به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلار ئاسته‌نگێكی دیكه‌ی به‌رده‌م حكومه‌ته‌كه‌ی‌ سودانییه‌

09:46 - 2023-01-30
ئابووری
370 جار خوێندراوەتەوە
#بانكیی ناوه‌ندیی عیراق له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ كۆنترۆڵ كردنی نرخی بازاڕی دراو

گۆران فه‌تحی

به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلار له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا، كه‌ له‌ 146 هه‌زار دیناره‌وه‌ گه‌یشته‌ 165 هه‌زار، ئاڵۆزییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ناو بازاڕی ناوخۆی عیراقدا دروستكردو بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی كاڵا و شمه‌ك و خۆراك، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانییه‌كی‌ زۆری لای هاووڵاتیان دروستكرد و زه‌رو زیانی گه‌وره‌شی به‌ خاوه‌نكار و بازرگانان گه‌یاند. 

هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلار
چه‌ندین هۆكار له‌پشت به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلاره‌وه‌ن له‌ ناو بازاره‌كانی عیراقدا، له‌نموونه‌ی‌ دزه‌پێكردنی دراوی قورس و دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق له‌لایه‌ن چه‌ند هێز و كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌سترۆیشتووه‌وه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی هه‌ندێك باند و بازرگان و كه‌سانی ناو بازاڕه‌كانی دراو له‌عیراق بۆ یاری كردن به‌ نرخی دۆلار، به‌ مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن له‌و بارودۆخه‌و به‌ده‌ستهێنانی قازانج، بێ گوێدانه‌ زیان گه‌یاندن به‌ هاووڵاتیی ئاسایی، هه‌ندێك شیكاری سیاسیش هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلار ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆ سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌ هه‌ڵه‌كانی حكومه‌ته‌كانی عیراق و بانكی ناوه‌ندی، له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراقیش، هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ فشاره‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ سیاسه‌ته‌كانی واشنتۆن كاربكات، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌مریكا پێیان وایه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی عیراقی به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك دۆلار له‌ عیراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كه‌ن، كه‌ گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ كه‌ بانكی فیدرالی ئه‌مریكا، كه‌ داهاتی نه‌وتی عیراق به‌دۆلار له‌وێ داده‌نرێت، چه‌ندین بانكی عیراقی خستۆته‌ لیستی ره‌شه‌وه‌ و هه‌روه‌ها فشاریشی خستۆته‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق بۆ رێگرتن له‌دزه‌ پێكردنی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌و رووه‌وه‌.

هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بانكی ناوه‌ندی عیراق ناوبه‌ناو رایده‌گه‌یه‌نێت، دۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌و نرخی دۆلار له‌ ماوه‌یه‌كی‌ نزیكدا داده‌به‌زێته‌وه‌ بۆ نرخی ئاسایی خۆی‌، كه‌ پێش ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ 146 هه‌زار دینار بوو بۆ هه‌ر 100 دۆلاری ئه‌مریكی، به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع گۆڕانی ئه‌وتۆی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، خاوه‌ن كار و نوسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو بڕوایان به‌و به‌ڵێنانه‌ی بانكی ناوه‌ندی نه‌ماوه‌، چونكه‌ تا دێت نرخه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، به‌راده‌یه‌ك گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 165 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر 100 دۆلارێك، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزێته‌وه‌ ئه‌وا نرخه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ زیاتر به‌رزببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بێگومان نرخی‌ شمه‌ك و خۆراك له‌ بازاڕه‌كان ده‌فڕێنێت و هاووڵاتیش له‌و نێوه‌نده‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كیی ده‌بێت.

ره‌هه‌ندی سیاسیشی تێكه‌ڵه‌
حكومه‌تی‌ نوێی عیراقیش كه‌ محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات و لایه‌ن و هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وڵات پشتگیری ده‌كه‌ن، له‌ هێزه‌ شیعه‌ و كورد و سوننه‌كان، به‌ڵام رووبه‌رووی‌ چه‌ندین له‌مپه‌ڕو ئاسته‌نگی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بدات، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی‌، هه‌ر له‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و تا ده‌گات به‌ كێشه‌ سیاسیی و ئابوورییه‌كان و هه‌ره‌وه‌ها كێشه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی عیراق.
ئه‌وه‌ی‌ ئێستاش روبه‌رووی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ سودانی بۆته‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌و كێشه‌ ئابوورییه‌ی‌ میراتیی حكومه‌ته‌كانی پێشتره‌ و بۆ ئه‌م ماوه‌ته‌وه‌، بێگومان ره‌هه‌ندی سیاسیش تێكه‌ڵ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بووه‌، له‌ نموونه‌ی‌ ململانێی ئه‌مریكا و ئێران له‌ناوچه‌كه‌ و عیراق، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی‌ له‌ نه‌وت به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، دادی نه‌دات بۆ بنیاتنانی ئابوورییه‌كی‌ به‌هێز كه‌ عیراقییه‌كان له‌ نه‌هامه‌تیی و نه‌بوونییه‌وه‌ به‌ره‌و خۆشگوزه‌رانی ببات.
سودانی كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی‌ خسۆته‌گه‌ڕ، بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی دۆلار له‌ناو بازاڕه‌كانی عیراقدا، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌م له‌مپه‌ڕه‌دا به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا ته‌نها سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی 
تری وڵات.
نه‌خشه‌ رێگایه‌كی‌ ده‌وێت
چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئابووری و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ دۆلاریش، چه‌ند هه‌نگاوێك یان نه‌خشه‌ رێگایه‌كی‌ ده‌وێت، وه‌ك كاركردن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ عیراق له‌ ململانێی ئه‌مریكا و ئێران، یان هیچ نه‌بێت بینینی رۆڵی نێوه‌ندگیر له‌نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا و داواكردن لێیان كه‌ عیراق تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌ سیاسیی و ئابوورییه‌كانی ئه‌وان نه‌بێت، دواتریش سودانی هه‌وڵبدات بازاڕه‌كانی دراو كۆنترۆڵ بكات و رێگه‌ش له‌ دزه‌پێكردن و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م دراوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق بگرێت، بانكی ناوه‌ندی عیراقیش له‌ رێگه‌ی‌ بانكی شاره‌كان و نوسینگه‌كانی دراوه‌وه‌ بڕی زیاتری دۆلار بخاته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رێگه‌ی‌ تیمی تایبه‌تیشه‌وه‌ چاودێری جووڵه‌ی‌ كڕین و فرۆشتن بكات هه‌م له‌ بانك و هه‌میش له‌ نوسینگه‌كانی فرۆشتنی ئه‌م دراوه‌ قورسه‌، كه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئابووری عیراق هه‌یه‌ به‌ڵكو گرنگییه‌كی‌ گه‌وره‌و كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆری هه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌موو بازاڕه‌كانی جیهانه‌وه‌. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان