لە رانیە ژنانی خاوەنکار روو لە زیادبوونن

07:16 - 2022-04-14
ڕاپۆرت
483 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

ئەگەرچی هێشتا ئەو کچ و ژنانەی خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیانن لە باشووری کوردستان، بەراورد بە پیاوان کەمن، بەڵام ئەو ساڵانەی دوایی جیاوازییەکەی کەمتر بووەتەوە، کچان و ژنانی خاوەن کار و پڕۆژەی بچووک و مامناوەندی بازرگانی زۆرن و لە بازاڕی گشتیشدا دەبینرێن، بەشێکیشیان بەدوای کاردا دەگەڕێن.

پەرەسەندنی پرۆژەی بازرگانی ژنێک 
دیاری، ژنێکی گەنجی دانیشتووی قەزای رانیەیە، رۆژێک بیرۆکەی کردنەوەی کارگەیەکی شیرینی لا دروست دەبێت، زۆر لەسەری ناوەستێت و بڕیاری کردنەوەی کارگەکە دەدات؛ سەرەتا بچووک و سادە، دوای ئەوە وردە وردە کڕیارانی روو لە زیاد بوونن، بیر لە گەورەکردنی پڕۆژەکەی دەکاتەوە و بەهۆیەوە هەم خۆی قازانجی زیاتری دەستدەکەوێت و هەمیش چەندان کچ و ژنی دەستڕەنگینی شارەکەی دەکاتە خاوەنی کاری خۆیان و لەگەڵیدا هاوکارن. ئێستا کارگەکەی دیاری ناو و ناوبانگێکی باشی هەیە لە ناوچەکە، خۆی دەڵێت «بووەتە براندێکی بچووکی ناوچەیی».

باوک وەک هاندەر
لەنێو شاری رانیە و ئیدارەی راپەڕین بەگشتی، هەر بەتەنها دیاری و ستافەکەی نین کە شان بەشانی پیاوان لە بازاڕدان، میقداد کە خۆی خاوەنی دوکانێکی کەلوپەلی جوانکارییە، هاوکاری کچەکانی کردووە (لاڤین و ئەژین)، لقێکی دیکەی هاوشێوەی دوکانەکەی خۆی بۆ کردوونەتەوە، لاڤین دەڵێت «لای باوکم جیاوازی جێندەری نییە و خۆی پێشنیاری کردنەوەی دوکانەکەی بۆ کردووین و سوپاس بۆ خوا سەرکەوتووین، لەگەڵ ئەژینی خوشکم پێکەوە و زۆرجار بە دابەشکردنی کات بەڕێوەی دەبەین».

بەهای کۆمەڵایەتی بۆ توانای خانمان گەڕاوەتەوە
جووتیار فەتاح، توێژەری کۆمەڵایەتییە و بە ئەرێنییەوە لەو هەنگاوانە دەڕوانێت کە کچان و ژنان لە بازاڕی کاردا دەرفەت دەدۆزنەوە و دەبنە بەشێک لە بەرەوپێشبردنی ئابووری شار و وڵاتییان، ئەو دەڵێت» ساڵانی رابردوو ئەو جیاوازییە جێندەرییە زۆر بوو، توانای خانمان بەتەنها لە نێو ماڵدا پیشان دەدرا، تەنانەت هاتنە دەرەوەی خانمان جۆرێکی دیکە سەیر دەکرا، بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی بەهای کۆمەڵایەتی وردە وردە بۆ توانای بەهێزی خانمان گەڕاوەتەوە، ئێستا ئەو هەنگاوانەی دەبینرێن هەنگاوی دڵخۆشکەرن و ئومێدبەخشن». 
رێواس، ماوەی چوار ساڵە شووی کردووە، لەنێو بازاڕی پزیشکانی شاری رانیە کاری «نوێنەری فرۆشتن»ە بۆ کۆمپانیایەکی دەرمان، هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ئەویش هەمان کار بۆ کۆمپانیایەکی دیکەی دەرمان دەکات، رۆژانە کلینیک و فرۆشگاکانی دەرمان بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان بەسەر دەکەنەوە، بەیەکەوە باسی رۆژانی سەرەتای ژن و مێرداییەتیان دەکەن، رێواس دەڵێت» بەدۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕین، بە گوزەرانێکی خراپەوە، سەرەتا من لە رێی ناسیاوێکمانەوە پەیوەندیم بەو کۆمپانیایەوە کرد، کە پسپۆڕی خوێندنەکەشم لێیەوە نزیکە، دەستم بەکار کرد و ماوەی سێ ساڵە بەردەوامم، هاوکات، ماوەی ساڵێکیشە هیوای هاوسەریشم هەمان کار دەکات بەڵام بۆ کۆمپانیایەکی دیکە، سوپاس بۆ خوا دۆخی داراییمان زۆر باشە»، هەروەها هیوا دەڵێت» راست و رەوان بیڵێم، توانای رێواسی هاوسەرم لەو بوارەدا لەمن باشترە».

ژنان کارە سەختەکان دەکەن
ئەژین، خانمێکی دیکەی خاوەن کارە، لە شەقامێکی گشتی رانیە شوێنێکی بۆ شتن و جوانکاری ئۆتۆمبێل کردووەتەوە، لەگەڵ خۆی سێ کچ و پێنج کوڕی دیکەشی خستووەتە سەرکار. ئەگەرچی وا باوە کاری شتنی ئۆتۆمبێل کە کارێکی سەختە و نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە وڵاتانی دەرەوەش پیاوان زیاتر سەرقاڵی ئەو کارەن، بەڵام ئەژین ئەو رێچکەیەی شکاندووە، خاوەنداریەتیەکە و بەشێکی زۆریش لە کارەکان خۆی و هاوکارە کچەکانی دەیکەن.» کچان و ژنان، زیاتر گرنگی بە پاکوخاوێنی دەدەن، کاری شتنی ئۆتۆمبێل کارێکی ئاسان و زیاتر گونجاوە بۆ خانمان « ئەژین وادەڵێت، هەروەها ژوان کە شۆفێری ئۆتۆمبێلە و بۆ پاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەردانی شوێنەکەی ئەژینی کردووە، دەڵێت» چومەتە ئەو شوێنانەی پیاوان کاری تێدا دەکەن و هاتوومەتە ئێرەش، بەڵام هەست دەکەم لێرەوە زیاتر بە پاکیی و خاوێنی ئۆتۆمبێلەکەم دەبەمەوە».
جەبار ئەحمەد، تەمەنی سەرووی 65 ساڵە، باس لەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە دەکات کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە شارەکەیدا روویداوە» بەر لە راپەڕین و دوای راپەڕین تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی، بە دەگمەن خانمێکت دەبینی شۆفێری بکات، ئێستا کە شۆفێریی ئاسایی بووەتەوە و تەنانەت زۆرجار لە ریزی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان زۆرینەی شۆفێرەکان لە خانمانن، خانمان ئۆتۆمبێلەکانیش دەشۆن، ئەوە گەر جاران بووایە منیش و هەموو خەڵکیش لای نائاسایی بوو، بەڵام ئێستا لە باوەڕەوە ئەوەم بۆ دروستبووە، کچان و ژنان هیچ جیاوازییەکیان لە رووی تواناوە نییە»، جەبار ئەوەی وت.

گەڕان بەدوای کاردا
دۆخی ئابووری هەرێم و بەتایبەت ئیدارەی راپەڕین،  ئێستا بۆ دابینکردنی هەلی کار خراپە، ئەم قەیرانە رووبەڕووی هەردوو رەگەز بۆتەوە، گەنجان لە کوڕ و کچ  بەدوای کاردا دەگەڕێن و بە زەحمەت کار دەستدەکەوێت، پێروو کچێکی تەمەن 27 ساڵە و زانکۆی تەواوکردووە، ئەگەرچی کەسوکاری هانیانداوە تا کارێک بۆخۆی بدۆزێتەوە، خراپی دابەشکردنی مووچە و لاوازی بازاڕی کۆمپانیاکان و کەمی رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، لەئێستادا رێگرن لەوەی پێروو ببێتە خاوەن کاری خۆی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان