه خۆم سه‌رقاڵی نووسین ده‌كه‌م، یان له‌ناو موبه‌قه‌كه‌دا، ده‌توانم خواردنی بچووك بۆ خۆم دروست بكه‌م و بیخۆم یان چا بخۆمه‌وه. به‌ڕای خۆم ئه‌وه‌ی كه ده‌توانم بنووسم كولیچه بخۆم، پاشان دووباره كه‌مێك بنووسم و كه‌مێك سارده‌مه‌نی بخۆم زۆر زۆر باشه. یانی پاداشت به‌خۆم ده‌ده‌م، پاداشتی به‌رده‌وام. به‌یانیان زۆر باش ده‌نووسم، هه‌رئه‌وه‌نده له‌ناو جێگا هاتمه دره‌وه ده‌ست به‌نووسین ده‌كه‌م و هه‌تا نیوه‌شه‌و به‌رده‌وام ده‌بم. پاشنیوه‌ڕوان فه‌زایه‌كی بێ‌ڕۆح هه‌یه كه من پێم وایه به‌هۆی عاده‌تی وه‌نه‌وزدانه‌وه پاشنیوه‌ڕۆیه، له سه‌عات دووه‌وه هه‌تا سه‌عات پێنج مێشكم ده‌وه‌ستێت.
*دایكت كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌بوو له‌سه‌ر نووسینی تۆ؟
-دڵنیام دایكم كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر نووسینی من، چونكه من به درێژایی ته‌مه‌نم به‌بیستنی قسه‌كانی ئه‌و سه‌باره‌ت به نووسین و ئه‌ده‌ب گه‌وره بووم، بوونی ئه‌و له ته‌نیشتمه‌وه له هه‌موو ئه‌و كاتانه‌دا كه رۆمانی یه‌كه‌مم ده‌نووسی و قسه‌كردن له‌گه‌ڵیدا له ته‌واوی ره‌وتی نووسیندا بۆ من به‌هره‌یه‌كی گه‌وره بوو. ئه‌و له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئیشه‌كه‌وه بێوێنه بوو. ته‌رخانكردنی ساڵانێك بۆ ئیشێك كه دڵنیا نیت چۆن ده‌رده‌چێت ریسكێكی گه‌وره‌یه، دایكم هه‌میشه بێوێنه بوو، پشتیوانی دایكم زیاتر هه‌ست بوو تا ره‌خنه، رۆڵی دایكێكی راسته‌قینه‌ی ده‌بینی.
*ئه‌و نووسه‌رانه‌ی پێیان سه‌رسامیت كامانه‌ن؟
-حه‌زم له به‌رهه‌مه‌كانی ئیشی گورۆ، كینزا بورۆ، گابریل گارسیا ماركیز و ناره‌یان-ه یه‌كێك له‌و رۆمانانه‌ی زۆرم خۆشده‌وێت "پیدرۆ پارامۆ"ی خوان روڵفۆیه كه ده‌توانم چه‌ندان جار بیخوێنمه‌وه.
*له كڵاسه‌كانی رۆماننووسیندا ئه‌وه‌یان فێرده‌كه‌ن كه پێشان ده‌بێت هه‌ر كاره‌كته‌رێك وه‌سف بكه‌ن و شێوازی نووسینی رۆمانه‌كه ئاڵۆز بكه‌ن، تۆ سه‌لماندت كه ئه‌و شێوازه هه‌میشه پێویست نییه، رێنماییت بۆ نووسه‌رانی ئاره‌زوومه‌ند چییه؟
- له هه‌موو تیۆره‌كانی رۆماننووسینی كڵاسه‌كاندا ده‌گوترێت: "ئه‌وه‌ی ده‌یزانیت بینووسه"، ئه‌مه بنه‌مایه كه من هیچ باوه‌ڕم پێی نییه. به‌ڕای من یه‌كێك له چێژه گه‌وره‌كانی نووسین هه‌وڵدان و كه‌شفكردنی ئه‌و شتانه‌یه كه نایزانیت، كه بۆ من زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشە. زۆر شتی بچووك هه‌یه، "نیشانی بده، مه‌یڵێ" به‌ڕاستی من هیچ گوێ به‌و شتانه ناده‌م. پێم وانییه بتوانیت له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێ یاسا و رێسا بنووست. نووسه‌ران له‌یه‌كتری جیاوازن. نازانم چۆن ده‌توانن له‌سه‌ر ئه‌و یاسا و رێسایانه پێكبێن. به‌ڕاستی كۆمه‌ڵێ یاسا و رێسای پێكه‌نیناوین. نا‌توانیت فێری ئه‌وه بیت به فڵان شێوازی دیاریكراو بنووسیت. ئه‌وه‌ی من ئیلهامم لێوه‌رگرت خوێندنه‌وه بوو. خوێندنه‌وه‌ی زۆر و فێربوون له نووسه‌رانی تره‌وه. فێربوون له شێوازی نووسینی ئه‌وانه‌وه سه‌باره‌ت به بابه‌تێك كه من له كاتی نووسینی یه‌كه‌م رۆمانمدا زۆر لێی وردبوومه‌وه. هه‌ر كتێبێك كه له‌و كاته‌دا ده‌مخوێنده‌وه لای خۆمه‌وه بیرم ده‌كرده‌وه "باشه ئه‌وان چۆنیان نووسیوه؟" له رووی ته‌كنیكه‌وه سەیری ئه‌و ده‌قه‌م ده‌كرد كه ده‌مخوێنده‌وه، ئاسایی كاتێك رۆمانێك ده‌خوێنمه‌وه له ته‌كنیكه‌كه‌ی ورد ده‌بمه‌وه. پێم وایه ئه‌م لایه‌نه به‌لای منه‌وه زۆر گرنگه، من خۆم فێری ئه‌وه كرد به چاوی ره‌خنه‌وه
له رۆمانه‌كه‌ی خۆم بڕوانم.
*له‌م رۆژانه‌دا به‌رهه‌می زۆر له نووسه‌رانی دنیا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بڵاوده‌بێته‌وه، ئایا ده‌توانیت سه‌باره‌ت به‌م گۆڕانكارییانه له پیشه‌سازی بڵاوكردنه‌وه‌دا رای خۆت بڵێیت؟
-به‌ڵێ، زیاتر له هه‌ر كاتێكی دیكه به‌رهه‌می زۆر له نووسه‌رانی هیندی له ئه‌مریكا بڵاوده‌بنه‌وه، كه به‌لای ئێمه‌وە زۆر هه‌ژێنه‌ره، چونكه ئێمه به‌شێكین له دنیای نوێ. هه‌ڵبه‌ته له به‌ریتانیا بواری بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌رانی هیندستان زیاتر بووه. نووسه‌ری له وڵاتێكدا كه دنیای بڵاوكردنه‌وه تیایدا هێنده‌ی خۆرئاوا گه‌شه‌ی نه‌كردووه مایه‌ی سه‌رنجه، پێم وایه ئێستا له هیندستان ئه‌مه‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. له‌ناكاو بڵاوكردنه‌وه به‌خێرایی گه‌شه ده‌كات، ئێستا نووسه‌رانی هیندستان زیاتر له‌هه‌ر كاتێكی دیکە كتێب چاپ ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیش زیاتر له رابردوو كتێب ده‌كڕن، به‌م پێیه له هیندستانیش گۆڕانكاری روویداوه. پێشان نووسه‌ر بۆ دابینكردنی ژیانی ناچار بوو ده‌ستی بگات به ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆرئاوا كتێبه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه چاپ بكات، ئه‌مه ئیمتیازێكی گه‌وره‌یه بۆ ئێمه‌ی نووسه‌رانی هیندستان، چونكه به زمانی ئینگلیزی گه‌وره ده‌بین. هه‌ڵبه‌ته ده‌ستگه‌یشتن به‌م بابه‌ته له‌لایه‌نی چاپه‌وه زۆر باشه. به‌ڵام با واز له‌وه بێنین له روانگه‌ی نووسه‌ره‌وه زۆر مایه‌ی سه‌رسامییه و رووداوێكی خۆش و گرنگه كه زۆربه‌ی كتێبه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی چاپ بكات.
سه‌رچاوه: ketabnews.com