نیگای مامۆستایەک بۆ ئەو رۆژانە

10:29 - 2023-02-07
کەلتور
362 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار حەمەسوور

ناوی مامۆستا رەشید کەریم و کتێبەکەیم بۆ یەکەمجار لە گفتوگۆیەکی مامۆستا عومەر مارف بەرزنجیدا بیست و بینی، دواتر بۆی گەڕام و کتێبەکەیم دۆزییەوە و خوێندمەوە. مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی باس لە پەنجاکان (1954) دەکات، ئەو کات لە بەرزنجەوە هاتوونەتە سلێمانی ئەم خوێندکاری سەرەتایی بووە و دەڵێت: «من گیانم بەوە بوو کە هاتینە سلێمانی بە دەیان قوتابی بەرزنجەیی لە شار لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندندا بوون، ئەوانە زۆریان خزم و ناسیاو بوون، کە هاتینە شار لە پشووی نیوەی ساڵدا بوو، تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵم دابوو، لە پشووی نیوەی ساڵدا بووم باوکم لە قوتابخانەی (مەڵکەندی) ناوی تۆمار کردم، قوتابخانەکە دەکەوتە گەڕەکی گاورانەوە، بەڕێوەبەرەکەی خوالێخۆشبوو مامۆستا (رەشید کەریم) بوو، پیاوێکی تا بڵێی باش بوو، ئەو مامۆستایە دواتر کتێبێکی بە ناونیشانی (بیرەوەری...! سیویەک ساڵ لە ژیانی مامۆستایەک) بڵاوکردەوە و نووسخەیەک لەو کتێبە لە کتێبخانەکەمدا هەیە و لە لام پیرۆزە.»[1]

بەردی بناغەی نووسینەوەی بیرەوەریی
کتێبی «بیرەوەریی سیویەک ساڵەی مامۆستایەک» لە نووسینی رەشید کەریم لە ساڵی 1960 لە سلێمانی و لە چاپخانەی ژین چاپ کراوە.[2] کتێبەکە وێڕای بایەخی بیرەوەرینووسینەوە لەو سەروەختەدا، دەتوانێت لە کۆمەڵێک لایەنی دیکەشەوە گرنگ بێت. ئەگەر تەماشای ئەو کتێبانە بکەین کە لەو دەوروبەرەدا بە کوردی چاپ بوون، دەبینین رێژەیەکی زۆر نین، هاوکات لەناو ئەم رێژەیەشدا زۆر کەمن تایبەت بن بە بیرەوەری، دەتوانین ئەم کتێبەی رەشید کەریم لە دەستەی یەکەمی ئەو کتێبە کوردییانەدا دایبنێین کە بەردی بناغەی نووسینەوەی بیرەوەرییان بە زمانی کوردی داناوە. بەڵام کتێبەکە هەر لەو رووەوە بایەخدار نییە، بەڵکو لە چەند لایەنی تریشەوە جێی بایەخە، چۆن نووسەرەکەی هەر بەتەنیا باس لە خودی خۆی ناکات، بەڵکو ژیانی خۆی لە پانتایی گشتیدا وێنا دەکات و تێکەڵ بە بارودۆخ و کەشوهەوای رووداو و کەسێتییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبێت، خوێنەر لە چاوی مامۆستایەکەوە بە شێوەیەکی راستگۆیانە بەسەر ئەو رووداو و کەسانەدا دەچێتەوە، کە بەشێکی ئەم بەسەرداچوونەوانە پڕن لە زانیاری نوێ و نەبیستراو، بە واتایەیەکی تر، ئەم کتێبە دەتوانێت لە داڕشتنەوەی مێژوودا کۆمەکمان بکات، پەی بە هەندێک لایەنی نەبینراو ببەین و لە تاریکی و قاتوقڕی سەرچاوە و زانیاری ئەو ساڵانەدا، بەرچاوڕوون بێت.

هەستی بە شڵەژانێک کردووە
کتێبەکە بە پێشەکییەکی کورتی مامۆستا گۆران دەست پێ دەکات، ئێمە دەزانین گۆرانی شاعیر دوو ساڵ دوای ئەم پێشەکییە کۆچی دوایی دەکات. گۆران لەم پێشەکییەدا باس لە ئاشنایەتی و هاوڕێیەتی خۆی و رەشید کەریم دەکات و بۆ ساڵانی (1928 تا 1936) دەگەڕێتەوە. پاشان باس لە دڵسۆزی و راستگۆیی رەشید کەریم دەکات وەک مامۆستایەک، بە درێژایی ئەو ساڵانە لێی نەبیستووە خەریکی نووسین و «دانانی نامیلکە بێت». کاتێک ئەم نامیلکەیەی داوەتە دەست، «وەک شتێک هەستی بە شڵەژانێک کردووە»، دەزانێت مامۆستا رەشید لە پیشەی نووسیندا شارەزایی ئەوتۆی نییە، بۆیە دەڵێت: «نە هونەری نووسینی خستووەتە پێشچاو»، «نە لێدوان لە پیشەکانی مامۆستایی»، بەڵکو «تەنیا ویستوویەتی (وەک) فیلمێک تیژتێپەڕێ، ئەو 31 ساڵەی ژیانی تایبەتیی خۆی، لەگەڵ رووی هەندێ لە کارەساتەکانی دەوروبەری لە باری سەرنجی خۆیەوە پیشان بدات.» دواتریش زمانی نامیلکەکە بە ساکار ناو دەبات و چاپبوون و خوێندنەوەی وەک هیوایەک دەبینێت. ئەم پێشەکییە کورتە لە لایەن یەکێک لە ستوون و پێشەنگەکانی شیعری نوێی کوردییەوە، مامۆستا گۆران، بۆخۆی یادەوەرییەکی جوانە لەم کتێبەدا، هاوکات دەتوانێت لە پشتینە (باکگراوند)ی ئەو وتە کورتەدا ئەوەش بخوێنرێتەوە گۆران لەناو زەمەنەکەی خۆیی و لە کایە رۆشنبیرییەکەدا ژیاوە، تێکەڵیان بووە و بەشێک لە کەسانی دەوروبەریشی بە چاوێکی تایبەت لێیان روانیوە. دواتر رەشید کەریم خۆی پێشەکییەکی کورتی نووسیوە و تێیدا باس لەو تەنگوچەڵەمە و چەرمەسەرییە دەکات لە ماوەی ئەم سیویەک ساڵەی وا لەم کتێبەدا لێی دەدوێ، بەسەری هاتووە، هەروەها سوپاسی مامۆستایان نووری عەلی ئەمین و گۆران و نەجمەدین مەلا دەکات، کە هەریەکە و بە جۆرێک لە چاپکردنی ئەم کتێبەدا هاوکارییان کردووە. دواتریش لە ژێر ناوی «چەند وشەیەک»، مامۆستا نەجمەدینی مەلا باس لەم «بیرەوەری» و «گەشت»نامەیە دەکات، بە کورتی لە گرنگیی کتێبەکە دەدوێ و بە رستەیەکی خۆش کۆتایی پێ دێنێت و دەنووسێت: «دوای ئەوەش بۆنی خۆشیی نان و کەباب وە خۆراکی خۆش لەوێ بوەستێ، هەرچەند من بۆنم کرد و لێم نەچەشێت، بەڵام هەر خۆشە.»
رووداوەکانی ئەم بیرەوەرییە لە ساڵی 1925وە دەست پێ دەکات، ئەویش چوونی رەشید کەریم بۆ قوتابخانەی مامۆستایانە لە بەغداد لەگەڵ هەریەک لە «فایەق بێکەس، نووری ساڵح، نووری محەمەد بەگ»، باس لە رەوشی ئەوکاتی سلێمانی دەکات و دەنووسێت: «ئەو سەردەمە بە هۆی شۆڕشی «شێخ مەحموود»ەوە دوو ساڵ پتر قوتابخانەکان داخرابوو، چونکە ئینگلیزەکان بۆمبابارانی سلێمانییان ئەکرد، زۆرمان چووبووین بۆ ئەملا و ئەولا بۆ خوێندن.» با لە زاری خۆیەوە دەستپێکی ئەو سەفەرەیان بۆ بەغداد ببیستین: «لەگەڵ هاوڕێکانم بە ئوتوموبێلێکی شەقوشڕی کۆن کەوتینە رێ بۆ بەغدا. گەرما و تۆزی رێ شپرزی کردین، لە نزیکی (کفری) ئوتوموبێلەکەمان پەکی کەوت. لەو شوێنە گەرمە دوو سەعاتێک وەستاین هەتا چاک بووەوە. هەرچۆنێک بوو خۆمان گەیانە «کفری» چووینە گەراجێکی ناخۆش. سەعات سێی پاشنیوەڕۆ و نزیکی ئێوارە چووینە دەرەوە بۆ بینینی ناوشار و گەڕان.»

وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم کتێبە بچووک و بەنرخەی کەریم رەشید زۆری گەڕانیەتی بە شوێن و شارە جیاوازەکاندا، بەشێکی زۆری ئەو گەڕانانەش دەگەڕێنەوە بۆ خودی وەزیفەکەی، کە پیشەی مامۆستایەتی بووە. هەر ئەمەش وایکردووە کەسانی جیاواز بناسێت و هەڵسوکەوتی جیاوازیان شارەزا بێت، هاوکات لە رێی بینینی ئەو شوێن و شارە جیاوازانەوە توانیویەتی رەنگاڵەییەک لە خوو و نەریت و باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی و مێژوویی و جوگرافیی ئەو جێیانە پێشان بدات، بەمەش بە تێکڕایی وێنایەک لە بارودۆخی ئەو کات لە هەندێ گۆشە و پەناوە دەردەخرێ، دەتوانین وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن لەو زەمەنە و نووسینەوەی مێژووشدا بۆی بگەڕێینەوە و پشتی پێ ببەستین. بۆ نموونە لەژێر ناونیشانی «گۆڕانم بۆ: «کە مەبەستی گواستنەوەیەتی وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر، ئەم جێیانەی بینیوە: «چەمچەماڵ، هەڵەبجە، عەربەت، عەبابەیلێ، بەکرەجۆ، سێوسێنان و...» دواتریش بە هۆکاری نەخۆشی گەشتی بۆ وڵاتی ئێران و تورکیا کردووە.

ناوی هەرسێکمانی خوێندەوە
لەم کتێبەدا کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی تاووتوێ دەکرێت، خودی نووسەرەکەی تێیاندا بینەر و بەشدار بووە، ئەمەش یەکێکی ترە لە گرنگیی ئەم کتێبە، بۆ نموونە شەڕی بەردەرکی سەرا و بەشداریکردن و دواتریش بەندکردنی، لەم بارەیەوە دەنووسێت: «پاش دوو رۆژ ئەو هەرایە و خوێنڕژانە بووبوو، من و مامۆستا رەفیق حیلمی و خوالێخۆشبوو مستەفا مەولوود لە یانەی ئەفسەرانی ئێستە دانیشتبووین ئەوسا گازینۆ بوو، لەپڕ کۆمەڵێ پۆلیس کردی بەو شوێنەدا کە ئێمەی لێ بووین، ناوی هەرسێکمانی خوێندەوە، بانگیان کردین بردیانین بۆ ژوورێک بەرامبەر ژووری بەڕێوەبەری پۆلیس بوو. دایانناین دوو سەعات لەوێ ماینەوە، بێ ئەوەی پرسیارمان لێ بکەن، لە دواییدا پۆلیسێکمان بانگ کرد وتمان برسیمانە، ئەگەر وا زوو بانگمان ناکەن بنێرن هەندێ کەباب و نانمان بۆ بێنن بیخۆین، پاش چارەکێ خواردنەکەیان بۆ هێناین خواردمان سەروچاشمان خواردەوە. ئەوەندەی پێ نەچوو هەرسێکمانیان بانگ کرد بۆ ژووری مەرکەز. سەعات و پارە و شتی ترمان چی پێ بوو لێیان سەندین و راپێچیان کردین بۆ ژووری بەندیخانەکە، کە نزیکی سەراکە بوو. کە چووین تەماشامان کرد قوتابی و مامۆستا و لاو و ئەهالی بەسەریەکا کەوتوون، لەناو دوو ژووری تاریک و پیس کە بەرامبەر یەکبوون، یەکێ دەستی بریندارە، یەکێ سەری پێچراوە، یەکێ قاچی، بە تایبەت «بێکەس» کە بە قۆناغە تفەنگ لێیان دابوو سەروچاویان شکاندبوو، و پێوەندیش کرابوو، ئیتر بەبێ هەست چاوم پر بوو لە ئاو و فرمێسکم داهێڵا، هەروەکو بوێژ «تاهیر بەگی جاف» ئەڵێ:

ناحەق نییە ناوەستێ ئەگەر پردی تەحەمول
سیروانی سروشکم کە ئەکا هاژە لە سەردا


ئەوانیش کە چاویان بە ئێمە کەوت، ئەوەندەی تر دڵگیر و خەمبار بوون.»
کتێبەکە کۆمەڵێک وێنەی کەسایەتی تێدایە، لەوانە: شێخ مەحموودی حەفید، مەلا مستەفای بارزانی، فایەق بێکەس، وێنەی خۆپیشاندانی شەشی ئەیلوولی 1930 لە سلێمانی، کۆمەڵێک فۆتۆی مامۆستا رەشید کەریم لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بۆ نموونە فۆتۆیەکی لە ساڵی 1938 لە پیرەمەگروون، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی شاردا، لەوانە: «بێکەس، رەفیق حیلمی، مەحموود، شێخ محەمەد زهدی، رەووف حاجی ئەمین، مستەفا مەولوود، کەریم سەعید و رەشۆڵ»، هەروەها وێنەی «دۆڵمە باخچەسی» لە ئەستەمووڵ و گەلێک وێنەی دی.
بە کورتی، ئەم کتێبە لە «64» لاپەڕە و «13» بەشدا، وێڕای ئەزموون و یادەوەریی سیویەک ساڵەی مامۆستایەک، کۆمەڵێک رووداوی زۆر گرنگیش دەگێڕێتەوە، بە زمانێکی سادە و رەوان، بە رێنووس و خاڵبەندی و ئیملایەک کە دەلالەت لە زەمەنی خۆی دەکات و بەشێکە لە مێژووی شێوەنووسینی کوردی، کە پاشتر بە چەند قۆناغێک گەشەکردن و چەند دەیەیەک کارکردن تێیدا، گەیشتووەتە ئەم شێوەنووسینەی ئەمڕۆ پێی دەنووسین. ئەم کتێبە شەستوسێ ساڵ لەمەوبەر چاپ و بڵاو بووەتەوە، ئەگەرچی لە رواڵەتدا کۆمەڵێک لەو شتانەی وا لەم بیرەوەرییانەدا باسیان لێوە کراوە گۆڕاون، بەڵام لە کۆمەڵێک نوختەی بیرکردنەوەی نەریتی و ئاستی دواکەوتووییماندا، هەر لەو زەمەنە و زۆر پێشتریشداین.

سەرچاوە:
[1]
هەڤپەیڤینی ئازاد عەبدولواحید لەگەڵ عومەر مارف بەرزنجی، گۆڤاری ڕامان، ژمارە: 127، 5/12/2007.
[2] بیرەوەریی سیویەک ساڵەی مامۆستایەک، مامۆستا ڕەشید کەریم، چاپخانەی ژین، ساڵی 1960، سلێمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان