داگیركردنی شۆستەكان ئاستەنگی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە

09:17 - 2022-04-16
ڕاپۆرت
548 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هێمن ئەحمەد
ئەگەر سەیری چوارچێوەی بیناكاری بازاڕ و شەقامە گشتییەكانی شار بكەین دەبینین گەشەكردنێكی ناڕێك لە تەرزی بیناكاریدا بەرچاو دەكەوێت، لە هەندێ شوێندا دوكانەكان بەشێوەیەكی وا دروستكراون پانتایی شۆستەكانیان زۆر فراوانە و توانای هاتووچۆی خەڵك بە شێوەیەكی گونجاو رێكدەخات، بەڵام لە هەندێ شوێندا دوكانەكان لە شوێنی بەرتەسك دروستكراون ‌و بۆ نمایشكردنی كاڵاكانیان شۆستەكانیان داگیركردووە.
لێرەدا پارێزگا و شارەوانی و قایمقامیەت بەرپرسن لە رێكخستن و دانانی دوكان لە شوێنی گونجاو واڵاكردنی شۆستەكان بۆ هاتووچۆی خەڵكی لە نێو بازاڕدا.
نەگونجاوی نێوان شۆستەو شەقامەكان
محەمەد عەلی، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە و لەسەر داگیركردنی شۆستەی بازاڕەكان، بەتایبەتی بازاڕی ئیسكان، بۆ كوردستانی نوێ دواو وتی: ئەم بازاڕە بەشێوەیەكی گونجاو دروستكراوە و شەقامێكی فراوانی هەیە، بەڵام دوكاندارەكانی ئەم بەرو ئەو بەری شەقامەكە بەشێكی زۆری شەقامەكانیان داگیركردووە و بوونەتە رێگر لەبەردەم هاتوچۆی خەڵك و ناچاركراون لەسەر شەقامە گشتییەكە هاتوچۆ بكەن و ئاپۆرە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكان دروستبكەن، هەر بۆیە هەندێكجار كارەساتی دڵتەزێن لەم بازاڕە روودەدات یان لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا جوڵانەوەیەكی ناڕێك روودەدات.
هێزی كارەكان لاوازە
هاووڵاتی رێبین جوامێر دانیشتووی گەڕەكی ئازادی شاری كەركوكەو لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت : بە بڕوای من هەموو لایەك تاوانبارن لەو پەرتەوازییەی لە نێوان شەقام و شۆستەكاندا روودەدات، چونكە ئەو لیژنانە ناتوانن هیچ شتێك بكەن ئەگەر هاتوو دەسەڵاتێكی بەهێزیان نەبێت وەك هێزێكی سەربازی هەردەم لە چارەسەركردنی كێشەكاندا پەنایان بۆ دەبرێت بەجۆرێك وا بێت بتوانێت لە كاتی سزاداندا هیچ لایەنێك نەتوانێت دەست لە كار و بارەكانی رۆژانەی دوكاندار و لیژنەكان وەربدات.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: هەندێك لەو لیژنانەش تێوەگلاون بە خزم خزمێنە و دەمارگیری نەتەوەیی هەندێكجار لەڕووی سۆزەوە چاوپۆشی لە هەندێك بازاڕ دەكەن زیادەڕۆییان كردۆتە سەر شۆستەكان.
كەمتەرخەمی شارەوانی كەركوك
باسی لەوەشكرد، ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە شارەوانی كەركوك بەرپرسە لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، چونكە هەندێكجار قەسابەكانی ئەم بازاڕە ئاژەڵەكانیشیان لەسەر شۆستەكان سەردەبڕن و بێئەوەی ڤێترنەری كەركوك چاوی بەو ئاژەڵانە بكەوێت بۆ پشكنین.
عەلی محەمەد-یش كە دوكانی فرۆشتنی میوە و سەوزەی هەیە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: كێشەی ئێمە لە چۆنێتی درووستكردنی دوكانەكانماندایە، چونكە ئەگەر شۆستەكەی بەردەمان داگیرنەكەین، ئەوا دەکەوینە دەستەو یەخە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەیانەوێ لە بەردەم دوكانەكانمان بوەستن بەبێئەوەی گوێ بە ئێمە بدەن كە سەرقاڵی كاری بژێوی رۆژانەی خۆمانین، بۆیە شمەك لەبەردەم دوكانەكانمان دادەنێن بۆ ئەوەی دوور بكەوینەوە لەو كێشانە.
شارەوانی قسەی خۆی هەیە
لەوبارەیەوە عەدنان گەڵاڵی بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی كەركوك پێی راگەیاندین: ماوەیەك پێش ئێستا چەند لیژنەیەكمان لە شارەوانییەوە دەستنیشان كرد كە رۆژانە هەڵدەستان بە سەرپەرشتیكردنی بازاڕ و چاودێریكردنی شۆستەكان و هەروەها دانانی تابلۆی ناشایستە لەسەر دوكانەكان، ئەوانەشی ئاگادار دەكرانەوە سەرەتا ناسنامەكانیانمان لێوەردەگرتن سزا دەدران ‌و دواتر دەمانناردن بۆ قایمقامیەتی كەركوك بۆ ئەوەی كارڕایی پێویستیان لەگەڵدا بكرێت.
نەبوونی هێز لەجێبەجێكردنی بڕیارەكان
هاوڕێ زەنگەنە ئەندام لە لیژنەی زیادەڕۆیی لە قایمقامیەتی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: وەكو لیژنەی زیادەڕۆیی لە قایمقامیەتی شارەكە رۆژانە بەپێی بڕیاری 296ی زیادەڕۆیی دوكاندارێكی زۆر سزا دەدەین كە سەرپێچیان كردووە یان شۆستەكانیان بە نایاسایی داگیركردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە شارەوانی كەركوك لەگەڵ ئێمەدا یارمەتیدەر نییە و كار ئاسانیمان بۆ ناكات لەبەرئەوەی ئێمە كە یەكێك سزا دەدەین دەبێت شارەوانی جێبەجێی بكات، بۆ نموونە لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە كورنیش زیاتر لە 26 سەر مەڕمان دەستبەسەرا گرتووە، بەڵام تاكو ئێستاكە شارەوانی ئەو ئاژەڵانەی لێوەر نەگرتوین ‌و هۆكارەكەشی نادیارە.
وتیشی: لە ئێستادا لیژنەی قایمقامیەتی كەركوك كارەكانی راوەستاوە و ناتوانین هیچ كارێكی سزایی جێبەجێ بكەین، بۆیە پێویستمان بەوەیە دەسەڵاتێكی یاساییمان هەبێت و هێزی جێبەجێكار بێت. 
باسی لەوەشكرد سزادراوەكان زۆرن و رۆژانەش سزا هەیە بەتایبەتی ئەوانەش بە نایاسایی لە مانگی رەمەزاندا لەسەر شۆستەكان شت دەفرۆشن یان شتی ماوە بەسەرچوو دەهێنن و دەیانەوێت لەسەر ئەو شۆستانە بیفرۆشن و بەسەر خەڵكیدا ساغیان بكەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان