شه‌مێران عه‌لی
موحه‌مه‌د موشیرپه‌نایی یه‌كێكه له چیرۆكنووس و رۆژنامه‌نووسه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه، له‌وانه كتێبی خه‌ونه‌كانم له تاوسانا فێنكن، یه‌كێكی دیكه له كتێبه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌زموونی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌ده‌وه‌یه به فارسی نووسیوێتی، به‌ناونیشانی (مردی از درخت سیب" ابراهیم احمد " بله) ئه‌م نووسه‌ره هاوكات له‌گه‌ڵ نووسینی چیرۆكدا له بڵاوكراوه‌كاندا بابه‌تی ئه‌ده‌بی بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌م رانانه له‌باره‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی نووسه‌ره‌وه‌یه. كه چیرۆكه‌كان بۆن و به‌رامه‌ی كورده‌وارییان لێ دێ و بابه‌ت و رووداوی چیرۆكه‌كان كوردین و له‌نێو رۆحی كورده‌واریدا رووده‌ده‌ن.
سه‌رله‌به‌ری ئه‌م چیرۆكانه‌ی له‌م كتێبه‌دا كۆكراونه‌ته‌وه فه‌زا و رووداوی كورده‌وارین و كه‌شی زۆرێك له چیرۆكه‌كان شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و چیرۆكی خه‌ڵك و ژیان و به‌سه‌رهاتی خه‌ڵكه، به‌ڵام به زمانی ئه‌ده‌ب و به ته‌كنیكی چیرۆك. نووسه‌ر كاری له‌سه‌ر ئه‌و حیكایه‌ت و به‌سه‌رهاتانه كردووه كه كورده‌واریدا وه‌ك برینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هێشتا سارێژ نه‌بوون، بۆ نموونه به چیرۆك باس له ژیانی كچانی قه‌یره ده‌كات. له هه‌ندێ چیرۆكدا باس له ژیانی خه‌ڵكی شار و وێنه‌ی كۆڵانه‌كانی سنه نیشان ده‌دات. لێره‌دا له‌سه‌ر چه‌ند چیرۆكێك راده‌وه‌ستین.
چیرۆكی یه‌كه‌م لقه گوڵێكی سوور چیرۆكی پیاوێكی بێ هۆش و گۆشه، پیاوێك كه نازانێ چی ده‌كات، له خه‌و هه‌ڵده‌سێ و ده‌چێته دایره، دێته‌وه... كه‌سایه‌تییه‌كه مرۆڤێكی وڕ و گێژه و ژیانێكی په‌رت و بڵاو و وێرانی هه‌یه. ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه به له‌خه‌و هه‌ستانی كاره‌كته‌ره‌كه و روانین له گوڵه‌سووره‌كه كه چۆن له بێ ئاگایی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌دا وشك بووه. گێڕه‌ڕه‌وه خودی كاره‌كته‌ره‌كه‌یه. دوای ئه‌وه‌ی له خه‌و هه‌ڵده‌سێ و چه‌ند رۆژێك له رۆژانی ژیانی یاداشت ده‌كات. كه پتر یاداشتی مرۆڤێكی سه‌رلێشێواوه و ده‌سه‌پاچه‌یه.
له چیرۆكی دووه‌مدا ئاوابوونی قاڵاوه‌كان نووسه‌ر به نیشاندانی ئاسمان و هاتنی قاڵاوه‌كان ده‌ست به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك ده‌كات و به هه‌واڵێكی تۆقێنه‌ر و خه‌مگین ده‌چێته نێو چیرۆكه‌كه‌وه. ئه‌م چیرۆكه زۆرتر گرنگی به وێنه داوه، وێنه‌ی ئاسمان، دیمه‌نی هاتنی قاڵاوه‌كان، دیمه‌ن و شێوه‌ی روخساری كه‌سه‌كان و قیڵشانی هه‌نار و دیمه‌نی حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه و... هه‌موو ئه‌مانه له‌خزمه‌تی ئه‌و رووداوه‌دا كه چیرۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیات نراوه و هه‌واڵێكی جه‌رگ بڕه.
له چیرۆكی نێرگزدا گێڕه‌وه به‌جۆرێك قسه ده‌كات و رووی ده‌می له‌و كچه‌یه كه به‌رده‌وام قسه ده‌كات و كه‌س گوێی لێ ناگرێ، وه‌كو گێڕه‌وه قسه‌ی بۆ ده‌كات كه ئه‌و هه‌رچییه ده‌نووسێ و ده‌یڵێ كه‌س لێی وه‌رناگرێ. كچێكی قه‌یره‌یه و خه‌ڵكی به شێتی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌م چیرۆكه باسی كچێكی قه‌یه‌ره‌یه كه باوكی به‌شووی نه‌داوه و هه‌ر كه‌س خوازبێنی كردووه ئه‌و به لایه‌قی كچه‌كه‌ی نه‌زانیوه، به‌م چه‌شنه كچه‌ی قه‌یره ماوه‌ته‌وه و له دۆخێكی خراپدایه. چیرۆكه‌كه گێڕانه‌وه‌ی دۆخی ده‌روونی كاره‌كته‌رێكی ماندووه، ده‌روونی شێواوه و ته‌نها و خه‌مباره و ده‌روونی شه‌قار شه‌قاره و كه‌وتۆته به‌ر نه‌شته‌ری قسه و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكییه‌وه. هاوكات نووسه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شوونه‌كردنی نێرگز و به‌سه‌رهاته ناخۆشه‌كانییه‌وه گێڕانه‌وه ده‌باته گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری سنه، گێڕانه‌وه به قه‌تارچییان و پرد مو‌سا و جاڕموساییه‌كان و ... ده‌ڕوات و له‌پڕ ده‌چێته سه‌ر ئاویه‌ر...
له چیرۆكی دایناسوور و سێوه‌سووره‌كانی كوڕه‌كه‌م نووسه‌ر باس له ژیانی نووسه‌رێك ده‌كات كه سه‌ختییه‌كانی ژیان ماندووی كردووه، به‌رده‌وام به‌راوردی حه‌زی ئه‌ده‌بی خۆی و پێویستی ماڵه‌كه‌ی و ژیانی ژن و منداڵه‌كه‌ی به‌راورد ده‌كات. كه ئه‌وه‌ش كێشه‌ی هه‌موو نووسه‌ر و ئه‌ده‌یبێكی ئه‌م میلله‌ته‌یه. خواردنیان نییه، مریشك نییه... منداڵه‌كه‌ی حه‌زی له دایناسوور و سێوه و خۆشی حه‌زی له شیعره‌كانی نوسره‌ت ره‌حمانییه. چیرۆكه‌كه وێنه‌ی ژیانی شاعیرێكی زه‌لیله به‌ده‌ستی ژیانه‌وه و له نێوه‌ندێكی فه‌رامۆشكراو... به‌گشتی ئه‌م ئه‌زموونه چیرۆكی ژیان و سه‌ختییه‌كانی مرۆڤی كورده له قاڵبی چیرۆكی ئه‌ده‌بیدا، به كوردییه‌كی ره‌وان و جوان نووسیونی.
موحه‌مه‌د موشیرپه‌نایی