جاربه‌جارێ سه‌یری ده‌روونت بكه‌

10:34 - 2023-02-23
ئەدەب و هونەر
418 جار خوێندراوەتەوە
#شاعیر و رۆماننووس عەتیە عەتارزادە

«راهنمای مردن با گیاهان دارویی-رابه‌ری مردن به‌ گیا ده‌رمانییه‌كان» یه‌كه‌م رۆمانی عه‌تیه‌ عه‌تارزاده‌یه‌ كه‌ چاپی یه‌كه‌می به‌هاری (2008) بڵاوبۆته‌وه‌. گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ كچێكی مێردمناڵی ته‌نیا و نابینایه‌، لەگەڵ دایکی دەژی، دنیاكه‌ی له‌ سنووری خانوویه‌كدایه‌ كه‌ ئێستا به‌ باشی شاره‌زای درێژی و پانییه‌كه‌تی، كچۆڵه‌كه‌ پێی وایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ هیچ شتێك چاوه‌ڕوانیان ناكات. ئه‌م كچه‌ به‌هۆی دایكییه‌وه‌ له‌ ئیشی گیای ده‌رمانیدا شاره‌زاییه‌كی زۆری په‌یداكردووه‌. عه‌تیه‌ عه‌تارزاده‌ شاعیر و دۆكیۆمێنتاریشه‌. دۆكیۆمێنتاریی وه‌كو «حه‌ڤده‌ ساڵه‌كان» و «چله‌ی داركاژه‌كان»ی دروستكردووه‌ و دوو كۆمه‌ڵه‌ شیعریشی بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌م دیمانه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ رۆمانی یه‌كه‌می، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و باقی بواره‌كانی ئیشكردنی و سه‌لیقه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا قسه‌ ده‌كات.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

2-1

*دانانی نابینایەك بە گێڕەرەوە و رەسمكردنی جیهان لە روانگەی ئەوەوە، هەمیشە بڕیارێكی مەترسیدار بووە بۆ نووسەر. چۆن ئەم بڕیارەت دا؟
-
كاتێك دەستم بە نووسینی ئەم رۆمانە كرد دەمەویست لە مانای راستەقینەی "بینین" بكۆڵمەوە. تەنیا مەبەستم لە بینین نییە بە چاو، بەڵكو مەبەستم لە شێوازی وریابوونەوەی دەروونە. كارەكتەری سەرەكی من سەرەتا دایكێك بوو كە كچێكی نابینای هەبوو. بەڵام هەرچەندە زیاتر چوومە پێشەوە بینیم كاتێ بینین بە مانای ئاسایی لەو كارەكتەرە وەربگریتەوە، ئەوكاتە دەتوانیت تێبگەیت بینین یانی چی. ئەوسا دڵنیا بووم كارەكتەرەكەم دەبێت نابینا یان كوێر بێت. بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی دیكە جیهان بدۆزێتەوە. نووسینەكە سەبارەت بە مرۆڤێكی نابینایە و بەپێی رۆمانەكە لە جێگایەكی دیاریكراودا دەژی، ئەمەش ئەو توانایەت پێدەبەخشێت لە چەمكی بینین بكۆڵیتەوە.

*تۆ لە رۆمانی "راهنمای مردن با گیاهان دارویی" گێڕەرەوەیەكی دەروونگەرات هەیە كە لە ناخی خۆیەوە دەڕوانێ و هەتا ئێستا لە ماڵ نەچۆتە دەرەوە. كاتێك گێڕەرەوەیەكی وا هەڵدەبژێریت خۆت لە خانوویەكدا لە قاڵب دەدەیت، واتە هەڵبژاردنی ژینگەیەك بە كارەكتەری كەم و بیروڕاكانی گێڕەرەوەوە. رووداوت نییە. بڕیارێكی ئاوا لە رووی نووسینەوە چ سەختییەكی تێدابوو؟
-
دەبوو چەند رێگایەك بدۆزمەوە كە چۆن كارەكتەرەكەم لەو حاڵەتەدا دەتوانێت جیهان بناسێت. یەكەم: ئەو كڵاوڕۆژنانە كامانەن كە لێیانەوە سەبارەت بە جیهانی دەرەوەی خۆی هۆشیاری دەستدەكەوێت و ئەو شتانە چین كە سەبارەت بە جیهانی دەرەوەی خۆی هۆشیاری بۆ دروست دەكەن. دووەم: لە چ هەلومەرجێكدا ئەو هۆشیارییە دەكات بە هی خۆی. لە راستیدا بەلای منەوە رۆمانەكە، بریتییە لە پڕۆسەی ئەو هۆشیارییە. كاتێك گێڕەرەوەیەكت هەیە نابینایە و لە فەزایەكی دیاریكراودا دەجووڵێت، لە كاتێكدا خۆت ئەو ئەزموونەت نییە، دەبێت بزانیت چۆن بە دەستلێدان، بۆنكردن و باقی هەستەكان دنیا دەناسێت بۆ ئەوەی خوێنەر كاتێك دەیخوێنێتەوە وابیرنەكاتەوە لەوانەیە ئەو كەسە چاوساغ بێت. بەهەرحاڵ كارەكتەرەكەی ئێمە بە مناڵی چاوساغ بووە و دەزانێت جیهان بە چ شێوەیەكە، بەڵام ئەو بینینە شێوازەكەی گۆڕاوە و دەبێت ئەم گۆڕانكارییە قابیلی باوەڕپێكردن بێت. لەوانەیە لە جێگایەكیشدا ئەمەم لە دەستدەرچووبێت، بەڵام گرنگ بوو خوێنەر لە جێگایەكدا هەست نەكات لە چیرۆكەكە چووەتە دەرەوە. لە پێداچوونەوە یەك لە دوای یەك و جیاوازەكاندا هەوڵم داوە ئەم رەوتە چاك بكەمەوە.

*بیرۆكەی یەكەمی رۆمانەكە لە كوێوە هات؟ بیرۆكەی یەكەم هەمان بابەتی "بینین"بوو یان چیرۆكی كچێك كە لەگەڵ دایكیدا دەژی و دایكی بەرەو ئاوابوونە؟ بیرۆكەكە لە نابیناییەوە هات یان لە بەسەرهاتەكەوە؟
-
من هەمیشە سەرەتا وێنەیەكم هەیە، پاشان دەستدەكەم بەوەی مانا بۆ ئەو وێنەیە پەیدا بكەم. ئەو وێنەیەی سەرەتا كە چەند ساڵێك پێش دەستكردن بە نووسین  هەمبوو، دایكێك بوو كە لە "بورجی شەمسی تەبرێزی لە خوی" دەمبینی كە كچێكی حەڤدە هەژدە ساڵی نابینای هەیە و ئەم ژنە چەندین ساڵە ئەم كچەی لە ماڵەوە زیندانی كردووە. ئەوە ئەو وێنەیە بوو كە هەمبوو. گرتەیەك بوو. بیرم دەكردەوە چیرۆكی ئەم گرتەیە چییە، پاشان وردە وردە تێگەیشتم بابەتی سەرەكی ئەو كچە و چەمكی بینینە. ئیتر گەشەم پێدا. ئەمە بریسكەی سەرەتا بوو، بەڵام بەدرێژایی كات زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هات. ئەسڵەن ئەو بورجە لە رۆمانەكەدا نییە و كارەكتەری سەرەكیش دایكەكە نییە.

*یەكەمجار كە لە ماڵ دەردەچێت و جیهان دەبینێت، چ شتێك دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەم شۆڕشە بەرپا بكات؟
-
كاتێك ئێمە باسی وریابوونەوە دەكەین هەمیشە پێش ئەوە هەلومەرجێكی دەروونی بنەمای شتەكە بووە، بۆیە كەسەكە هۆشیار بۆتەوە، كە ئەو هەلومەرجە هەموو واقیع نییە. ئێمە ناسنامەیەك بۆ خۆمان دروست دەكەین، ئەم ناسنامەیە چەمكی "من" دروست دەكات و من باوەڕم بەو ناسنامەیە هەیە. هۆشیاربوونەوە كاتێ روودەدات كە ئەو ناسنامەیە كێشەی بۆ دروست دەبێت. ناسنامەكە بەرەو شكان دەچێت. ئێستا ئیتر لەوانەیە شكانەكە ببێتە هۆی حاڵەتێكی شیزۆفرینیا، نەتوانیت پارچەكانی كۆبكەیتەوە كە لەوانەیە بەشێكی لای ئەو كچە روویدابێت. لە جێگایەكیشدا دەتوانیت ئەو پارچانە كۆبكەیتەوە و دووبارە یەك مانای تازە و ناسنامەیەكی تازەی لێ دروست بكەیت. تەقریبەن هەموومان لە مێردمناڵیدا بەشێوەیەك ئەزموونێكی وامان هەبووە. بیرم لەوە دەكردەوە لەو فەزایەدا چ شتێك دەتوانێت "من"ی كچەكە بشكێنێت؟ مردن و عەشق دوو بنەمای بەهێزن كە بە شێوەیەكی سروشتی ئێمەی مرۆڤ كاتێك رووبەڕووی مردن یان عەشق دەبینەوە، من مان دەشكێنن. كەواتە پێویستم بە فەزایەك هەبوو كە لە شوێنی هەمیشەیی بێتە دەرەوە و بەجۆرێك رووبەڕووی ئەو دوو بنەمایە ببێتەوە. بەلای منەوە هەمیشە لە ژیانی تایبەتیمدا عەشق لە مردن بەهێزتر بووە. لەوانەیە بەلای كەسێكی ترەوە مردن بەهێزتر بێت و ئەو شكانە دروست بكات. هاتنەدەرەوە و چوون بۆ كاشان و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ عەشقدا فەزایەك بوو بەو مەبەستە دروستم كرد.

*لە كۆمەڵێ لاپەڕەی كتێبەكەتدا وێنەی  سادە و ساكارت بە هەندێ شرۆڤەی كورتەوە سەبارەت بە گیا دەرمانییەكان داناوە. بۆچی ئەم وێنانەت لە رۆمانەكەتدا داناوە؟
-
بەشێكی بڕیارێكی زۆر تایبەتییە و لە جوانناسی جیایە. زۆر حەزم لە كتێبە كۆنەكانە كە هەموویان پەراوێزیان هەیە. لە سەرەتای نووسیندا، پێم وابوو لاپەڕەكانی كتێبی چاپكراو دەبێت بەو شێوەیە بێت. دەڵێی شتێك لەو كتێبانەی تێدایە كە دایكم دەیخوێندنەوە. چەندین جار دەگوترێت بڕیارە ئەم كچە كتێبێك سەبارەت بە رێبەری گیا دەرمانییەكان بنووسێت. دەڵێی شتێك لەو كتێبە لە مێشكی كچەكەدا لێرەدا رەنگی داوەتەوە. پێكهاتەیەك بوو لەوانە كە هەستم دەكرد دەبێت لە كتێبەكەدا هەبێت. زۆرزانی و هەستێكی دروست دەكرد. بڕیارێك بوو كە هەتا دوا سات هەندێك دەیانگوت باشە و هەندێكیش دەیانگوت خراپە، ئێستاش بێگومان خوێنەرانێك پەسەندی دەكەن و خوێنەرانێكیش رەتی دەكەنەوە.

*بە رێكەوت چاوپێكەوتنی پێشوومان لەگەڵ "هادی مەعسوم دۆست" بوو كە ئەویش وەكو تۆ دۆكیۆمێنتارە. یان سەرەڕای نووسەری، دۆكیۆمێتاریشە. تۆش سەرەڕای ئەمە لە بواری سێهەمیشدا چالاكیت هەیە كە ئەویش شیعرە. چۆن لە نێوان ئەم سێ بوارەدا پەیوەندی دروست دەكەیت؟
-
كەواتە وێنەكێشانیشی بخەرەسەر. وەكو چوارەم بوار! لە نێوان هونەرەكاندا دەتوانیت لە دوو لایەنەوە پەیوەندی دروست بكەیت. یەكێكیان لە رووی تەكنیكەوە و ئەوی تریان لە رووی خواست و ئەو جیهانەوە كە هەیانە. لە كۆلیجی سینەما و شانۆ نامەی كۆتایی بەكالۆریۆسەكەم دەربارەی پەیوەندی سینەمای شەپۆلی نوێی پێش شۆڕشی ئیسلامی و شیعری هەمان قۆناغ بوو. لە رووی فۆرم و جیهانبینییەوە لێكۆڵینەوەم لەسەر دەكردن. رووكەشی ئەوەیە كە یەكەی پێكهێنەری سینەما گرتەیە و لە شیعریشدا وشەیە. بەڵام لە شیعردا من لەتكردن لە سینەماوە فێربووم. لە سینەمادا گرتەیەك لە تەنیشت گرتەیەكی ترەوە دادەنێیت و لە بەدوایەكداهاتنیاندا مانای سێیەم بەدەست دێت. لە شیعردا دوو نیوەدێڕ یان دوو وشە لە تەنیشت یەكەوە دادەنێیت مانا دروست دەكەیت. هەزاران جار پێیان گوتووم تەنیا یەكێك لەم بوارانە هەڵبژێرە، بەڵام بەلای منەوە ئەمە كاریكردە نییە. هەر ماوەیە لەگەڵ یەكێك لەم بوارانەدا پەیوەندی دروست دەكەم و بەلای منەوە زۆر كات یەك شتن. ئەو شتەی كە ئەم  بوارە جیاوازانە دەكات بە یەك جیهان، سەرچاوەی ئەو هاوبەشییەیە كە لە هەریەك لەم هونەرانەدا دەیبینم. ئەو جیهانە هاوبەشەی كە بە مامناوەندی هاوبەش هەوڵ دەدەیت ئاشكرای بكەیت و وەكو دەڵێن پیشانی بدەیت. فێربوونی تەكنیكی بوارێك سێ چوار ساڵ ئیشی بەردەوامی پێویستە. بە سێ چوار ساڵ ئیشكردن، تەكنیكی وێنەكێشان بە شێوەیەكی ئاسایی فێردەبیت. شیعر و رۆمانیش بە هەمان شێوە، باقییەكەی ئەو روانینەیە كە تۆ بۆ جیهانی دەوربەرت هەتە. بە شێوەیەكی تایبەتی بەلای منەوە شیعر لە ریزی یەكەمدایە. لە هەموویان قورسترە و لە هەمانكاتدا نزیكترینە لە منەوە، پاشان بە هەمانشێوە دوورتر دەكەوێتەوە تا دەگاتە دۆكیۆمێنتاری كە لە منەوە دوورترە. یەكەم شیعرە و دواتر رۆمان پاشان وێنەكێشان و دواتر سینەما. بەڵام هەستی من ئەوەیە كە هەموویان یەك شتن.

*رۆمانی"عیار ناتمام"ی "هادی مەعسوم دۆست" لە ئیشە سینەماییەكانی دەچێت، بەڵام رۆمانەكەی تۆ دەروونییە، لە كاتێكدا هەر دۆكیۆمێنتارێك گیرۆدەی دنیای پڕ بەرزی و نزمی دەرەوەیە و دۆكیۆمێنتاری شتێكە دەبێت لە ماڵەكەت بۆی بێیتە دەرەوە.
-
سەرنجیڕاكێشیی دۆكیۆمێنتاری بەلای منەوە هەمیشە بینین و واقیع بووە. من لە خۆم دەهێنێتە دەرەوە و بە شتێك ئاشنام دەكات كە لە دەرەوەی خۆمە و روودەدات و داوام لێدەكات كاردانەوەم هەبێت بەرامبەری. هەمیشە بەلای منەوە راهێنانێكی سەرنجڕاكێش بووە. بەڵام ئەدەب توانایەكی لەڕادەبەدەری هەیە بۆ خەیاڵ. هەموو ئەم جیهانە هی تۆیە. من قەت حەز ناكەم چیرۆكێك بنووسم زۆر واقیعی بێت. هەڵبەتە دۆكیۆمێنتاریش خەیاڵی تیایە و من زۆر حەزدەكەم ئەزموونی بكەم، بەڵام هێشتا نەمتوانیوە ئەوە بكەم.

سەرچاوە:  vinesh.ir  

بابەتە پەیوەندیدارەکان