هه‌رێز جه‌مال
له پاش به‌ڕێوه‌چوونى سێ رۆژى جیاواز له ناو هۆڵى كۆلێژى وه‌رزشى زانكۆى سلێمانى، كۆتایهات به پاڵه‌وانێتى خۆرئاواى ئاسیا بۆ باسكه‌ى كچان له‌سه‌ر ئاستى تازه پێگه‌یشتوان و هه‌ڵبژارده‌ى كچانى سوریاش نازناوى پاڵه‌وانێتییه‌كه‌یان برده‌وه.
پاڵه‌وانێتییه‌كه به به‌شدارى چوار هه‌ڵبژارده بوو (عیراق، سوریا، لوبنان، فه‌له‌ستین) هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك چوار یاریى کرد، عیراقى میواندار كه پێكهاته‌كه‌ى ته‌واوى كاستى راهێنه‌رى و یاریزانه‌كانى كورد بوون، پاش چوار یارى توانیان پله‌ى سێیه‌م به‌ده‌ستبهێنن، پاش ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژارده‌كانى لوبنان و سوریا تووشى شكست هاتن و دوو یاریشیان له هه‌ڵبژارده‌ى فه‌له‌ستین برده‌وه.
له یارى كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌شدا كه به ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له به‌رپرسانى حزبى و حكومى و وه‌رزشدۆستان به‌رێوه‌چوو، هه‌ڵبژارده‌ى سوریا توانى به ئه‌نجامى 44-39 سكۆر یارییه‌كه بباته‌وه و بۆ دووه‌م پاڵه‌وانێتیی له‌سه‌ر یه‌ك نازناوه‌كه به‌رز بكاته‌وه.
حسَن عه‌میدى، سه‌رۆكى یه‌كێتیی تۆپى باسكه‌ى عیراق سه‌باره‌ت به له ئامێزگرتنى سلێمانى بۆ ئه‌و پاڵه‌وانێتییه رایگه‌یاند، ده‌مێك بوو بیرۆكه‌یه‌كى وامان هه‌بوو پاڵه‌وانێتییه‌كه له شارى سلێمانى به‌رێوه‌بچێت، چونكه له هه‌موو روانگه‌یه‌كه‌وه سلێمانى شایسته‌یە بۆ له ئامێزگرتنى ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ى هه‌یه له رووى دۆخى ئارامى و گه‌شتیارى و هۆڵی گونجاو بۆ یارییه‌كان و سوپاس بۆ خوا به هیمه‌تى هه‌موان ئه‌و پاڵه‌وانێتییه به سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕِێوه‌چوو. بڕیارمانداوه پاڵه‌وانێتیی تریش بهێنییه ئه‌مشاره چونكه یه‌كێتیی نیشتیمانى كوردستان له سه‌رده‌مى سەرۆک مام جه‌لاله‌وه تاوه‌كو ئێستا پاڵپشتى به‌رده‌وامى وه‌رزش بووه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ته‌واوى تیمه‌كان و وه‌فده‌كانیشدا هاتینه سه‌رمه‌زارى مام جه‌لال چونكه ئه‌و كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌یه هه‌میشه ئاشتیخواز و هه‌میشه هه‌وڵى پێكه‌وه‌ژیان و هاوكات هه‌وڵى دیموكراسیى بۆ عیراق داوه.
هاوكات سه‌رتیپ عه‌لى، به‌رپرسى بۆردى وه‌رزشیى یه‌كێتیی نیشتیمانى كوردستان رایگه‌یاند، یه‌كێك له ئامانجه‌كانى بۆرده‌كه‌مان پاڵپشتى و له ئامێزگرتنى پاڵه‌وانێتییه وه‌رزشییه نێوده‌ڵه‌تییه‌كان بووه له شاره‌كانى كوردستان بێ جیاوازى، ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئێمه پاڵپشت و پشتیوانى بووین و سه‌ركه‌وتنیمان له هه‌موو رووه‌كانه‌وه به ئه‌ركێك زانیوه.