سەرۆك كۆمار: هەنگاوی جیهانیی پێویستە بۆ دۆخی نالەباری سوریا و توركیا

08:32 - 2023-02-09
عیراق
551 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە راگەیەندراوێكدا، داوا لە وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەهانای خەڵكی لێقەوماوی كارەساتی بوومەلەرزەكەی سوریا و توركیاوە بچن و كاری بەپەلە بكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە وێرانبووەكان.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: گەلانی ناوچەكەمان بەتایبەتی لە سوریا و توركیا لە ئەنجامی كارەساتی سروشتیی چەند رۆژی رابردوو و دۆخی ناجێگیری كەشوهەواوە، لە بارودۆخێكی ناهەمواردا دەژین، بۆیە پێویستە فریاگوزاریی بەپەلەیان پێ بگەیەنرێت، بەهۆی گەورەیی قەبارەی كارەساتەكەشەوە هەنگاوی درێژخایەن پێویستە.
سەرۆك كۆمار، داوا لە حكومەت و هێزە سیاسییەكان دەكات ناكۆكییەكانیان پشتگوێبخەن و هاوكاربن لە گەیاندنی هاوكاری و ئاسانكاری بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتوان و قوربانیان. «ئاشكراشە بۆ چەند مانگی داهاتوو خەڵكی ناوچە وێرانبووەكان بێكار و شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی دەمێننەوە، بۆیە دەبێت ئاستی هاوكارییەكان فراوان بكرێن و بەردەوامبن، وەك عیراقیش بەردەوام دەبین لە پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكارییەك و تواناكان دەخەینە خزمەت هەر هەماهەنگی و دیالۆگێكی نێودەوڵەتی و هەنگاوی جیهانییش پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی دۆخی نالەباری ناوچەكە».

دیداری سەرۆك كۆمار و كۆمیتەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی
لەمیانی پێشوازیشی لە وەفدێك كە لە عەلی عەبدوڵڵا بادری سەرۆكی لیژنەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی، ئەندامێتیی نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری، دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتەكانی ناوخۆ، پەروەردە، كۆچەران، ئاوارەكان، لاوان و وەرزش، ئەوقافی سوننە و شیعە و سەرۆكی زانكۆی موستەنسریە، پێكهاتبوو، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە «پێویستیی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا».
راشیگەیاند: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ئایدیۆلۆژیای توندڕەوانە، لەڕێگەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییەوە دەبێت، پێویستیشە دامەزراوە پەروەردەییەكان بەرپرسیارێتیی بنیاتنانی وڵات و رێگریی لە تیرۆر بەهەموو شێوەكانییەوە لەئەستۆبگرن. لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشتیی بۆ كارەكانی لیژنەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بۆ گەیشتن بە ئامانجە گرنگەكانی، دووپاتكردەوە.

سەرۆك كۆمار بانگهێشتنامەیەكی لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێگەیشت
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە ئاوكی لوتسما نێردەی تایبەتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNDP)، كە بانگهێشتنامەیەكی لە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێشكەشی سەرۆك كۆمار كرد بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنگرەی ئاو لەپێناوی گەشەپێدان، كە بڕیارە لە نیویۆرك بەڕێوەبچێت.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار گرنگیی چالاككردنی هاریكاری لە بوارەكانی بەڕێوەبردنی ئاو و باشتركردنی كەرتی كشتوكاڵ و كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە، ئاماژەپێكرد.

پێشوازی لە وەفدێكی  رەوتی حیكمەی نیشتمانی
هەر دوێنێ، سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەر بە رەوتی حیكمەی نیشتمانی و تەئكیدكرایەوە لەسەر دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ پاڵپشتی لە هەوڵەكانی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەكانیدا.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە جیهان بە گرنگییەوە لەو سەقامگیرییە دەڕوانێت كە عیراق لە ئاستە جیاجیاكاندا بەخۆیەوەبینیوە، بۆیە دەبێت هەموان هەوڵی بەرەوپێشبردنی بدەین.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان