سەرۆكی تیمی پارێزەران: بڕ‌یارەكانی سەرۆكی یەكێتی یاسایین

09:41 - 2023-02-22
کوردستان
394 جار خوێندراوەتەوە

بڕ‌یاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە بەرژەوەندیی سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شكایەوە و سەرجەم بڕ‌یار و رێكارەكانی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتی و هەمواركردنەوەی پەیڕ‌ەو و دەركردنی لاهور جەنگی لە یەكێتی یاسایی بوون و بواری تانەلێدانیش نەما.
پاڤێڵ حەكیم سەرۆكی تیمی پارێزەرانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «ئەمڕۆ 21/2/2023 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بڕ‌یاری كۆتایی و یەكلاكەرەوەی لەبارەی سكاڵای لاهور جەنگی داو لە بەرژەوەندیی ئەو نەشكایەوە و سەرجەم بڕ‌یارەكانی یەكێتی و سەرۆك بافڵ بەیاسایی دانا». وتیشی: بڕ‌یارەكەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لەبارەی ئەو كەیسەوە كۆتاییە و بەهیچ جۆرێك بواری تانەلێدانی نییە لە هیچ دادگایەكی عیراق بە دادگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە».
پاڤێڵ حەكیم، دەڵێت: «بەپێی بڕ‌یارەكە هەموو ئەو گۆڕ‌انكارییانەی لە یەكێتیدا كراون یاسایین بەتایبەت هەڵبژاردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی، هەمواری پەیڕ‌ەوی ناوخۆ، دەركردنی لاهور جەنگی بورهان لە یەكێتی و دانانی هەندێك ئەندامی سەركردایەتی بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی» كە تانەی لێدرابوو.
پاڤێڵ حەكیم سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتیشی: «لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری-دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانەوە بڕ‌یاری كۆتایی لەبارەی سكاڵایەكی پێشووی لاهور جەنگی لە بەرژەوەندیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتی و گۆڕ‌انكارییەكانی نێوخۆی یەكێتی دەرچوو».
سەبارەت بە نووسراوەكەی دادگای ئاسایشی هەولێر، رایدەگەیەنێت: «ئەو جۆرە داوایانە لە تایبەتمەندیی دادگای ئاسایشی هەولێر نییە و وەك تیمی پارێزەرانیش بە رەسمی هیچمان پێنەگەیشتووە، بەڵام وەك رێزگرتن لە سەروەریی و سەربەخۆیی دادگاكان، قسەی خۆمان دەبێت».
ئەو بڕ‌یارەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، لەبارەی سكاڵایەكی لاهور جەنگییە كە لە دادگای كەرخ لە بەغدا لەسەر سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماریكردبوو، سكاڵاكە بەپێی تایبەتمەندیی شوێنی، رەوانەی دادگای سلێمانی كرایەوە و لەوێ بڕ‌یاری یەكلاییكەرەوەی لەبارەوە دەرچوو و بڕ‌یارەكەش لە بەرژەوەندیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەكێتی، كۆتاییهات.
ئەنجومەنی كۆمسیاران بە بڕ‌یاری ژمارە 3 لە رۆژی 20/1/2023، بڕ‌یاریدا بە رەتكردنەوەی سكاڵای لاهور جەنگی، ئاماژەی بەوەدا كە گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی بڕ‌یاری «دروست و یاسایی بوون و بەپێی پەیڕ‌ەوی ناوخۆیی حزبەكە ئەنجامدراون و دادگای بەرایی سلێمانیش ئەو بابەتەی یەكلاكردووەتەوە».

PUKMEDIA

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان