*هوریا گاربیا، نووسه‌رێكی رۆمانییه، 1962 له بوخارست له دایكبووه، مامۆستای زانكۆیه، كتێبی زۆری نووسیوه و دوای 1989 بڵاویكردۆته‌وه، كۆمه‌ڵی كتێبیشی ته‌رجه‌مه‌كردووه بۆ زمانی رۆمانی.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. پاشان له شه‌ڕدا كوژرا، دراوسێكان كه پێیانزانی به چاوی به‌زه‌ییه‌وه سه‌یری ئێمه، یانی من و دایكمیان كرد. پاشان زانیان باوكم نه‌مردووه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ژنێكی مێرداری ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ستی تێكه‌ڵ كردووه و ژنه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه. بۆیه قه‌ت ئاماده‌نه‌بوو بگه‌ڕێته‌وه. دواتر دراوسێكان به‌شێوه‌یه‌ك سه‌یری من و دایكمیان ده‌كرد كه ده‌تگوت ئێمه خائینین. هه‌رچه‌نده گوناهی ئێمه نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ش وا هه‌ستمان ده‌كرد خائینین. شه‌رمه‌زارین. پاش ماوه‌یه‌ك ئاشكرا بوو باوكم له شه‌ڕێكی قاره‌مانانه‌دا كوژراوه. ته‌نانه‌ت میدال و نامه‌ی رێزلێنانیشیان بۆ ناردین. له‌و رۆژه به‌دواوه دراوسێكان به چاوی نه‌فره‌ته‌وه سه‌یریان ده‌كردین. مه‌سه‌له‌كه ئه‌مڕۆش هه‌روایه.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ، كاتێ شه‌ڕ ته‌واو بوو، باوكی مناڵه‌كانی تر گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه. له به‌ره‌ی شه‌ڕ و له ئۆردوگای دیله‌كانه‌وه، شتی جیاجیایان بۆ مناڵه‌كانیان هێنا، مناڵه‌كان به‌و شتانه یارییان ده‌كرد. كڵاوخوده، قوتووی ته‌نه‌كه، نیشانه‌ی سه‌ربازیی، كه‌له‌پچه، تفه‌نگی نارنجۆك ئه‌نداز، قوتووی ستیلی جگه‌ره، باوكم دوای ماوه‌یه‌كی زۆر هاته‌وه بۆ ماڵه‌وه. له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ندێ شتی هێنابوو، دای به من، بۆ ئه‌وه‌ی یارییان پێبكه‌م. ده‌سكێكی باوه‌شێن و دوو فنجانی بچووكی چاخواردنه‌وه بوون. ئه‌وه‌نده بچووك بوون كه واتده‌زانی یاریی مناڵانن، دوو چیلكه‌ش كه فێری كردم چۆن برنجیان پێ بخۆم. قه‌ت له‌وه دڵنیا نه‌بووم باوكم به‌ڕاستی له شه‌ڕدا به‌شداری كردووه.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. پیاوێكی شه‌رمن و بێده‌سه‌ڵات بوو، حه‌زی له مۆسیقا بوو. ده‌مزانی زۆر به‌رده‌وام نابێت. خۆشی ده‌یزانی. هه‌رواش بوو. پاش چه‌ند رۆژێك ڤێتنامییه‌كان به دیل گرتیان. گه‌مه‌ی رۆلێتی روسییان له‌گه‌ڵ كرد. باوكم پیاوێكی به‌دبه‌خت بوو. دووه‌م خولانه‌وه یان سێیه‌م خولانه‌وه گولله‌ی تیا‌بوو، به‌رامبه‌ر ته‌قه‌ی كرد و گولله‌كه به‌ر سه‌ری باوكم كه‌وت و تیغی كرد. كاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕایه‌وه، شوێنی گولله‌كه‌ی نیشاندام.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. بیستم به‌دیل گیراوه. ساڵانێكی زۆر تێپه‌ڕی. رۆژێك پیاوێكی غه‌واره هاته به‌رده‌رگا. گوایە له‌گه‌ڵ باوكمدا له ئۆردوگایه‌ك دیل بووه. هه‌تا كۆتایی پێكه‌وه بوون. ئێمه هیچمان له‌باره‌ی ئه‌م پیاوه‌وه نه‌ده‌زانی. ئه‌و هه‌موو شتێكی له‌باره‌ی ئێمه‌وه ده‌زانی. سه‌باره‌ت به من و دایكم. هه‌موو شتێك! باوكم پێش مردنی هه‌موو شتێكی پێ گوتبوو. سه‌دان جار. لامان مایه‌وه. له‌گه‌ڵ دایكم زه‌ماوه‌ندی كرد و بوو به باوكم. قورس نه‌بوو. ته‌نانه‌ت شوێنی ئه‌و شتانه‌شی ده‌زانی كه ونمان كردبوون. ده‌یگوت باوكم هه‌موو شتێكی بۆ باسكردووه، تا ئه‌و راده‌یه‌ی به زانینی ئه‌و شتانه ته‌سه‌ور ناكات بتوانێت بێ ئێمه بژی.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. پاش ماوه‌یه‌ك نامه‌ی بۆ ناردین. دۆخی باش بوو. درێژه‌ی به شه‌ڕ ده‌دا، نه‌یده‌توانی ناونیشانی پۆسته‌كه‌یمان پێ بڵێت تا وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه. به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌گۆڕا. نه‌ده‌بوو نیگه‌ران بین. هه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بوایه نامه‌ی بۆ ده‌ناردین. ته‌نیا ئیشی ئه‌وه بوو، شه‌ڕ ته‌واو بوو. باوكی مناڵه‌كانی تر گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه. باوكم نه‌هاته‌وه. به‌رده‌وام پۆستكارتی بۆ ده‌ناردین و ده‌یگوت حاڵی باشه و درێژه به چالاكی ده‌دات. ئه‌دره‌سیشی نه‌ده‌دا وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه. من گه‌وره بووم. ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئه‌وه دایكم مرد. ئاشتی به‌رقه‌رار بوو. دوێنێ پۆستكارتێ له باوكمه‌وه هات.خۆشحاڵ بووم كه سه‌لامه‌ته، ته‌نیا مابۆوه به‌و ته‌مه‌نه‌وه خه‌ریكی چ به‌ربه‌ره‌كانێیه‌كه.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. پێم سه‌یر بوو، چونكه وڵات له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا له شه‌ڕدا نه‌بوو. رۆژێك دایكم داوه‌تنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌رگرت. ئوتومبێلێكی گه‌وره‌ی ره‌ش هاته به‌ر ده‌رگاكه‌مان و ئێمه‌ی برد بۆ پاركێك كه ژیله‌مۆیه‌كی تیا داگیرسابوو. سه‌رۆك قسه‌ی كرد. پاشان ده‌ستی خسته‌سه‌ر شانی من و وتی باوكت سه‌ربازێكی ئازابوو، له‌پێناوی ئازادی هه‌ساره‌كه‌ماندا شه‌هید بوو. راست بوو. ده‌زانیت ناكرێت زه‌وی داگیر بكرێت.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. دوژمن به دیل گرتی. داوایان لێ‌كرد تۆبه بكات و بچێته سه‌ر دینی ئه‌وان. هه‌ندێك له دیله‌كان ئاینی خۆیان گۆڕی و له سوپای دوژمن‌دا ناوی خۆیان نووسی. ئه‌وانه‌ی ئاینی خۆیان نه‌گۆڕی یه‌كسه‌ر گولله‌باران كران. مێژووش هه‌مان شت ده‌ڵێت. باوكم رێی مامناوه‌ندی گرت. وتی ده‌بێت له‌باره‌ی ئاینی ئه‌وانه‌وه لێكۆڵینه‌وه بكات و زیاتر فێربێت ئه‌گه‌ر باشتر بوو ده‌چێته سه‌ر دینی ئه‌وان، ئه‌گه‌ر نا ئاماده‌یه له‌پێناوی ئاینه‌كه‌ی خۆیدا گیانی ببه‌خشێت. فه‌رمانده‌ی ئۆردوگاكه په‌سه‌ندی كرد. كۆمه‌ڵێ كتێبی دا به باوكم. داوای له قه‌شه‌ی سه‌ربازگه‌كه كرد ده‌رسی پێ بڵێته‌وه، ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره قورسانه‌ی ده‌شیكات گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكات. زوو زوو قه‌شه پرسیاری لێده‌كات چ بڕیارێكی داوه. باوكم ده‌ڵێت هێشتا نه‌گه‌یشۆته مریشكه‌ڕه‌شه. ده‌یه‌ویست زیاتر بخوێنێته‌وه. شه‌ڕ ته‌واو بوو. باوكم دوای چه‌ند رۆژێك هاته‌وه. پاشان چوو بۆ وڵاتی دوژمن بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی بدات. كتێبی زۆری سه‌باره‌ت به پراكتیكی دین و مێژوو و فه‌لسه‌فه نووسی. بوو به ئه‌ندامی چه‌ندان ئه‌كادیمی. له‌و وته‌یه‌دا كه به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵه‌وه پێشكه‌شی كرد وتی هێشتا بڕیارم نه‌داوه كام دین باشتره یان له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی ئه‌ودا ده‌گونجێت. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ كاتێك قسه له‌سه‌ر دینه نابێت به‌په‌له بڕیار بده‌ین.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه هاته‌وه بۆ ماڵه‌وه. پێی وتین شه‌ڕ ته‌واو بووه. هه‌رچه‌نده مناڵ بووین به‌ڵام ده‌مانزانی قسه‌ی قۆڕه. هه‌موان ده‌یانزانی شه‌ڕ به‌رده‌وامه. پێم وت وه‌ڵامی دامه‌وه شه‌ڕ له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه ته‌واو بووه. هه‌ندێك لێی كه‌وتنه گومانه‌وه. گومانیان كرد سه‌ربازی هه‌ڵاتوو بێت. ناچار بوو به‌ڵگه بخاته‌ڕوو كه به‌ڕه‌سمی مۆڵه‌تیان داوه‌تێ. جارێكیان لێم پرسی ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی شه‌ڕ ته‌واو بووه كێ براوه‌یه؟ پاش ماوه‌یه‌ك وتی ئێمه. له‌ڕاستیدا پاش ماوه‌یه‌ك شه‌ڕ ته‌واو بوو ئێمه براوه بووین. ئه‌م چیرۆكه چه‌ندان جار دووباره بۆوه. هه‌ر كه شه‌ڕ ده‌ستیپێده‌كرد، باوكم چه‌ند رۆژێك ده‌ڕۆیشت و سه‌ره‌نجام ده‌گه‌ڕایه‌وه و به ئاسووده‌ییه‌وه پشووی ده‌دا و ده‌یوت ته‌واو بوو. كێ بردیه‌وه؟ ئێمه. باوكم له كاتی ئاشتیدا مرد. پاشان له‌وه حاڵی بووم هه‌ندێك كه‌س هه‌ن له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا چاره‌نووسی شه‌ڕ روون ده‌كه‌نه‌وه.
*باوكم چوو بۆ شه‌ڕ. جه‌نگاوه‌رێكی پڕۆفیشناڵ بوو، شه‌ڕڤانێكی گه‌وره بوو. شاره‌زایی له هه‌موو چه‌كێكدا هه‌بوو. له گورز و خه‌نجه‌ر و شمشێری ده‌مپانه‌وه بگره هه‌تا سه‌ره‌نێزه و ته‌ورزین، به‌هه‌ر هه‌موویان شه‌ڕی ده‌كرد. دراوسێكانیشمان جه‌نگاوه‌ر بوون. ده‌یانزانی ئه‌گه‌ر بچنه پاڵ سوپای دوژمن باوكم چاوپۆشی له تاوانه‌كه‌یان ناكات. ته‌واو روون و ئاشكرا بوو. ئه‌وان شه‌ڕكه‌ر بوون و مناڵه‌كانی تریش ده‌یانزانی. بۆیه ته‌سلیمیان ده‌كردم و پێكه‌وه یارییمان ده‌كرد و چێژمان لێ ده‌بینی. به‌ڵام دایكیان پێی خۆش نه‌بوو، هه‌رچه‌نده باوكم مێردی هیچیانی نه‌كوشتبوو. رۆژێك دایكی یه‌كێك له مناڵه‌كان منی ده‌ركرد و نقورچێكی قایمی لێگرتم. به ده‌نگی به‌رز هاوارم كرد باوكم مێرده‌كه‌ت ده‌كوژێت. هه‌موان گوێیان لێ‌بوو چیم وت. باوكم له شه‌ڕ بوو. رۆژی سێیه‌م مێردی ئه‌و ژنه یه‌خه‌ی باوكمی گرت. باوكم فه‌رمانده‌ی فه‌وجه‌كه‌ی ئه‌و بوو. كاتێ بینی له خۆیه‌وه قسه‌ی ناشیرینی پێده‌ڵێت، گورزه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و سه‌ری پان كرده‌وه. دۆخه‌كه له‌و رۆژه‌وه به‌رده‌وام بوو. باوكم تووڕه و تڕ‌ۆ بوو، من به رێی ئه‌ودا نه‌ڕۆیشتم. باوكم پێی ناخۆش بوو كه من نه‌چوومه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و هێشتا شانازیی به منه‌وه ده‌كات. ئه‌و جه‌نگاوه‌رێكی گه‌وره‌یه و من جادووگه‌رێكی به‌ناوبانگم.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
و/ بۆ فارسی/ اسدالله امرایی
سه‌رچاوه: از زبان دیگران