سلێمانی پاڵەوانێتییەکی ئاسیای لە ئامێز گرتووە

10:13 - 2023-02-04
وەرزش
264 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی هەینی رابردووەوە پاڵەوانێتی باسکەی کچانی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا لەسلێمانی دەستیپێکردووەو تارۆژی دووشەممە 6/2/2023 بەردەوام دەبێت.
پاڵەوانێتیەکە بە ھاوکاری بۆردی وەرزشی (ی.ن.ک) و خاتو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و بەسەرپەرشتی یەکێتیی باسکەی عیراق بەڕێوەدەچێت و دەزگای میدیایی کوردسات سپۆنسەری میدیایی دەکات.
پاڵەوانێتییەکە بۆ تازەپێگەیشتووانی کچانە، (ئەو یاریزانە کچانەی کەتەمەنیان لە 16 ساڵ کەمترە)، لەکۆی 7 وڵاتی بەشدار لەیەکێتیی وڵاتانی خۆر ئاوای ئاسیادا، 4  وڵات بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییە دەکەن و ئێران و ئوردن و یەمەن بەشداریی ناکەن.
هۆڵی داخراوی کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سلێمانی یارییەکانی ئەم پاڵەوانێتییەی لە ئامێز گرتووە، رۆژی هەینی 3/2/2023  مەراسیمی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانی حکومی و حزبی و وەرزشیی هەرێم و عیراق و ئاسیا دەستیپێکردو چەند وتارێک خوێندرانەوە و چەند نمایشێکی جوانی هونەری و وەرزشی پێشکەشکران.
پاش تەواوبوونی مەراسیمی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، یەکەم و دووەم یاریی رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە کران، لە یەکەمیاندا کچانی عیراق لەسەردەستی کچانی سوریا تووشی دۆڕاندن هاتن و کچانی سوریا 62-45 لەکچانی عیراقیان بردەوە.
هەر ئەو رۆژە دووەم یاری و دوا یاریی جەولەی یەکەمی یارییەکان کراو کچانی لوبنان کە پاڵیوراوی سەرەکین بۆ بردنەوەی جامی ئەم پاڵەوانێتییە، لە ئەنجامێکی گەورەدا 59-32 لە کچانی فەلەستینیان بردەوە.
رۆژی دووەمیش شەممە 4/2/2023 لە دووەم جەولەی یارییەکاند کچانی لوبنان دووەم بردنەوی خۆیان تۆمار کردو توانیان 58-41 لە کچانی سوریا ببەنەوەو لە لووتکەی ریزبەندیدا بوەستن.
درەنگانێکی شەوی شەممە 4/2/2023 دووەم یاریی ئەو رۆژە و چوارەم یاریی پاڵەوانێتییەکە کۆتاییهات، لەم یارییەدا کچانی عیراق یەکەم بردنەوەیان تۆمار کردو بە جیاوازییەکی زۆر، 72-27 لە کچانی فەلەستینیان بردەو بەمەش یارییەکانی دووەم رۆژی پاڵەوانێتییەکەش کۆتاییانهات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان