ئه‌و رۆمانانه‌ی ئیشیگورۆ ده‌یاننووسێت به قووڵی له خه‌ون ده‌چن. كاره‌كته‌ره‌كانی واقیعی نین، به‌ڵام دیمه‌نه‌كانی وا هه‌ژێنه‌ر دنیا پیشانده‌ده‌ن كه دوای ئه‌وه هه‌موو شتێك نائاسایی دێته‌به‌رچاو. مارگرێت ئه‌توود و چوار نووسه‌ری تر، به بۆنه‌ی دوا رۆمانی ئیشیگورۆوه، هه‌ر یه‌كه‌یان ئازیزترین رۆمانیان له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌ڵبژاردووه و له‌باره‌یه‌وه له (The Guardian) نووسیویانه كه لێره‌دا به‌شی دووەم و کۆتایی ده‌یخوێنینه‌وه:
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-2 کۆتایی
"پاشماوه‌ی رۆژ" رۆمانه ئازیزه‌كه‌ی سارا پێری:
یه‌كه‌م جار كاتێ ته‌مه‌نم حه‌ڤده ساڵ بوو، "پاشماوه‌ی رۆژ"م خوێنده‌وه، چونكه ئه‌ركی خوێندنم بوو. له‌و لایه‌نه‌وه كه ئه‌و زه‌مانه زیاتر به‌رهه‌می میلۆدرامیمان په‌سه‌ند ده‌كرد، حه‌زم له ریتمی وشك و خۆشكاندنی گێڕه‌ره‌وه‌ی رۆمانه‌كه نه‌بوو، به ناچاری ملم دا بۆ خوێندنه‌وه‌ی پێم وابوو ئه‌ركێكی بێزاركه‌ره. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كردم رۆمانێك بوو هێنده جوان و هه‌ژێنه‌ر بوو كه حه‌فته‌ی دوای ئه‌وه بووه بابه‌تی مشتومڕێكی زۆر له نێوان هاوپۆله‌كانمدا سه‌باره‌ت به ماهیه‌تی عه‌شق.
له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا، كه له ساڵی "1956"ه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ستیڤنس، به‌رپرسی خزمه‌تكارانی كۆشكی "دارلینگتۆن"، ئاماده ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به ئوتومبێل بچێت بۆ "ویست كه‌نتری" هیواداره له‌وێ خاتوو "كنتۆن" هاوكاره خانه‌نشینه‌كه‌ی قه‌ناعه‌ت پێبكات وه‌كو ماڵدار بگه‌ڕێته‌وه بۆ "دارلینگتۆن". وادیاره ستیڤنس به‌بێ زیادكردنی چه‌ند مه‌رجێك و ده‌سته‌واژه‌ی یه‌ده‌ك تاقه‌تی ئه‌وه‌شی نییه بڵێت ئاسمان له سه‌روو زه‌وییه‌وه‌یه. گێڕانه‌وه‌كه‌ی پڕه له ده‌سته‌واژه‌ی ته‌مومژاوی وه‌كو "ده‌بێ بڵێم"، "هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی له یادمه" و "پێم وایه"، هه‌میشه مێشكی سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵه هاوینه‌هه‌واره ئینگلیزییه‌كانه به شێوه‌یه‌كی گشتی و گیرۆده‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆشكی دارلینگتۆنه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه دیواری رێگر له به‌رامبه‌ر دیمه‌نه‌كانی خه‌م و خه‌ساره‌تدا دروست ده‌كه‌ن و شاكاره‌كه‌ی ئیشیگورۆ (كه له‌وانه‌یه وێنه‌ی له‌م رووه‌وه ته‌نیا له رۆمانی " میسی چی ده‌زانی" هێنری جه‌یمس-دا ببینین.) ئه‌مه‌یه كه دیمه‌نێكی ته‌واو نیشانی خوێنه‌ر ده‌دات، به‌ڵام هه‌رگیز به دیواره‌كه‌دا تێپه‌ڕ ناكات.
كاتێك ستیڤنس به شاره‌كانی "سالزبێری و تونتۆندا" تێپه‌ڕده‌بێت، خوێنه‌ر، كه له خه‌یاڵی ماهیه‌تی ئیشه‌كه‌ی و بایه‌خی ژیانیی به‌رنامه شاهانه‌كه‌یدا رۆچووه، زۆر زووتر له خودی گێڕه‌ره‌وه، په‌ی به‌وه ده‌بات كه عومری ستیڤنس و ئامانجه‌كانی، واته شه‌ره‌فمه‌ندی و خزمه‌ت، به‌فیڕۆ چووه، ژیانی خۆی خستۆته خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دانه‌وه كه گه‌مژه‌ن و هاوكاری فاشیسته‌كان بوون و تاكه ئومێدیشی به عه‌شقی رۆمانسی به‌باداوه.
ئه‌م رۆمانه به ورده‌كارییه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه هیچ و پووچییه‌كانی سیستمی چینایه‌تی به‌ریتانیا ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام، به‌ڕای من، له‌وانه‌یه جوانترین لایه‌نی چیرۆكی ئه‌م رۆمانه عه‌شقێكی ناكام و بێ ئه‌نجام بێت. ستیڤنس له ساتی كۆتایی و بێوێنه‌ی رۆمانه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه دڵنیا ده‌بێت خاتوو كنتۆن له‌ودیو ده‌رگا داخراوه‌كه‌وه ده‌گری، ناتوانێت هه‌ستی مرۆڤانه‌ی خۆی و ئه‌و رێزه‌ی بۆ پیشه‌كه‌ی هه‌یه‌تی ئاشت بكاته‌وه، بۆیه هیچ ناكات. بگره و به‌رده و مشتومڕی نێوان ئێمه‌ی خوێندكار ئه‌م پرسیاره‌ی قوت كرده‌وه: ئایا ستیڤنس عاشقی خاتوو كنتۆن بوو یان نا؟ به عه‌قڵی كچێكی لاو كه تازه هاوڕێیه‌كی كوڕی په‌یدا كردبوو، رای من ئه‌وه بوو ستیڤنس هه‌رگیز عاشقی خاتوو كنتۆن نه‌بووه، چونكه عه‌شق به كرده‌وه وجودی هه‌یه و ئه‌و عه‌شقه‌ی نه‌توانێت ناچارت بكات ده‌رگایه‌ك بكه‌یته‌وه،شتێكی زۆر لاوازه، ئه‌و كاته ئه‌و كێشه‌یه بۆ ئێمه چاره‌سه‌ر نه‌بوو، دڵنیاش نیم هه‌تا ئێستا بۆم چاره‌سه‌ر بووبێت.
"پاشماوه‌ی رۆژ" ده‌قێكی تراجیدی نییه، به‌ڵكو غه‌مگینانه‌یه، كه خراپتره. گریان بۆ پاكردنه‌وه‌ی رۆح به‌لای (تێس دوربه‌رڤێل و ئیسان فرۆم)ه‌وه شتێكی ئاسانه. چونكه ژیانی پڕ مه‌ینه‌تیی كاره‌كته‌ری له‌م جۆره رۆمانانه زۆر دووره له خوێنه‌ری ئاساییه‌وه. به‌ڵام ستیڤنس له ئاینده‌یه‌كه‌وه دێت كه زۆر ئه‌گه‌ری روودانی هه‌یه و هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت: چه‌ند ئاسانه به‌بادانی عومر و له ده‌ستدانی عه‌شق وه‌كو مشتێك لم.
"نامه‌عقول" رۆمانه ئازیزه‌كه‌ی رومان ئالام:
رۆمانی "نامه‌عقول" ئه‌وه‌نده درێژ و به پێچ و په‌نایه كه قابیلی كورتكردنه‌وه نییه، به‌ڵام هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م: ره‌یده‌ر، پیانۆژه‌نێكی ناسراوه، هاتووه بۆ شارێكی نادیار و بڕیاره له‌وێ پیانۆ بژه‌نێ، به‌ڵام هه‌ست ده‌كات تووشی كۆمه‌ڵێك به‌سه‌ر هاتی سه‌یرو سه‌مه‌ره بووه. واقیعی رۆمانه‌كه به‌رده‌وام گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. بۆ -نموونه، ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی سه‌ره‌تا بۆ پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه وه‌كو نامۆیه‌ك ده‌ناسێنرێت، پاشان ئاشكرا ده‌بێت كه یه‌كێكه له خزمه‌كانی- و ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی ورده ورده سه‌یرتر ده‌بێت پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه له به‌رنامه‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ی لاده‌دات. رۆمانی "نامه‌عقول" سه‌رلێتێكده‌ر و پڕ هه‌ڵاتنی فه‌لسه‌فه‌فییه، كه له سه‌ره‌تادا سه‌یر دێته به‌رچاو پاشان به‌ڕاستی مێشكی خوێنه‌ر تێكده‌دات. رۆمانی "نا
مه‌عقول" یه‌كێكه له رۆمانه خۆشه‌ویسته‌كانی من.
ئیشگورۆ رێگه‌ی سه‌رلێتێكدانی خوێنه‌ر شاره‌زایه. له سێ رۆمانی سه‌ره‌تایدا -كه هه‌رسێكیان سه‌رسوڕهێنه‌ر بوون- شاره‌زایانه ئه‌وه‌ی كردووه، له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه كه له‌لایه‌ن گێڕه‌ره‌وه‌وه خوێنه‌ر ده‌كات به وه‌رگر، هه‌روه‌ها زمانی روونه و چیرۆكی رۆمانه‌كانی چێژیان هه‌یه و جوان نووسراون. به‌ڵام له رۆمانی "نامه‌عقول"دا نووسه‌ر توانای زمان و ته‌نزی بۆ ئامانجێكی جیاواز به‌كارده‌هێنێت، وادیاره ئه‌م رۆمانه زاده‌ی ئاره‌زووی په‌رێشانی و ته‌نانه‌ت سه‌رلێشێواندنه.
تێگه‌یشتنی ئه‌م رۆمانه ئاسانتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر ده‌قێكی ئه‌بستراكتی رووت بوایه. به‌ڵام ئه‌م رۆمانه چه‌ند دیمه‌نێك ره‌سم ده‌كات كه تێكه‌ڵكردنیان وه‌كو گشتێك ته‌قریبه‌ن كاریكرده نییه. هه‌موو به‌سه‌رهاته‌كه وه‌كو لۆجیكی خه‌ونێك وایه و له‌وانه‌یه ئه‌وه نیشان بدات كه خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند له گه‌ڕان و پشكنینی مانا ده‌چێت له نیوه‌شه‌وێكدا دوای بەخەبەر هاتن له كابوسێك كه زۆر روون و ئاشكرایه.
"نامه‌عقول" رۆمانێكه ده‌رباره‌ی پیانۆژه‌نێك و پڕه له گفتوگۆ سه‌باره‌ت به مۆسیقا- هه‌مان ئه‌و هه‌ڵاتنه فه‌لسه‌فیانه‌ی پێشتر ئاماژه‌یان بۆ كرا. له‌وانه‌یه كێشمه‌كێشی نووسه‌ر بێت له‌گه‌ڵ خودی هونه‌ردا. ره‌یده‌ر ده‌یه‌وێت كۆنسێرته‌كه‌ی بكات، به‌ڵام به‌رده‌وام له رێگاكه‌ی لاده‌دات و هه‌ست و هۆشی په‌رت ده‌بێت و ورده ورده ماندوو ده‌بێت و نازانێ چی بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر گروپێكی پۆپی سه‌ركه‌وتوو ده‌یه‌وێ بڵێت جه‌ماوه‌ریبوون چه‌نده قورسه. ره‌یده‌ر پێش كۆنسێرته‌كه‌ی به كۆمه‌ڵێك له هه‌وادارانی ده‌ڵێت: "هه‌رچیم له ده‌ست بێت بۆتان ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌شتان پێ بڵێم له‌وانه‌یه ئیتر ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێشووم نه‌بێت."
به‌ڵام ئیشیگورۆ باسی خودی كاره‌كته‌ره‌كه ناكات. ره‌یده‌ر گیرۆده‌ی رابردوویه‌كه كه زۆرجار ناتوانێت بیهێنێته‌وه بیری خۆی. خۆی له چه‌ند جێگایه‌كدا ده‌بینێته‌وه (له ژووره‌كانی هوتێل و ئاپارتمان و كافیتریاكان) كه ئاشنا دێنه به‌رچاو به‌ته‌واوه‌تی گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه. ره‌یده‌ر ته‌نیا هه‌وڵ ده‌دات رۆژ به‌ڕێ بكات، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌لایه‌ن كه‌سانی سه‌یروسه‌مه‌ره‌وه گه‌مارۆ ده‌درێت و به‌ده‌ست بارودۆخی نالۆجیكییه‌وه گیرۆده ده‌بێت. هیچ شتێك ئاوا لۆجیكی نایه‌ته به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌و درێژه به رێگای خۆی ده‌دات، له ژووری هوتێله‌وه بۆ ئاپارتمان له ئاپارتمانه‌وه بۆ كافیتریا. لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی هونه‌ر له ئارادا نییه، یان ته‌نیا بابه‌ت نییه، به‌ڵكو باسی خودی ژیان له ئارادایه.
"كاتێك هه‌تیو بووین" رۆمانه ئازیزه‌كه‌ی مادلین سین:
رۆمانی "كاتێ هه‌تیو بووین" دوای "نامه‌عقول" شاكاری ئیشیگورۆ و پێش رۆمانه پڕ فرۆشه‌كه‌ی "هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم" بڵاوكرایه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو رۆمانه له روانگه‌ی منه‌وه دوان له ده‌قه گه‌وره‌كانی سه‌ده‌ی رابردوون، به‌ڵام "كاتێ هه‌تیو بووین" له هه‌موو رۆمانه‌كانی تری زیاتر لای من ئازیزه. یه‌كه‌م جار ته‌مه‌نم 26 ساڵ بوو كه خوێندمه‌وه، بیرمه كاتێك كتێبه‌كه‌م داخست له‌به‌ر خۆمه‌وه وتم: ئه‌مه چ كتێبێك بوو كه من خوێندمه‌وه؟
له رۆمانی "كاتێ هه‌تیو بووین"دا، "كریستۆفه‌ر بینكس" ئه‌فسه‌رێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ریتانی ناسراوه، باسی چه‌ند رووداوێك ده‌كات كه بووه‌ته هۆی دیارنه‌مانی باوك و دایكی له شه‌نگه‌های و چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك دوای ئه‌وه- كاتێك جه‌نگی چین و ژاپۆن و جه‌نگی ناوخۆی چین له‌گه‌ڵ جه‌نگی دووه‌می جیهان تێكه‌ڵ ده‌بن- مه‌به‌ستێتی رێگه‌چاره‌یه‌كی قه‌ناعه‌تپێكه‌ر بۆ ئه‌م دۆسێیه بدۆزێته‌وه.
ئه‌و كاته پێم وانه‌بوو ئه‌م رۆمانه رۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو بێت، ره‌خنه‌گرانێكی زۆر ته‌نانه‌ت خودی ئیشیگورۆش-له‌گه‌ڵ منی كه‌م ته‌مه‌ندا هاوڕا بوون. به‌ڵام ئێمه به‌هه‌ڵه‌دا چووبووین. كاتێ هه‌تیو بووین له خانوویه‌ك ده‌چێت كه هه‌موو په‌نجه‌ره‌كانی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شابن، قه‌نه‌فه‌كانی درابن به‌سه‌ر یه‌كدا، دیواره‌كانی ورگیان دابێ و داڕوخابن- هه‌رچه‌نده نه گێڕه‌ره‌وه‌وه و نه خوێنه‌ر له‌م واقیعه راناچڵه‌كن و سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك ره‌فتار بكه‌ن كه گوایه دنیای ده‌وروبه‌ریان زۆر سیستماتیكه.
21 ساڵ ئه‌م رۆمانه‌م له مێشكمدا كاوێژكردۆته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا، هه‌زار نووسراوی ترم خوێندۆته‌وه، به‌ڵام دیسان "كاتێ هه‌تیو بووین" مێشكمی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه و به‌م پرسیارانه نیگه‌رانم ده‌كات: نه‌با شه‌فافیه‌تی بیركردنه‌وه‌م هیچ كاتێ بۆنی واقیعی نه‌كردبێت؟ نه‌با خه‌یاڵی مناڵیمان كه ئاوێته‌ی خه‌می مناڵیمانه، وه‌كو ته‌وق چووبێته ملی ژیانی گه‌وره‌ییمان و تاریكی بكات؟ نه‌با خراپ له ئیشه‌كانی خۆم حاڵی بووبم؟ له‌وانه‌یه ئێمه و حكومه‌ته‌كانمان نه‌زان بین ته‌مسیلی زانین بكه‌ین؟
رۆمانی "كاتێ هه‌تیو بووین" به ریتمی جوان و دڵسافی و نه‌رم و ناسكی بینكس كه نه‌ك ته‌نیا گه‌مارۆی زیهنی ده‌دات، به‌ڵكو یه‌كپارچه‌یی زیهنیشی پێكده‌هێنێت، گێڕانه‌وه‌یه‌كه له شوێنی خۆمان ده‌مانچه‌قێنێ و سه‌رساممات ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر خودی ده‌سه‌ڵاتدا باشی رووكه‌شی ده‌سه‌ڵاتمان بۆ ده‌كات. چارۆكه‌ی یاده‌وه‌ریی چیرۆكی رۆمانه‌كه له به‌رامبه‌ر واقیعی تاڵی شارێكدا ده‌له‌رێته‌وه كه ئۆردوگاكانی كۆڵۆنیالیزم و ناسیونالیزم و جه‌نگی ناوخۆ و هه‌ژموونخوازیی داهاتوو هێلانه‌ی كردووه. واقیعیش له‌گه‌ڵ خوڵقاندنی چه‌ندین ناواقیعیدا به‌لاڕێدا ده‌برێت و هه‌م داهێنان و ئه‌نجامه ترسناكه‌كانی خه‌ڵكێكی بێ ناونیشان به‌رگه‌ی ده‌گرن. ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی نه‌ك ته‌نیا پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه، بۆ به‌دبه‌ختی ئێمه‌ش ده‌گرێته‌وه.
له به‌رهه‌مه‌كانی ئیشیگورۆدا به كه‌ناری لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێچاوپێی شووشه‌دا ده‌ڕۆین كه له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌نگاوێكدا به‌ره‌و خواره‌وه ده‌خزێین. بینكس بۆ ساتێكی -كورت به‌ڵام له‌گه‌ڵ روونییه‌كی ترسناكدا- تێده‌گات كه دنیا چه‌وت و چه‌وێڵه یان هه‌رگیز ئه‌و شته‌ی كه هه‌یه وه‌ك خۆی نه‌دیوه. ئه‌م تێگه‌یشتنه گوایه به‌شێوه‌یه‌كی غه‌ریزه‌یی له‌ناو ده‌چێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه له‌وانه‌یه بینكس، به چاوپۆشی له‌هه‌ر شتێك، سه‌رسه‌ختی بنوێنێ و وه‌كو خۆی گیان ده‌ر ببات كه له خه‌یاڵی خۆیدایه.
جۆرێك له نووسه‌ری رۆمانی پۆلیسی له زۆر له رۆمانه‌كانی ئیشیگورۆدا به‌دیده‌كرێت، كه تیایاندا كێشه‌یه‌ك له بینین- وه‌كو فلاشباك و ئاینده‌بینی و ده‌روونبینی- ده‌كه‌ونه ژێر زه‌ڕه‌بینی وردبینییه‌وه. ئیشیگورۆ به‌رده‌وام ئومێدی ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌و ململانێیه‌وه كه كه‌سێك ده‌توانێت به‌ته‌نیا به‌هێزی بینین په‌ی به‌ناخی شته‌كان به‌رێت. به‌ڵام هه‌مان ته‌مومژ ده‌بێته كلیلێك كه ژووره‌كان و پرسیاری تر به رووی ئێمه‌دا ده‌كاته‌وه: به چ شتێك ده‌توانین زانیاری په‌یدا بكه‌ین و چ شتێك هه‌میشه له تێگه‌یشتن دوورمان ده‌خاته‌وه؟ به كام ئاكار و به چ ئومێدێك ده‌توانین له‌م تاریكییه‌دا بژین.
سه‌رچاوه: tarjomaan.com