«لە كۆبوونەوەكانم لە بەغدا لەگەڵ لێپرسراوانی باڵادا، جەختمانكردەوە كە دەبێت گفتوگۆكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی نزیكدا بەتایبەت لەسەر هەردوو پرسی بودجە و یاسای نەوت و غاز، رێكبكەوین»
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لە پەیامێكدا ئاماژە بە سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حكومی و حزبی دەكات و تەئكیددەكاتەوە كە «یەكەم بژاردە و كۆتا بژاردەی بەردەم هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنێكی گشتگیرە».
ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
یەكەم بژاردە و كۆتا بژاردەی بەردەم هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەنە، كە بەپێی دەستوور و لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتیانی عیراق و كوردستاندا بێت.
لە كۆبوونەوەكانم لە بەغدا لەگەڵ هەریەكە لە بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، بەڕێز محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڕێز عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە و بەڕێز ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عیراق، جەختمانكردەوە كە دەبێت گفتوگۆكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی نزیكدا بەتایبەت لەسەر هەردوو پرسی بودجە و یاسای نەوت و غاز رێكبكەوین. چیتر دواكەوتنی رێكەوتن لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە.
هەموو خەڵكی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە داوای خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دەكەن. رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا زەمینەیەكی لەبار دروست دەكات تا هەردوولا پێكەوە كاربكەین بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵك و باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكان.
هیوادارین پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بگەنە ئاستێكی زۆر باش و گەشبینم لەگەڵ ئەم كابینەیەی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتیی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەربكەین.