ره‌وه‌ز جه‌بار
ئه‌م رۆمانه چیرۆكی ژیانی گونده، هاوشێوه‌ی حه‌مه‌دۆكی یه‌شار كه‌مال چیرۆكی ئاغا و ره‌عیه‌ته له ئێرانی زه‌مه‌نی شادا. رووداوه‌كان به‌گشتی له گوند رووده‌ده‌ن و چیرۆكی ئاغایه‌كی سته‌مكاره كه چۆن خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌داری گوند ده‌چه‌وسێنێته‌وه. هه‌مزه به‌گ پیاوێكی خوێنمژ و غه‌دار و فێڵبازه، به پشتیوانی ده‌وڵه‌ت خه‌ڵكی ده‌چه‌وسێنێته‌وه و ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵك و مووچه و مه‌زرای گوندییه‌كان گرتووه. چیرۆكی رۆمانه‌كه له‌و شوێنه‌وه كه باسی حه‌مه‌ی شوان و كه‌وێ ده‌كات كه كوڕ و كچێكی گونده‌كه‌ن و عاشقی یه‌كن، له به‌ختی ئه‌وان عه‌تا به‌گ كوڕی هه‌مزه‌به‌گ عاشقی كه‌وێ بووه و ده‌یه‌وێت به زۆری داگیری بكات. لێره‌وه چیرۆكی رۆمانه‌كه ده‌چێته دنیای ئه‌و عه‌شقه‌وه و ململانێی عه‌تا و حه‌مه له‌سه‌ر كه‌وێ ده‌بێته هۆی شه‌ڕی ئه‌و دوانه و حه‌مه دوای ئارام گرتنێكی زۆر ئیتر له توانایدا نامێنێ به‌رگه‌ی ئه‌و سته‌مه بگرێ و به‌ڕووی كوڕی ئاغادا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. له ئاكامدا حه‌مه عه‌تا له پیاوه‌تی ده‌خات. ئه‌گه‌رچی هه‌مزه‌به‌گ به‌زۆره‌ملێ كه‌وێ بۆ عه‌تا ده‌خوازێت، به‌ڵام عه‌تا ئیتر له پیاوه‌تی كه‌وتووه. لێره‌وه عه‌تا وه‌ك كوڕه ئاغایه‌ك هه‌ستی مرۆڤ بوونی تێدا ده‌گه‌ڕێ و بڕیار ده‌دات كه‌وێ بگێڕێته‌وه بۆ عاشقه‌كه‌ی خۆی بۆ حه‌مه‌ی شوان و بۆ خۆشی له سیستمی ئاغاوات هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌چێته پاڵ یاخیبووه‌كان كه تایه‌ر پێشڕه‌ویان ده‌كات. كه‌وێ و حه‌مه‌ش به‌یه‌ك ده‌گه‌ن. ته‌واویی رۆمانه‌كه باس له ئاغا و ره‌عیه‌ت و یاخیبووه‌كان ده‌كات كه تایر سه‌ركرده‌یانه. له سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه ململانێ و شه‌ڕ و ناكۆكی فه‌زای رۆمانه‌كه‌ی داگیركردووه و گێڕانه‌وه له سه‌ره‌تا تا كۆتایی باسی ئه‌و ململانێیه.
زمانی رۆمانه‌كه
ئه‌م رۆمانه له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئه‌و زمانه‌ی ده‌بێ بخوێنرێته‌وه، كوردییه‌كی ئه‌وه‌نده جوان و نازداره ئه‌وه‌نده خۆشه خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی نه‌ك وه‌ڕس نابێ، تێر نابێ و حه‌ز ده‌كه‌یت زیاتر تێیدا بمێنیته‌وه. كوردییه‌كی جوان و پڕ له وشه‌ی ره‌سه‌ن و جوانی كوردی. هه‌زار ئه‌شكه‌وت رۆمانێكی نووسه‌ر عومه‌ر مه‌ولوودییه و وه‌شانخانه‌ی مادیار له دووتوێی 943 لاپه‌ڕه‌دا چاپی كردووه.