چۆن نەخۆشی و ناخۆشییەکان دەبن بە واقیع؟

10:08 - 2023-02-05
کەلتور
682 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد


ئێمە لە حەوت گەردوون پێکهاتووین، بەڵام لەولاشەوە بە دەست کێشەیەکی بچووکەوە تێکدەچین. ئەمە قسەی مەولانا جەلالەدینی بەلخییە، مەولانا لە شیعرێکدا دەڵێ: رووکاری مرۆڤ یان دیوی دەرەوەی مرۆڤ بەدەست مێشوولەیەکەوە شپرزە و ئاڵۆز دەبێ، ئارام و قەراری لێهەڵدەگیرێ و...هتد، بەڵام دیوی ناوەوەی مرۆڤ یان مرۆڤ لەناوەوە و لەبنەڕەتی نادیارییدا لە حەوت گەردوون پێکهاتووە. مەبەست لەم حەوت گەردوونە حەوت (چاکرا)کەی سەر بڕبڕەی پشتی مرۆڤە، مەولانا راست دەکا، بەڵام ئێمە کە لە ناوەوە ئەوەندە پانوپۆڕ و بەهێز و  بێسنوورین، بۆچی لە دەرەوە ئەوەندە تەسک و بێ هێز و سنووردارین؟! بۆچی کێشەیەکی بچووک بەگیرمان دێنێ و لەپەلوپۆمان دەخات، لێرەدا مەبەست لە مێشوولە لە شیعرەکەی مەولانادا کێشەی بچووکە، هۆکار چیە ئەم هێزە بێسنوورە بە تەڵەی کێشەیەکی بچووکەوە دەبێت و دەبێتە نێچیری نەخۆشی و ناخۆشییە جیاجیاکان؟! 

زانستی توێکاریی جەستە نادیارەکان
لەسەر بڕبڕەی پشتی ئێمە حەوت گەردوون، واتە حەوت «چاکرا» هەیە. چاکرا وشەیەکی سانسکرێتییە یانی خولانەوە و سووڕانەوە و گەڕانی وزەیەک یان شتێک بەدەوری ناوەندێکدا. حەکیمەکان چەند هەزار ساڵ لەوەوپێش بە هۆی تێڕامان و خەڵوەت و رۆچوون لە رەهەندە نەناسراوەکانی مرۆڤ تواناییان توێکاری بەشی نادیاری مرۆڤ بکەن، هەرچەند زانستی توێکاریکردنی جەستەی دیاری مرۆڤ تازەیە، بەڵام زانستی توێکاریی و ناسینی جەستە نادیارەکانی مرۆڤ و رەهەندە شاراوەکانی مرۆڤ کۆنە و هەزاران ساڵ لەمەوبەر بە وردی کاری لەسەر کراوە.

لە خوێنبەرەکانەوە تا وزەبەرەکان
یۆگی و حەکیمەکان ئەو کات بۆیان دەرکەوت لە لەشی مرۆڤدا 114 چاکرا  و 72000 جۆگەلەی وزە هەن، ئەم چاکرایانە ناوەندێکن یان وێستگەیەکن لەو شوێنانە دروستبوون کە جۆگەلەکانی وزە لەوێ پێکدەگەن و بەوێدا تێدەپەڕن. ئەم رووداوە سێگۆشەکی وزە دروست دەکات کە ئەم سێگۆشەیە بە شێوەی بازنەیی بەدەوری ناوەندی خۆیدا دەخولێتەوە، یانی چاکراکان سێگۆشەن، بەڵام بازنەیی دەسووڕێنەوە و ئەم بازنەیی سووڕانەوەیە لە دەرەوەڕا شەپۆلی چاکراکە وەک بازنە نیشان دەدات و ئێمەش وەک بازنە کاریان لەسەر دەکەین. هەروەها جۆگەلەکانی وزە لە خوێنبەرەکانەوە تا وزەبەرەکان دەگرنەوە، خوێنبەرەکان لە لەشی فیزیکیدا هەڵکەوتوون و دیارن، بەڵام وزەبەرەکان لەجەستەی وزەدا (پرانیک)دا هەڵکەوتوون و وزە بە جەستەی فیزیکی دەدەن، رێک وەک تەلی کارەبای نادیار وان و تەزووی وزەی ژیان دەگوازنەوە، ئەم وزەبەرانەش بە جەستەی گەردوونییەوە وەسڵن، واتە وزەی ژیان لە گەردوون و سروشتەوە دەگوازنەوە بۆ لەشی فیزیکی ئێمە.
 یۆگییەکان و حەکیمەکان دەڵێن لەم 114 چاکرایە، دوو دانەیان کەوتوونەتە دەرەوەی لەشی مرۆڤەوە و چوار دانەشیان لە ئیرادەی مرۆڤدا نین و لە ئیرادەی خۆیاندان و ئێمە ناتوانین هیچیان لەگەڵ بکەین و خۆکارن، کەواتە دەمێنێتەوە  108چاکرا، یانی ئێـمە دەتوانین کار لەسەر ئەم  108چاکرایە بکەین. هەروەها لەم 108 چاکرایەش 21 چاکرایان بە تەواوی پەیوەندییان بە لایەنی فیزیکی و رەهەندی عەقڵانی مرۆڤەوە هەیە، یانی ئەگەر کەسێک تەنیا ئەو بیست و یەک چاکرایەی چالاک بن دەبێ بە کەسێکی سەرکەوتووی عەقڵانی و ژیانێکی جەستەیی، مادی و  عەقڵانی سەرکەوتووی دەبێت.

چوار کەس لە یەک کەسدا
ئەگەر چاکراکانی ئێمە چالاک بن، واتە بە سروشتی و بە هاوسەنگی کاری خۆیان بکەن، نەخۆشکەوتن و ناخۆشبوون دەبن بە بیرەوەریی و لەئارادا نامێنن، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی لەلایەکەوە سێ رەهەندی جەستەیی و زەینی و عاتیفی وزە وەردەگرێ و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو سێ رەهەندەی لەش لەگەڵ یەکتری لە پەیوەندییەکی هاوسەنگدا دەبن و وەسڵ دەبن بە رۆحی کەسەکەوە، یانی کەسەکە لەسەر ئاستی چوار رەهەندی جەستەیی، زەینی، عاتیفی و رۆحییەوە هاوسەنگ دەبێتەوە، ئەم چوار رەهەندەی بە یەکەوە لە خزمەت ژیان و ئاگایی کەسەکەدا دەبن، بەڵام ئەگەر چاکراکانی ئێمە ناچالاک و ناهاوسەنگ بن و بە هاوسەنگی بەیەکەوە کار نەکەن، ئەوا نەخۆشی و ناخۆشییەکان دروست دەبن و دەبنە کەتوار(واقیع)ی جەستەیی و زەینی و عاتیفی کەسەکە. ئەگەر چاکراکانی ئێمە ناهاوسەنگ بن وەک ئەوە وایە چوار کەسی  بە تەواوی بە یەکتری نامۆ بین لەیەک کەسدا، جەستەمان وەک کەسێکی سەربەخۆ رێگەی خۆی دەڕوا، زەینمان و هەستەکانمان و رۆحمان هەر یەکەیان وەک کەسێکی سەربەخۆ و نامۆ بە کەسەکانی دیکە رێگەی خۆی دەڕوا، ئەوەی لەو ناوەڕاستە سەری لێ دەشێوێ و ناخۆش دەبێ ئێمەین، ئێمە ئاگایین، لەسەرووی هەموو ئەو رەهەندانەین، ئەو رەهەندانە وەک کەرەستەیەک بەدەست ئاگایی ئێمەن و بۆئەوەن ئێمە بۆ گەشەکردنی خۆمان بەکاریان بێنین، بەڵام ناوهاوسەنگبوونیان وا دەکا هەرکامەیان لەلایەن خۆیەوە ئاگاییمان بۆ لای خۆی رابکێشێت و هەوڵبدات ئاگایی ئێمە بخاتە خزمەتی خۆیەوە، هەر کە توانی ئاگاییەکە کە ئێمەین بخاتە خزمەت خۆیەوە ئەو دەبێتە ئاغا و ئێمە دەبینە نۆکەری ئەو رەهەندە، ئێستا رێک زۆرینەی مرۆڤەکان وان، ئەوەی وەک کارەکەر و نۆکەریی کەسە دروستبووە بۆتە ئاغا و ئاغاکەش بۆتە نۆکەری ئەوان، ئێستا زۆرینەی مرۆڤەکان بە هەموو شێوەیەک یان لەلایەن جەستە و پێداویستییە جەستەییەکانەوە، یان لەلایەن زەین، واتە لەلایەن بیروباوەڕ و روانگە و درک و تێگەیشتنەکانیانەوە، یان لەلایەن هەست و سۆزە عاتیفییەکانیانەوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراون و کەسەکان بە تەواوی کەوتوونەتە خزمەت ئەم رەهەندانە و تایبەتمەندییەکانی ئەم رەهەندانەوە.

هاوسەنگکردنەوەی گەردوونەکان
چاکراکانی ئێمە بە ئاسانی لەم ساتەدا دەکەونە ژێر کاریگەریی بارودۆخ و شێوەی جەستە، جۆری بیرکردنەوە، جۆری خۆراک و هەست و سۆز و ژینگەی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی سروشتیی دەورووبەرمانەوە، واتە زۆر هەستیارن، بەڵام ئەگەر ئێمە هەوڵبدەین بەشی زۆری کاتەکان ئارامی خۆمان بپارێزین، پیسخۆریی و ناوەختخۆریی و زۆرخۆریی نەکەین، زیاتر کارلەسەر خۆشکردنی هەستەکانمان بکەین و بیرکردنەوەمان ئەرێنی بێ، ئەوا بە ئاسانی چاکراکانمان رێک و هاوسەنگ دەبنەوە، یانی وەسڵ دەبینەوە بە حەوت گەردوونەکەمانەوە و لێرەوە بۆ یەکەمجار پەی بە توانا شاراوەکانی خۆمان دەبەین و دەرگای هەندێ رەهەندی شاراوەی خۆمانمان بەڕوودا دەکرێنەوە.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان