قوباد تاڵەبانی: دواکەوتنی رێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە

06:34 - 2023-02-02
عیراق
298 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر لەگەڵ مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کۆبۆوە و پێکەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخی ناوخۆیی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەمە 2ی شوباتی 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا رۆزی كەیڤ، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، باشترین بژاردە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ بەغداش رێکەوتنێکی گشتگیری درێژخایەنە بەپێی دەستوور لەسەر بودجە و یاسای نەوت و غاز و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە. جەختیشیکردەوە؛ پێویستە هەرچی زووە ئەم رێکەوتنە بکرێت، دواکەوتنی رێکەوتن لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش دا کە داواکاری سەرەکی هاووڵاتیانی کوردستان خزمەتگوزارییە، هەر بۆیە ئەولەویەتی ئێمەش دابینکردنی بودجەیە بۆ ئەوەی بتوانین وەک پێویست پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکەین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە دەبێت کێشەکان لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا و سەبارەت بە دۆسێی شەهیدکردنی هاوکار جاف، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ هەر لە رۆژی یەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسێکە و ئێستاش چاوەڕێی پێکهێنانی ئەو لیژنەیەین بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی تا راستییەکان وەک خۆی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا باسی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەشد کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە چاکسازییەکان و رێگەنادەین کێشە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر رەوتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت.


بابەتە پەیوەندیدارەکان