ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

10:48 - 2022-04-16
ڕاپۆرت
787 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە یان خۆیان هەڤاڵی یەکێتی بوون لەخەباتی ژێر زەمینیدا.
ناجیە سەعید کەریم
یەکێک لەو ژنە نیشتمان پەروەرانە ناجیە سەعید کەریم-ە کە لە خێزانێكی نیشتیمان پەروەرو شۆڕشگێڕدا ساڵی 1934 لەدایکبووە و خوشكی كورد پەروەرو خەباتگێڕ فائق قەسابە چیرۆکی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە ساڵی 1975 پەیوەندیم كردووە بە كۆمەڵەی رەنجەدەرانی كوردستانەوە و وەك نیشتمان پەروەر و كورد پەروەرێك بوێرانە كارم دەكرد، هەر لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێوە پەیوەندیم كرد بە كاك جەمال عەبدول و جەمال ئاغاو مەحمودی مەلا عیزەت و ئەنوەر دارتاش و ست ئەنجوم و جەمال پێنجوێنی و حەمەی مام ئەوڕەحمان و مەریوانە سوور و مەحسووم ئابڵاخی و مەحمود حاجی تۆفیق و عەلی حەمدی و حەمەی باپیر جێشانەیی، هەرچەندە زۆربەی ناوەكانیشم بیر نەماوە بە داوای لێبووردنەوە.
بەشداری سەدان چالاکی کردووە
ئەو ژنە باس لەوە دەکات کە چالاكانە و بوێرانە دەستیكردووە بە كاری رێكخستن بە نازناوی هێمن بەبێ دابڕان لەگەڵ برادەرانی رێكخستن بەشداری سەدان چالاكی كردووە، لەم شارو لەو شارو شاخەكانی كوردستان.
ناجیە دەڵێت: كاری من تەنها هێنان و بردنی نامەی نهێنی بوو كە كاك تۆفیقی دوكاندار لەناو بازاڕدا دوكانی هەبوو بە بیانوی شت كڕین دەچووم  نامەو كتێب و بەیاننامەی ئەدا پێم، دواتر منیش دەمبرد بۆ كاك عەلی حەمدی و ئەویش دەیگەیاندە دەستی برادەرانی رێكخستن  زۆرجار دەچووین بۆ گوندی مالومەو دۆڵەڕووت‌ و جێشانە چەك‌ و تەقەمەنیمان دەبرد بۆ پێشمەرگە زۆرجاریش دەچووم بۆ شاری كەركوك كە زۆر زەحمەت بوو بۆ من، بەڵام زیاتر لە شاری سلێمانی كارم دەكرد. 
پێداویستی پزیشکی بۆ بردوون
ناجیە سەعید باس لەوەدەکات رۆحی شادبێت هەڤاڵ مام جەلال لەكوێ بوایە ئەوانیش لەوێ دەبوون و خۆراك ‌و كەلوپەل ‌و پێداویستی پزیشكی بردووە بۆیان، هەروەها لەوێ چێشتی بۆ لێناون و نانی داوە پێیان دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، ئەو ژنە شۆڕشگێڕە لە درێژەی بەسەرهاتەکەیدا دەڵێت: ئابوونەم كۆدەكردەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەوەبوو ئیخباری كراین ‌و لەلایەن ئەمنەوە ماڵمان دەستی بەسەردا گیرا، ئیتر من ‌و براكەم ‌و خوشكەكەم‌ و دوو كوڕەكەم چووین بۆ تەوێڵە لەوێ گوزەراندمان تا ماوەیەكی زۆر لەوێ ماینەوە، دواتر لە رێگەی كاك جەمیل شەكیب ماڵەكەمان وەرگرتەوە، بەڵام خۆمان چووین بۆ یاخسەمەر ماوەیەك لەوێ ماینەوە ئینجا گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە، هەرکاتێ ئەمن دەهاتن بۆ ماڵمان ناو سەلاجەو موجەمیدەكەش دەگەڕان بۆ چەك و تەقەمەنی و نامەی پێشمەرگە، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچیان نەدەدۆزیەوە، بەڵام بە بەردەوامی چاودێرییان دەكرین.
دواجار ناجیە سەعید وتی: نەهامەتی زۆرمان بینی،  دەربەدەریی و نەبوونی و هەژاری، ژیانێكی زۆر تاڵ و كارەسات باریمان بردەسەر، ئێمە بەوجۆرە خەباتمان دەكرد لە پێناو ئازادكردنی كورد و خاكی كوردستان بۆ ئەوەی بگەین بە مافەكان و دەمانگوت دەبێت لە ناڕەحەتییەكان رزگارمان بێت. 

ناجیە سەعید

بابەتە پەیوەندیدارەکان