سارا محه‌مه‌د عه‌لی
پێشه‌كی:
له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه پان و به‌رینه ده‌ژی، هه‌میشه له هه‌وڵ و كۆششی بێوچاندایه بۆ دابینكردنی كه‌ره‌سته و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانی بۆ بنیادنانی جیهانێكی نوێ و شارستانییه‌تێكی ژیاری پێشكه‌وتوو. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك بونیادێكی سروشتی خۆی ئامانجی به‌دیهێنانی و خه‌ون ئاوات و ویسته خودییه‌كانی خۆی بووه. به‌ڵام ئه‌مه‌ش كارێكی ساده و ساكار نه‌بووه، تاوه‌كو بتوانێ به‌كاتێكی كورتخایه‌ن و ئاسان به‌ده‌ستیان بخات. به‌ڵكو پێوستی به قوربانیدان هه‌یه، به چه‌ندین ئه‌ڵقه‌ی جیا جیاوه ده‌به‌سترێته‌وه و كاریگه‌رییه‌كه‌شی زۆر به‌زه‌قی به‌سه‌ر ژیانی نێو كۆمه‌ڵگاوه ده‌رده‌كه‌وێت. هێزی سروشت رۆڵێكی گرنگ و به‌رچاوی گێڕاوه له زه‌مینه‌سازیدا بۆ دروستبوونی رووده‌وه‌كان. هه‌ربۆیه له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا چه‌ندین ئه‌فسانه و داستانی مێژووی كۆن هه‌یه كه كراون به رۆمان یاخود جه‌نگ و قه‌یرانی گه‌وره هه‌یه له نێو وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كاندا روویانداوه و دواتر رۆماننووسه‌كان كردوویانه به رۆمان. یاخود رۆماننووسه‌كان مێژووی ژیانی پاڵه‌وان و ده‌ستكه‌وته‌كانیان به‌شێوه‌ی رۆمان نووسیوه‌ته‌وه.
سه‌رهه‌ڵدانی رۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتاییه‌كانی 1700 كان، به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی چینی ناوه‌ند و بوونی كاتی زیاتر بۆ خوێندنه‌وه و پاره بۆ كڕینی كتێب. رۆمانه فه‌ره‌نسییه‌كان به بنه‌چه و باوانی رۆمان داده‌نرێن، ئه‌وانیش بریتی بوون له گێڕانه‌وه‌ی دوورودرێژی ژیانی كه‌سایه‌تییه هاوچه‌رخه‌كان كه قاره‌مانی و مه‌زنایه‌تیان ده‌نواند.
نووسینه‌وه‌ی مێژوو له چوارچێوه‌ی رۆمان‌دا
مێژوو بریتییه له نووسینه‌وه‌ی هه‌موو دۆزراوه‌كانی گه‌ردوون و پێكهاته‌كانی نێوی به‌زیندوو و مردووه‌وه به‌گیاندار و بێگیانه‌وه. به‌تایبه‌تی بریتییه له ئه‌زموونه‌كانی مرۆڤ له سه‌ركه‌وتنی له‌لایه‌ك و شكسته‌كانی له‌لایه‌كانی دیكه‌وه. به‌و پێیه‌ش هه‌میشه لایه‌نی براوه ئه‌و مێژووه‌ی نووسیوه‌ته‌وه، بۆیه هه‌میشه گومان له راستیی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی ناو مێژوو كراوه. چونكه هه‌میشه براوه‌كان شه‌رعیه‌تیان به‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیان داوه. هاوسه‌نگی و دادپه‌روه‌ری له نووسینه‌وه‌ی مێژوو زۆر كه‌مه. به‌و پێیه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی چینی سه‌رده‌ست و نه‌یار ده‌ینووسنه‌وه پڕێتی له‌چه‌واشه‌كردن و خۆ به‌پاڵه‌وان زانین له به‌رامبه‌ردا نادیاری به دز و جه‌رده و تاوانبار له قه‌ڵه‌مداوه. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و مێژووه‌ی چینی ژێرده‌ست و دۆسته‌كان ده‌ینووسنه‌وه ئاماژه به‌دیوێكی پێچه‌وانه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی نه‌یاره‌كانیان ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها باسكردنی رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وان و خیانه‌ت و فێڵكردن و ئه‌و كاره‌ساته مرۆییانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان روویداوه. هه‌ربۆیه هه‌ردوولا نووسینه‌وه‌ی مێژووی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان فه‌رامۆش كردووه. یاخود خۆیان پاراستووه له نووسینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی رووداوه بچووكه‌كان، چونكه هه‌میشه ده‌رئه‌نجام و كۆتایی رووداوه‌كان به‌لایانه‌وه گرنگ و جێی بایه‌خ بووه. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه به‌رده‌وام سه‌دان چیرۆكی گرنگی ناو ئه‌و رووداوانه ونبوون و به‌نادیاری ماوه‌نه‌ته‌وه.
نووسینه‌وه‌ی مێژوو له‌ناو رۆمانه‌كاندا
هه‌ربۆیه جیا له مێژوونووسان ئه‌دیبان رۆحێكی نوێیان به‌مێژوو به‌خشی. له داهێنانێكی دیكه‌دا ئه‌ویش بریتی بوو له رۆمانی مێژوویی به شێوه‌یه‌ك كه مێژوونووسان نایبینن و فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن، رۆماننووسان ته‌ركیزی زیاتر بخه‌نه سه‌ری و دووباره له مردن و فه‌وتان رزگاری بكه‌ن. هه‌روه‌ك میلان كۆندێرا ده‌ڵێت: "نووسینه‌وه‌ی مێژوو له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یواندی له‌گه‌ڵ خودی مێژووی كۆمه‌ڵگا هه‌یه نه‌ك مێژووی مرۆڤ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و پێشهاته مێژووییانه‌ی له رۆمانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون زۆر جار له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه نابینرێن "هه‌ربۆیه نووسینه‌وه‌ی مێژوو له‌ناو رۆمانه‌كاندا خزمه‌تێكی یه‌كجار زۆری به‌مێژوونووسانی سه‌رده‌مه‌كانی دواتر كردووه و توانیویانه سوودێكی باشی لێوه‌رگرن و بتوانن تا راده‌یه‌ك یارمه‌تیده‌ریان بێت بۆ زانینی ئه‌و سه‌رده‌مه و قۆناغ و مێژووی رووداوه‌كان له رابردوودا. چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ندێك له رۆمانه‌كان باس له رووداوی مێژوویی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌كه‌ن، كه بووه‌ته بزوێنه‌ری چه‌ندین بارودۆخ و هه‌روه‌ها كاریگه‌ریشی هه‌بووه بۆ سه‌رده‌مه‌كه. هه‌ربۆیه گومانی تیادا نییه نووسینی ئه‌ده‌بی رۆمان بۆ مێژوو گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ بایه‌خه. چونكه جیهانی رۆمان ئه‌وه‌نده قووڵه، پێوستی به‌شاره‌زاییه‌كی به‌رفراوان هه‌یه به‌تایبه‌تی لایه‌نی مێژوویی، چونكه رۆماننووس له‌مه‌یدانی ئه‌و مێژووه پارچه پارچه‌كراوه‌نه‌دا زۆر به لێهاتوویی ده‌توانێ رۆڵی مێژوونووسی دووه‌م ببینێت و به‌خه‌یاڵی به‌رفراوانی ئه‌ده‌بی سنووره چه‌قبه‌ستووه‌كان و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌كه تێپه‌ڕێنێت و مێژوویه‌كی تازه بۆ نه‌وه‌ی نوێ بنووسێته‌وه. له‌و جێگه‌یه‌ی كاری مێژوونووس ته‌واو ده‌بێ ئه‌ركی رۆماننووس ده‌ستپێده‌كات. زۆرجار رۆماننووس ره‌نگه قۆناغێك زیندوو بكاته‌وه له‌مێژوودا كه باسی لێوه نه‌كرابێت یان فه‌رامۆش كرابێت له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه. یاخود رۆماننووس كار له‌سه‌ر دروستكردن و زیندووكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌كات له دیرۆكدا هه‌بووه و له‌بیركراوه، یان ده‌بوو هه‌بوایه و واقیع نه‌یهێشتووه دروست بێت. رۆمان به‌گشتی و رۆمانی مێژوویی به‌تایبه‌تی هه‌ر ته‌نیا كاریان ئه‌وه نییه رووداوه‌كانی مێژوو له‌به‌رگی خه‌یاڵ هه‌ڵكێشن و لقوپۆپیان هه‌ڵپاچن، به‌ڵكو ده‌بێت به‌وردی لێكیان بده‌نه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه بینووسن. سه‌رهه‌ڵدان و ئاشنابوونی رۆمان و مێژوو به‌یه‌كدی مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه و وابه‌سته‌ی چه‌ندین قۆناغ و گۆڕانكاری هه‌مه‌جۆره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركات رۆماننووسێك ویستی پیشاندانی مێژووی هه‌بێ له‌دوو توێی رۆمانێكدا بینووسێ تاكو بتوانێ كه‌ره‌سته‌ی چاك و مه‌رجی گونجاوی بۆ به‌ده‌ستبخات. رۆماننووس ده‌توانێ ته‌واوی ئه‌مانه به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی دابڕێژێته‌وه و گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاواز له پێشوو بخاته سه‌ر مێژوو له‌شێوه‌ی رۆمانێكی مێژوویی‌دا. ئه‌گه‌ر له مێژوودا ته‌نیا سه‌ركه‌وتن و ئازایه‌تی نووسرابێته‌وه ئه‌وه رۆمانی مێژوویی شكست و نسكۆكان زه‌ق ده‌كاته‌وه ئه‌وه ده‌ینووسێ، هه‌روه‌ها نه‌نگی و واقیعه كه‌شف نه‌كراوه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.
رووداوه مێژووییه‌كانیان له‌نێو قاڵبێكی ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ندا
رۆمانی مێژوویی له‌دیوی یه‌كه‌مه‌وه رووداوه‌كان هه‌ڵناسه‌نگێنێ، به‌ڵكو دیوی دووه‌م ده‌بێته چه‌قی ته‌شه‌نه‌كردنی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی وه‌ك پرسیاری بێوه‌ڵام و مه‌ته‌ڵی ئاڵۆز ماونه‌ته‌وه. به‌ڵێ، مێژوو باس له‌سه‌ركه‌وتن و ده‌ركه‌وتنی سه‌ركرده و داروده‌سته‌كانیان ده‌كات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی له رێگه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌واندا قوربانییان داوه و ره‌نجیان كێشاوه له‌بیر ده‌كرێن و ناویان له‌لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا نایه‌ت و په‌راوێز ده‌خرێن. رۆمانی مێژوویی له‌چوارچێوه‌ی خه‌یاڵی ئه‌ده‌بیدایه بۆیه رۆمانی راسته‌قینه خۆی له‌خۆیدا نه‌ك مێژووه، به‌ڵكو دروستكه‌ری رووداوه‌كانی مێژووه. له‌به‌رئه‌وه نووسه‌ره به‌توانا و لێهاتووه‌كانی رۆمان به‌سه‌رهات و رووداوه مێژووییه‌كانیان له‌نێو قاڵبێكی ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ندا داڕشتووه. گه‌رچی زۆرێك له‌مێژووی سه‌ده‌كانی رابردوو و ئێستامان له‌سه‌ر شێوه‌ی رۆمان نووسراون و له‌ژێر ناونیشانی رۆماندان. رۆماننووس مێژوویه‌كی وه‌ها بۆ كه‌س و رووداوه په‌راوێزخراوه‌كان دروست ده‌كات زۆر له‌هی پاشا و كاربه‌ده‌ستان جوانتر و له‌بارتر بێت، هه‌ر له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه چه‌ندین نهێنی و نه‌گوتراوی مێژوو ده‌دركێنێت. ده‌بێ ئه‌و هه‌قیقه‌ته باش بزانین زۆرجار رۆمانی مێژوویی له مێژووی نووسراوی سه‌دان ساڵ راسته‌قینه‌تره ئه‌مه‌ش چونكه رۆماننووس بۆ گێڕانه‌وه‌ی رابردوویه‌كی دروست به دوای به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆنی مێژوودا ده‌گه‌ڕێت ره‌نگه كه‌ره‌سته‌یه‌كی هێنده باشی ده‌ست ده‌كه‌وێت كه به‌شێكی نووسینه‌وه‌ی مێژوو له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه. رۆمانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دینامیكی به‌رجه‌سته‌كراو رووداوه‌كان ده‌هێننه‌وه به‌رده‌م خوێنه‌ر به ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و ده‌روونییه‌كانه‌وه. ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌ی راستگۆیی رۆماننووسه‌كان قسه‌یه‌كی تر هه‌ڵده‌گرێ. هه‌ندێك پێوایه مێژوونووس راستگۆتره له‌گێرانه‌وه‌دا وه‌ك له رۆماننووس؟ چونكه رۆماننووس رووبه‌رێكی فراوان ده‌داته ده‌ست خه‌یاڵ ره‌نگه له‌جێگه‌یه‌كدا راستگۆیی پێشێل بكات له‌و باره‌یه‌وه (واسینی ئه‌لئه‌عره‌جی) رۆماننووسی جه‌زائیری ده‌ڵێ: "خه‌یاڵ لای رۆماننووس پیرۆزه و راستی بواری پێشێلكردنه، پێچه‌وانه‌كه‌شی بۆ مێژوونووس راسته." رۆمانی مێژوویی به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خزمه‌تی بواری ئه‌ده‌بی ده‌كات هێنده‌ش خزمه‌تی مێژوو ده‌كات و ده‌یبووژێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌گۆشه‌نیگایه‌كی دیكه‌وه له رۆمان بڕوانین مێژووی رووداو و بارودۆخی نه‌ته‌وه و گه‌لێك یاخود وڵاتێك به‌زیندوویی و نه‌مری ده‌هێڵێته‌وه بۆ چه‌ندین سه‌ده. له‌و رووه‌وه چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌خینه‌ڕوو. یه‌كێك له‌و رۆمانانه جیا له گۆشه‌نیگای جیهانی رۆمان ده‌توانین مێژووی تیادا بخوێنینه‌وه بریتیه له رۆمانێكی ئه‌مریكی به‌ناوی ( له‌گه‌ڵ بادا رۆیشت) كه له‌لایه‌ن مارگرێت میچێله‌وه نووسراوه. دوای ئه‌وه‌ی تووشی رووداوێكی هاتوچۆبووه. ئیدی له‌و كاته‌وه ده‌ستده‌كات به‌نووسینی شاكارێكی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر شێوه‌ی رۆمان، تیادا باس له‌بارودۆخی ئه‌مریكا ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته له‌ساڵی 1776سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت و رزگاری بوو له‌ژێرده‌سته‌یی به‌ریتانیا. مارگرێت میچێل زۆر به دوورودرێژی له رۆمانه‌كیدا باس له‌بارودۆخی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مریكییه‌كان كردووه. هه‌روه‌ها دواتر شه‌ڕی ناوخۆ به‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌گرێت و تووشی شه‌ڕوماڵوێرانی و دزی و جه‌رده‌یی ده‌بن و دانیشتوانی ئه‌مریكا رووبه‌ڕووی كوشتنی بێ‌تاوان بوونه‌وه. جگه له‌وه‌ی برسێتی و پابه‌ند نه‌بوون به‌یاساو سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ده‌یان بابه‌تی دیكه بوونه‌ته مۆركی تایبه‌تی رۆمانه‌كه‌ی مارگرێت. یه‌كێكی دیكه له‌و رۆمانانه بریتیه له رۆمانی سروشتگه‌رایی (كۆلیته‌كه‌ی مام تــۆم) له‌لایه‌ن هاریت بــیچێر ســـتۆوه له ساڵی 1852 نووسراوه ده‌رباره‌ی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌مریكایه. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه رۆمانێكی دیكه باس له رووداوی مێژووی ده‌كه‌ن و ده‌چێته خانه‌ی خوێنه‌وه‌ی مێژوو له چوارچێوه‌ی رۆمان باس له‌خه‌مۆكی مه‌زن و جه‌نگی دووه‌می جیهانی و هێرۆشیما و جه‌نگی سارد و كۆمۆنیزم. له‌وانه بریتی بوون له رۆمانه به‌ناوبانگه‌كانی وه‌ك "به‌ره‌و فانۆسی ده‌ریایی" له ساڵی 1927 له‌لایه‌ن رۆماننووس ڤێرجینیا وۆلف. هه‌روه‌ها "یۆلسیس" له 1821 له‌لایه‌ن رۆماننووس جه‌یمس جۆیسه‌وه. یه‌كێكی دیكه رۆمانی "به‌ره‌ی خۆرئاوا ئارامه" له 1929 كه به‌ناوبانگترین رۆمانی دژه‌جه‌نگه له‌سه‌ر جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی نووسراوه له‌لایه‌ن رۆماننووس و رۆژنامه‌نووسی ئه‌ڵمانی ئیرخ ماریا ریمارك. رۆمانی "هه‌راو تووڕه‌یی" ولیه‌م فۆكنه‌ر له 1929 باس له پووكانه‌وه‌ی باشوور ده‌كات دوای جه‌نگی ناوخۆدا. رۆمانی (داستانی قه‌ڵای دمدم) ی عه‌ره‌بی شه‌مۆ له‌نێو رۆمانێكدا دایڕشتووه. یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و نموونانه.
گه‌رچی ئه‌م داستانه مێژووییه به چه‌ند شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕدرێته‌وه. به‌ڵام نووسه‌ر رۆمانه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی راسته‌قینه له‌چوارچێوه‌ی رووداوێكی مێژوویی نووسیوه‌ته‌وه، تیایدا ئازایه‌تی و نه‌به‌ردی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌دیار خستووه كه ئامانجی سه‌ره‌كیان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و زۆرداری و به‌رگری بووه له‌خاك و ئاویان، تاكو بتوانن بوونی سروشتی خۆیان بسه‌لمێنن.