شۆخان و دێرین دەدرەوشێنەوە

10:55 - 2023-02-13
وەرزش
262 جار خوێندراوەتەوە

هەرێز جەمال 


خولی تۆپی پێی یانەكانی سعودیە بۆ کچان، كۆتاییهات و یانەی نەسر توانی بە جیاوازی 3 خاڵ لەگەڵ هیلال پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت و نازناوی وەرزی ئەمساڵ بخاتە خەزێنەی یانەكەوە.
لەم خولەدا كە 8 یانە بەشداریانكرد، دیاردەیەکی جوانی خولەکە درەوشانەوەی 2 یاریزانی كورد بوو ئەوانیش شۆخان نورەدین و دێرین مەحمود كە هەردووكیان دوو یاریزانی دیاری هەڵبژاردەی عیراقن لە ریزەكانی هیلالی شین پۆشدا یارییان دەكرد .
شۆخان نورەدین، كە نازناوی هالاندی كوردی پێبەخشرا، لەم وەرزەی خولی سعودیەدا بووبە ئەستێرەیەكی دیار و بە تۆماركردنی 44 گۆڵ نازناوی گۆڵكاری خولەكەی بەدەستهێناو توانی ببێتە یەكێك لە ناوە گەورەكانی ئەم خولەو ئەمەش وای لەو یاریزانە كرد كە چەندین یانە بیر لە گرێبەست لەگەڵیدا بکەنەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پاش ماوەیەك پشوودان لەدوای كۆتاییهاتنی خولی سعودی، بڕیار لە داهاتووی یاریكردنی بدات ئایا لە هیلال دەمێنێتەوە و وەرزێكی تری پڕ گۆڵ بەرێدەكات یاخود بارگەی بەرەو خولێكی ترو تیپێكی نوێ دەگوازێتەوەو لەوێ خۆی دەردەخات .
شۆخان پێشتر لە خولی كوردستان و یانەكانی عیراق یاریكردووە، بەشداری چەندین پاڵەوانێتی كردووەو بەهۆی ئاستەبەرزەکەیەوە لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا لە سعودیە لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراق خەڵاتی گۆڵكاری پاڵەوانێتییەكەی بردەوە، بەوەش بوو بە جێگە سەرنجی یانەكانی وڵاتانی عەرەب و كەنداو و دواتر ئەو یاریزانە وەك یەكەم وێستگەی پیشەگەریی هیلالی هەڵبژارد .
دێرین مەحمود مەلا بەكریش یەكێكی تر لەو یاریزانە كوردانەی هەڵبژاردەی نیشتمانی عیراق بوو كە وەرزی ئەمساڵ رووی لە یانەی هیلال كرد، لە بەشی زۆری یارییەكانی ئەم وەرزەدا دێرین توانی ئاستێكی بەرز نمایش بكات و رۆڵی گەورەی هەبوو لە جێبەجێكردنی چەندین ئەسیست بۆ هاوڕێیانی تیمەكەی .
هاوشێوەی شۆخان، دێرینیش ئەمساڵ خواستی زۆری یاریكردنی لە یانەكانی دەرەوە بۆ هاتووە بۆیە ئەویش دەیەوێت پاش كۆتاییهاتنی خولەكە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەو رووەوە بدات.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان