جنێودان لە كاتی شۆفێریدا چی لێدەكەوێتەوە؟

11:37 - 2023-01-29
ڕاپۆرت
386 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: گریمان كەریم

مۆڵەتی شۆفێری جاران كە دەفتەرچە بوو، بەشێوەیەكی روون یەك رستەی جوانی لەسەر نووسرابوو: «شۆفێری هونەر و سەلیقە و ئاكارە.». ئەمەش بەو مانایە نییە كە ئەو كەسانەی ئێستا شۆفێری دەكەن خاوەنی ئەو سیفەتانە نەبن، نەخێر، دەشێت كەسی زۆر بە ئەدەب و سەنگینیش لە كاتی شۆفێریدا جنێو بدات، لە كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا بە ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی سێرچم كرد، بۆم دەركەوت لای ئەوانیش ئەم دیاردەیە هەیە. لە هاوڕێیەكم پرسی بۆچی لە كاتی شۆفێریدا جنێو دەدەیت؟ وتی: «كاتێك ناشییەك دەیشكێنێتەوە سەرم، یان بەهۆڕینێكی قایم رامدەچڵەكێنێت، هەندێك جنێوی مزری پێدەدەم ئیتر دڵم ئاو دەخواتەوە، بەڵام  ئەگەر ماڵ و مناڵم لەگەڵ بێت ئەو ئازادییەم نییە و ناتوانم بە دڵی خۆم جنێو بدەم.» هاوڕێیەكی تر پێی وتم: «هەزار هۆڕینم بۆ لێ بدەن كۆنترۆڵی خۆم دەكەم و وەڵام نادەمەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا نەمتوانیوە كۆنترۆڵی خۆم بكەم  و هیچ نەڵێم، هەرچەندە زۆر جار كە یەكێكم لەگەڵە تەریق دەبمەوە.»
شۆفێرێكی تەكسی پێی وتم: «زۆر بەداخەوە، جنێودان لە كاتی شۆفێریدا لای من وەكو جگەرەكێشانی لێهاتووە، هەرچەند دەكەم پێم تەرك نادرێت، هەرچەندە چەند جارێك تووشی شەڕ و هەراش بووم، بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێك ئازارم دەدات ئەوەیە، مناڵە بچووكەكەم دوای وشەی دایە و بابە یەكسەر فێری هەندێ جنێو بووە، ئەمەش هی ئەو كاتانەیە كە لەگەڵم بووە و جنێوم داوە.»
دیارە جنێودان لە كاتی شۆفێریدا هەر بە وشە و هات و هاوار نییە، بەڵكو جگەلە هۆڕین لێدان كۆمەڵێك ئاماژەی پەنجە و دەست راوەشاندنیش هەر بە مانای جنێو دێن. رەنگە لە هەموو جنێوەكان ناخۆشتر ئەوە بێت كە شۆفێرەكە وەك ئەوەی خوێدانی بەدەستەوە بێت پەنجەی دۆشاو مژەی رادەوەشێنێت. 
ئینجا ئەم جنێودانە لە كاتی شۆفێریدا نوكتە و لە قافاگرتنیشی تێدەكەوێت، شۆفێرێك كاتێك شۆفێری بەرامبەری هۆڕینی بۆ لێدەدات، بە ئاماژەی پەنجەی دۆشاومژە ئاماژەی خوێدانەكەی بۆ دەكات. ئەویش رێك دەچێتە بەردەمی و دەوەستێت، ئەمیش سەیر دەكات ئەوان چەند كەسێكن و فریای خۆی نەكەوێت دەبێتە شەڕی خۆتڕێن دەڵێت: «وەڵڵا ویستم بزانم خوێدانتان پێ نییە، خەیارم باركردووە. 
دیارە ئاسایی لەم جۆرە جنێودانەشدا قوربانییەكانی جنێو هەر ژنی داماوە، بەڵام بەلامەوە جێگای سەرسوڕمان بوو، كاتێك لە شۆفێرێكی ژنم پرسی تۆ لە كاتی شۆفێریدا چۆن جنێودەدەیت؟ وتی: «بێگومان جنێو بە خوشك و دایكی شۆفێری بەرامبەر دەدەم.»
ماوەتەوە بڵێم، جنێودان جگەلەوەی دیاردەیەكی ناشیرینە و قوربانییەكانی زیاتر ژنانن، جنێوی شۆفێران دەبێتە هۆی ئەوەی مناڵان فێری جنێو ببن. بەو هیوایەی شۆفێران پێش هەموو شتێك بیر لە مناڵەكانیان بكەنەوە و خۆیان كۆنترۆڵ بكەن و چیتر جنێو نەدەن.   



#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان